لەگەڵ ئەوەی ئێستا كەركوك لەرووی ئەمنییەوە بە دەستی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوەیە، بەڵام بەدەستهێنانەوەی ئیدارەی شار و پارێزگاكە لەلایەن كوردەوە، رەنگە روبەرووی توندوتیژیی و هەوڵی تیرۆریستی بكاتەوە، لەلایەن ئەو هێز و رێكخراوە تیرۆریستیانە مەبەستیانە هەم لەهاووڵاتی و هەم ئیدارەی كوردی لەو پارێزگایە بكەنە ئامانج، هاوشێوەی ساڵانی دوای 2003، كە زیاتریش مەبەستی تیرۆریستان و هەروەها لایەنە شۆفێنییەكان لێدان و هەروەها لاوازنیشاندانی ئیدارەی كورد بوو لە كەركوك.
ئیدارەی كورد دوای روخانی رژێمی بەعس
ناوچە كوردییەكانی پارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین و نەینەواو دیالە، لەسەرەتای دروستبوونی عیراقەوە وەكو دەوڵەتێك لەسەر دەستی ئینگلیز لە بیستەكانی سەدەی رابردوو، هەوڵی تەعریبكردنی درا لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقەوە، هەرچەند سەرەتا بەڵێنی ئەوەیان دا ئیدارەی ئەو شارو ناوچانە كوردی بن و بەزمانی كوردیش لەو ناوچانەی كورد زۆرینەیە لە قوتابخانەكان بخوێنرێت.
دواتر كە حكومەتی پاشایی دەسەڵاتەكەی چەسپا، كەمە كەمە لە بەڵێنەكانی پاشگەزبۆوە، بۆ نموونە سەرەتا خوێندن و دواتریش ئیدارە لەدەستی كورد دەرهێنرا، دوای نەمانی پاشایی و هاتنی كۆماری و دواتریش بەعسییەكان، سیاسەتی زەبرو زەنگ پەیڕەو كرا بۆ لەناوبردنی كورد و ناسنامەی ئەم نەتەوەیە لەكەركوك و ناوچە كوردییەكانی كە ئێستا بە ناكۆك لەنێوان هەرێم و بەغدا ناو دەبرێت.
مەبەست لێرەدا ئەوەیە، شۆفێنستانی عیراق، هەرگیز چاویان بەرایی نەهاتووەو نایات، كورد ئیدارەی كەركوك و ناوچەكانی تری كوردستانی دەرەوەی هەرێم بدات، بۆیە دوای روخانی رژێمی بەعس و گرتنەدەستی ئیدارەی كەركوك و بەشێك لەناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن كوردەوە، هەم لایەن هێز و كەسایەتییە شۆفێنی و هەروەها رێكخراوە تیرۆریستییەكان، بەچڕی و توندی كاریان لەسەر كەركوك و ناوچە كوردییەكانی نەینەواو دیالە و سەڵاحەدین كرد، ئەو ناوچانە روبەرووی هەڵمەتێكی گەورەی تیرۆر و تەقینەوەو كوشتن و ترس و تۆقاندن بوونەوە، سەدان هاووڵاتی و كەسایەتی كوردیش بوونە قوربانی دەستی تیرۆر لەو ساڵانەدا، لایەنە شۆفێنییەكانیش ئەو حاڵەتیان دەقۆستەوە بۆ نیشاندانی ئەوەی گوایە كورد لەرووی ئیدارەو ئەمن و ئاسایشەوە لاوازەو ناتوانێت كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ئیدارە بدات و بپارێزێت، لەكاتێكدا خودی ئەو هێز و لایەنە شۆفێنیانە هاندەری توندوتیژی و لێكترازانی نێوان پێكهاتە و نەتەوەو ئاین و ئاینزای ناو كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بوون و رێگریش بوون لە جێبەجێكردنی مادەی 58 ئەنجوومەنی حوكمی عیراق و دواتریش 140ی دەستووری عیراقی تایبەت بە چارەسەركردنی بارودۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.
پێویستە ئیدارەی كەركوك زۆر بە ئاگاییەوە مامەڵە بكات و وریا بێت لە هەوڵی تیرۆریستان و لایەنە شۆفێنیەكانیش بۆ تێکدانی بارودۆخی پارێزگاکە
كەركوكی ژێر دەستی پارێزگاری بەوەكالەت
ئیدارەدانی كەركوك لەدوای روخانی بەعس، زیاتر لای كورد بوو بەهەڵبژاردنیش پارێزگارەكان لە كورد و یەكێتی بوون، ئەمە چ جای ئەوەی پاراستنی ئەمن و ئاسایشیش هەر لای كورد بوو، لە پۆلیس و ئاسایش، ئەمەش بەدڵی تەعریبچیان و هەروەها شۆفێنیان و گروپە تیرۆریستییەكانیش نەبوو، لەبەر ئەوە زۆرێك لەكەسایەتییە دیارەكانی كەركوك كرانە ئامانج و دەیان كەسیان تیرۆر كران، گەڕەك و ناوچە كوردییەكانیش كرانە ئامانجی تیرۆریستان بەتەقینەوە و تیرۆركردن، ناوچەكانی تری شارەكە بێ بەش نەبوو لە كاری تیرۆریستی و ترس و تۆقاندن و كوشتن، ئەوەش وەنەبێ تەنها لەكەركوك بووبێت، بەڵكو زۆربەی ناوچەكانی عیراقی گرتبۆوە بەتایبەت كە گروپ و لایەنە توندڕەوەكان دژ بە حوكمی تازەی عیراقیش بوون، كە كورد و ئینجا شیعە دەستی باڵایان هەبوو لەبەڕێوەبردنیدا، بەڵام ئەوەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لەشتێكدا جیاواز بوو، كە ئەویش بەئامانج گرتنی كورد وەكو هاووڵاتی و هەروەها كورد وەكو دەسەڵات و ئیدارە بوو.
