گرفت و رێگەچارە

ئەگەر نەبم بە پزیشک لەوانەیە شێت بم

11:16 - 2024-09-16
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
73 خوێندراوەتەوە

11

من قوتابیەكی پۆلی دوانزدەم و حەز دەكەم نمرەی بەرز بهێنم  لەهەموو ساڵەكانی تری خوێندنم هەر یەكەم بووم، بەڵام پارساڵ بەهۆی ترسەوە (85)م بۆ هاتەوە و وانەیەكیشم مابوو، بۆیە خۆم بۆ ئەمساڵ هێشتەوە، بەڵام دەترسم ئەو نمرەیەی خۆم دەمەوێ‌ بۆم نەیەت، ئەگەر ئەو نمرەم بۆ نەیەت كە خۆم دەمەوێ‌ لەوانەیە شێت ببم، چونكە هەر دەمەوێت كۆلێژی پزیشكی تەواو بكەم، وەك هاوڕێكانم دەڵێن كۆلێژەكانی تر وەك كۆلێژی پزیشكی پاشەڕۆژیان باش نییە و وەك ئەوە وایە كە هەر بڕوانامەی ئامادەیت هەبێت، من چیبكەم بۆ ئەوەی ئەو نمرەیەی خۆم دەمەوێ‌ بیهێنم؟

پێویستە بەڕێزتان و هەموو خوێندكارە خۆشەویستەكانیتریش ئەو راستییە بزانن، كە جیاوازیی لە نێوان مرۆڤەكاندا هەیە

 

بەڕێزەكەم! جارێ‌ ئەو نازناوەی كە بۆ خۆت هەڵبژاردووە (بەدبەخت) جۆرێكە لە رەشبینی و بیركردنەوەی نەرێنی، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا باری دەروونی مرۆڤ ئاڵۆز دەكات، وای لێدەكات هەست بەكەمی بكات و وەك پێویست خۆسازاندنی دەروونی نەبێت. من نازانم تۆلە چیت كەمە تا بە خۆت بڵێیت بەدبەخت. بەڕێزەكەم! شتێك نییە بەناوی بەخت، واتە كەسێك بەختی هەبێت و كەسێك بەختی نەبێت، بەڵكوو قۆستنەوە و سوود وەرگرتنە لە دەرفەتەكانی ژیان، هەندێك كەس لە رێگای پلانی زانستییەوە، لە زۆربەی كارەكان سەركەوتوو دەبن و هەندێكجاریش سەركەوتوو نابن، واتە كاتێك سەركەوتوو نابێت، مانای ئەوە نییە بەختی نییە، بەڵكوو سەرنەكەوتنی مرۆڤ پەیوەندیی بەو هۆكار و رێكارانەوە هەیە كە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی دەیگرێتە بەر، دەتوانیت بڵێیت، پارساڵ لەبەرئەوەی هەوڵدانەكانم و ئەو رێكارانەی گرتبوومنە بەر، وەك پێویست نەبوون، ترسابووم و دڵەڕاوکێم هەبوو، کەواتە سەركەوتوو نەبووم، نەك بەختم نەبووبێت.

زاناكان سەلماندوویانە
پێویستە بەڕێزتان و هەموو خوێندكارە خۆشەویستەكانیتریش ئەو راستییە بزانن، كە جیاوازیی لە نێوان مرۆڤەكاندا هەیە و هەر گروپ و دەستە و تاقمێك توانا و بەهرەی جیاوازی هەیە، بۆ هەندێك پیشە گونجاون و سەركەوتنیان تێدا بە دەست دەهێنن، بەڵام بۆ هەندێك پیشەیتر گونجاو نین و نمرەش هیچ كات پێوەر نییە بۆ سەركەوتن و بەختەوەریی مرۆڤ، زاناكان ئەوەیان سەلماندووە كە چەندەها جۆر زیرەكی هەن و یەكجۆر زیرەكی نییە، بەڕێزتان تێستتان بۆ نەكراوە بۆ ئەوەی بزانن چ جۆرە زیرەكیەكتان هەیە و لە چ بوارێكدا سەركەوتوو دەبن، بەڵام تەنیا ئەو حەزو و ئارەزووەی بەڕێزتانە كە حەز بە كۆلێژی پزیشكی دەكەن، هیچ كێشە نییە و ئەمساڵ خۆت ئامادە بكە و هەر لەسەرەتای ساڵەوە رۆژانە لەناو پۆل ئامادە ببە و ئاگاداری راڤەكردن و تێبینیەكانی مامۆستاكانی بابەتەكان بە ، بە پێی پلان و خشتەیەكی زانستی، دوای تەواوبوونی خوێندن، قوتابخانەكەت و رۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە و نانخواردن و پشوودان، دەست بە كۆشش بکە لەو بابەتانەی ئەو رۆژە خوێندوتە، هەروەها دواتر خوێندنەوەی ئەو بابەتانەی كە بەیانی دەیخوێنن، هەروەها پێویستە لە بابەتەكان تێبگەیت و ئەزبەر (درخ)ی نەكەیت و واز لە نازناوی بەدبەختیش بهێنە، گەشبین بە بە داهاتووی خۆت و پشتیوان بە خودا ئەو نمرەیەی دەتەوێت بە دەستی دەهێنیت، ئەگەر ئەو نمرەیەشت بە دەست نەهێنا، خۆ كۆتایی ژیان نییە و با هەڵبژاردەی دووەم و سێیەمت هەبێت، چونكە هەموو پسپۆڕییەكانیتریش پێویستن بۆ ژیان، مەرجیش نییە هەركەس حەزی لە چی بوو ئەوە بێتە دی، وەك دەڵێن ئەوەی لای مرۆڤ خەون و خەیاڵە، لەلای خودا بەتاڵە.

لەوانەیە خێری تێدا بێت
لە بیریشمان نەچێت، دەرگاكانی ژیان زۆرن، ئەگەر دەرگایەكیش دابخرێت، خودای گەورە چەندەها دەرگای ترمان بۆ دەكاتەوە، هەروەها زۆرجار ئەوەی ئێمە حەزی لێدەكەین، لەوانەیە داهاتووی باش نەبێت و بە قازانجمان تەواو نەبێت، بەڵام ئەو شتەی رقمان لێیەتی و بە دڵمان نییە لەوانەیە خێری تێدا بێت، وەك چۆن خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا پێمان دەڵێت (لەوانەیە تۆ رقت لە شتێك بێت و پێت خۆش نەبێت، بەڵام ئێوە نازانن و خێری ئێوەی تێدایە وەك چۆن ئێوە حەز بە شتێك دەكەن، بەڵام ئەگەر ببێت شەڕی تێدایە)، سەرەڕای ئەوەش دەرفەتەكانی ژیان زۆرن بۆ نموونە ئەگەر نمرەكەت بەرز نەبوو لە كۆلێجی پزیشكی وەرنەگیرایت، دەتوانیت لە كۆلێجی ڤێرتێنەری یان زانست بەشی بایۆلۆجی یان شیكاریی نەخۆشییەكان یان پەیمانگای پزیشكی و تەندروستی درێژە بە خوێندن بدەیت، ئەگەر ساڵی یەكەم لەو كۆلێجانە یەكەم بویت، ئەوا بۆ ساڵی دواتر یەكسەر بە بێ‌ هیچ كێشەیەك لە كۆلێژی پزیشكی وەردەگیرێیت، لەبەرئەوەی ئەوە یاسا و رێسای وەزارەتی خوێندنی باڵایە، پێش تۆ چەندەها خوێندكاریتر كە لەوێ‌ یەكەم بوون بۆ ساڵی دواتر چوونەتە كۆلێژی پزیشكی و زۆریشیان دەرچوون و ئێستا پزیشكن.