دواجاریش بە نەمانی داعش وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی لەعیراق، جارێكی تر نەفەسی شۆفێنی لەعیراق هەلی بۆ رەخسا، بەتایبەتریش دوای مەسەلەی ریفراندۆم، سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عیراق گەڕانەوە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و پێشمەرگەش كشایەوە، پارێزگارێكی بەوەكالەتی عەرەب دانرا كە هەموو هەوڵێكی بۆ دژایەتی كورد بوو لە كەركوك و هەروەها دووبارە تەعریبكردنەوەی شارو پارێزگاكە، ئەوەی سەیریشە، تیرۆر و كوشتن و تەقینەوەش لەشارەكە نەما وەكو ئەوەی ئیدارەی عەرەبیان مەبەست بووبێت لەو پارێزگایە، پەیامێكیش نیشان بدەن كە عەرەب حوكم بكات، كوشتن و تەقینەوە نامێنێت.
كوردیش لەماوەی مانەوەی راكان جبوری لە پۆستی پارێزگار، دژایەتییەكی زۆر كراو، بەغداش هیچی لەو بارەیەوە نەكرد، ئەوەش دەسی ئەو كەسەی واڵا كرد، هەم بۆ تەعریبكردنەوەی ناوشار و هەمیش بۆ پاڵپشتی لەو هاوردە عەرەبانەی جارێكی تر گەڕابوونەوە بۆ داگیركردنی زەوی و زاری كورد لەسەرگەڕان و پەلكانەو باقی ناوچە كشتووكاڵییەكانی كورد و توركمان.
هەوڵی بەئامانجگرتنەوەی كورد و ئیدارەكەی لەكەركوك
خۆشبەختانە بەهەوڵ و حیكمەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هیمەتی كوردی دڵسۆزی كەركوك پارێزگا و ئیدارەی كەركوك هاتەوە ژێر دەستی ئەم میللەتە، هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی دوای روخانی رژێمی بەعس لە عیراق كورد و یەكێتییەك بوویەوە بە پارێزگاری كەركوك، كە لەسەرەتاوە هەوڵەكانی بۆ خزمەت شارەكەو دەوروبەری بەروونی دەركەوت، بێ جیاوازی كردن لەنێوان نەتەوەو مەزهەبێك یان ناوچەو ناوچەیەكی تری كەركوك، بۆیە ترس لەوەیە، جارێكی تر هەم شۆفێنیان و هەمیش تیرۆریستان، بكەونە دروستكردنی ئاژاوە لەو پارێزگایەدا، تیرۆریستانیش جارێكی جووڵە بكەنەوە بۆ لێدانی شارەكەو خەڵكەكەی و هەروەها بۆ نیشاندانی ئەوەی كورد ناتوانێت ئیدارەی كەركوك ئەمنییەتیشی بپارێزێت، بەتایبەت كە ئەمنییەتی ناو كەركوك لەلایەن پۆلیسەوە بەرێوەدەبرێت كە هەردەم لەژێر دەستی كورددا بووە.
حاڵەتەكانی ئەم دوو هەفتەیەی پێشووش، لە چەند ناوچەیەكی كەركوك، بەئامانجگرتنی كاروانێكی سوپا و هێزە ئەمنییەكان لەنێوان كفری و خورماتوو، هەروەها شەڕ و تەقەكەی سێكانیان و دواجاریش كوشتنی ئەو تیرۆریستانەی پشتێنی مینرێژكراویان بەستبوو بەنیازی بەئامانجگرتنی خەڵكی شارەكە بە بۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەرەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، دیارترین نموونەیە بۆ دووبارە جووڵەی تیرۆریستان لەناو كەركوك، بۆیە پێویستە ئیدارەی كەركوك زۆر بەوریاییەوە مامەڵە بكات و وریا بێت لە هەوڵی تیرۆریستان و لایەنە شۆفێنیەكانیش بۆ لێدانی ئیدارەی كورد لەو پارێزگایەدا.
بۆچی تیرۆرستان دەستیان بە جووڵە کردۆتەوە لە کەرکوک؟