هاوڕێکانت شارەزا نین
باشە هاوڕێكانت لەو تەمەنەی تۆدان و خۆ شارەزای وەزارەتی خوێندنی باڵا نین و پرۆفیسۆری ئەو بوارە نین، چۆن تۆ گوێ‌ لەوانە دەگریت و بڕوا بەوە دەكەیت كە تەنها كۆلێژی پزیشكی كۆلێژە، ئەی ئەوانیتر چین؟ بەڕێزەكەم  هەموو ئەوانەیتریش كۆلێژن، هەریەكە و پسپۆڕی خۆی و پاشەڕۆژی خۆی هەیە و سەدان دەرچووی ئەو كۆلێژانە داهاتوویان لە داهاتووی دەرچوانی كۆلێژەكانی پزیشكی باشترە و بەختەوەریشن، ئەگەر هەر حەزیشت لە دكتۆرایە، ئەوا لە هەر كۆلێژێكی تر وەرگیرایت، ئەوا دەتوانیت دوای دەرچوونت لە زانكۆ درێژە بە خوێندن بدەیت و ماستەر و دكتۆرا تەواو بكەیت و ببیت بە دكتۆر و مامۆستا لە كۆلێژەكەی خۆت، سەیر بكە ملیۆنان كەس لە هەموو جیهان داهێنەر و سەركەوتوون و بەختەوەرن بە بێ‌ ئەوەی كۆلێژی پزیشكی یان هیچ كۆلێژێكیتریان تەواو كردبێ‌، كەواتە مانای چییە ئەگەر كۆلێژی پزیشكی تەواو نەكەیت شێت دەبیت، بۆچی شێتی هەر ئاوا ئاسانە و  ئەگەر مرۆڤ لە كۆلێژێك وەرنەگیرێت ئیتر شێت دەبێت، بەڕێزەكەم شتی وا نیە، تۆ بەهەڵە تێگەیشتوویت. لەلایەكیتریشەوە چۆن كۆلێژ تەواو بكەیت هەروەك ئەوە وایە ئامادەیت تەواو كردبێت، ئەمە قسەی كام عاقڵ و شارەزایە؟!

 

 

گەشبین بە
بۆ زانیاریی بەڕێزتان ئێستا لە زۆر وڵات لای خۆشمان بواری وەك ئای تی و كۆمپیوتەر و زیرەكیی دەستكرد و چارەسەریی كێشە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان و دەیان پسپۆڕیتر، پاشەڕۆژی زۆر باشیان هەیە، ئەگەر یەكێك لە بواری وەرزش بەهرەی هەبێت، بچێتە كۆلێژی پەروەردەی وەرزش و یاریزانێكی سەركەوتووی وەك (میسی یان رۆناڵدۆ)ی لێدەربچێت یان بچێتە كۆلێژی هونەرە جوانەكان و هونەرمەندێكی سەركەوتووی وەك (عادل ئیمام یان مستەر بین یان شارلی شاپلین ...هتد)ی لێدەربچێت، ئەوەندەی دەیان دكتۆری پارە دەست دەكەوێت و بەناوبانگتریش دەبێت، ئیتر تۆ بۆ هەر بە كۆلێژێكی دیاریكراوەوە گرتووتە؟ لەبیریشت نەچێت لە هەموو هەرێمی كوردستان، چەند پزیشكێك زۆر سەركەوتوون و بەناوبانگن و داهاتی باشیان هەیە، لەكاتێكدا زۆر ئەندازیار و بازرگان و خاوەن پیشەیتر، زۆر دەوڵەمەندتر و بەختەوەرترن لە زۆر پزیشك، كەواتە گەشبین بە، پشتیوان بەخودا، ئەوەی باشە و خێری تێدایە دەستت دەكەوێت و سەركەوتوو دەبیت .

وتارەکانی نوسەر