شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سوریا بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات؟

09:48 - 2024-12-08
گۆران فەتحی
82 خوێندراوەتەوە

 
شەڕ و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی سوریا ئەوەندە بە خێرایی دەڕوات، قورسە بۆ شیكارانی سیاسیی دەرئەنجامەكەی و ئاراستەكەی بزانن، ئایا گۆڕانكاری تەواو لەو وڵاتە دروست دەكات و كۆتایی رژێمی ئەو وڵاتەی بەدوادێت، یان شەڕێكی ناوخۆیی نوێ لە سوریا دروست دەكات، كە چەندین نەتەوەو ئاین و تایفەی لەخۆگرتووە، بەتایبەت كە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بە سەرۆكایەتی تەحریری شام و پاڵپشتی توركیا، چەندین شار و شارۆچكەی گەورەی گرتووە و دەیەوێ دواجار دیمەشقی پایتەختیش ئابڵوقە بدات، بەمەبەستی كۆنترۆڵ كردنی.

پەرەسەندنی شەڕ لەسەر خاكی سوریا زۆر بە خیرایی دەڕوات، شەڕەكەش تەنها لەدەستی كورد وەكو هەسەدە و ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكایەتی تەحریری شام و هەتا سوپای رژێمی ئەسەدیشدا نییە

جووڵەی ئەمجارەو تەحریری شام
هێرش و جوڵەی گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وتەحریری شام، لە 27ی تشرینی رابردوو دەستی پێكرد، ئۆپۆزسیۆن توانی چەندین شار و ناوچە لەژێر دەستی سوپای ئەسەد دەربهێنێت، لە نموونەی حەلەب و حەما و دەرعا و ئێستا لە نزیكی شاری حیمسەوەشە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە سوپای سوریا ئەو ناوچە فراوانە لەدەست بدات لەوەتەی نارەزاییەكان لەو وڵاتە دروست بووە لە ساڵی 2011ەوە.
هێرشەكانی ئەمجارەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، كە توركیا پاڵپشتی سەرەكییانە، مەترسیی تەواوی بۆ سەر رژێمی دیمەشق دروست كردووە، رەنگە دوای یەكلاییكردنەوەی شەڕەكانیش لەگەڵ سوپای سوریا، روو لەناوچە كوردییەكان بكات، كە ئێستا هەسەدە بەرگرییان لێدەكات.

ئەبو محەمەد جۆلانی كێیە؟
ئەبو محەمەد جۆلانی كە سەرۆكایەتی گروپی تەحریری شام (نەسڕەی پێشوو) دەكات، كە هێرشەكانی بۆ سەر سوپای سوریا دەستپێكردووە، پێشتر لە ناو گروپی تیرۆریستی قاعیدەدا بووە، لە عیراقیش لەپاڵ داعش شەڕی كردووە.
جۆلانی لە چاپێكەوتنێكی كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكادا لەگەڵی، ناوی راستەقینەی خۆی ئاشكراكرد، كە ئەحمەد ئەلشەرعە و بەگەنجی چووەتە ناو گروپی تیرۆریستی قاعیدە و دژی سوپای ئەمریكا و عیراق شەڕی كردووەو زیندانیش كراوە، 
دوای دەرچوونی لە زیندان، گەڕاوەتەوە بۆ سوریا و بەرەی نوسڕەی تیرۆریستی سەر بە قاعیدەی دامەزراندووەو شەڕی سوپای سوریای كردووە، لە ساڵی 2016 جیابوونەوەی خۆی و بەرەی نوسڕەی لە قاعیدە راگەیاندووە و لە سەرەتاكانی ساڵی 2017 گروپی تەحریری شامی دامەزراندووە و شەڕی سوپا و حكومەتی سوریای كردووە.
جۆلانی لەگەڵ ئەوەی گروپەكەی خۆی لە رێكخراوی قاعیدە و داعش دوورخستەوە، بەڵام لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی خۆرئاواوە، گروپەكەی كە تەحریری شامە وەكو گروپێكی تیرۆریستی لەساڵی 2018دا پێناسەكراوەو بۆ گرتنی خۆشی ئەمریكا 10 ملیۆن دۆلاری دیاریكردووە.
جۆلانی كە لە 16ی ئایاری 2013 وەكو تیرۆریستێكی جیهانی لەلایەن ئەمریكاوە ناسراوە، بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوریا نفوزی زیادی كرد و توانی دەست بەسەر پارێزگای ئەدلیب لە باكووری خۆرئاوای سوریادا بگرێت، پێشتریش جۆلانی و گروپەكەی توانی دەست بەسەر حەلەبدا بگرێت، بەڵام لە 2016 ئەو شارەی لە دەستی دا.

كورد وەكو هێزێكی گەورەی گۆڕەپانەكە
كورد لە سوریا بەتایبەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە، كە ئیدارەی رۆجاڤای بەدەستەوەیە و هاوپەیمانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، هێزێكی هەرە تۆكمەو پڕ دیسپلینی سەر گۆڕەپانی سیاسیی سوریایە، ئەم هێزە توانیویەتی بەشێوەیەكی باش بەرگری لەناوچەكانی ژێر دەستی خۆی بكات، لەشەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا، تەنها ئەو ناوچانە نەبێت كە بەهۆی فشاری توركیا و هێزەكانی سەر بەو وڵاتە لەدەستی داوە.
هەسەدەش ئەگەر پاڵپشتیی ئەمریكا بەردەوام بێ بۆی، دەتوانێت هێزی سەرەكی و لەمپەڕی گەورەی بەردەم هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و رژێمی دیمەشقیش بێت، بەتایبەت كە ئێستا ئاڵۆزی بەشێوەیەكی گەورە ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە، كە ئەگەر هەیە پێكدادانی توندیش دواجار لە نێوان هەسەدەو گروپی تەحریری شام دروست ببێت، هەرچەند هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاندووە كە ئامادەی گفتوگۆ و دانوستانە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
ئەوەی لەسەر زەوی هەیە ئێستا لە سوریا، سێ ناوچەی نفوزە، ناوچەكانی ژێر دەستی كورد لە حەسەكە و رەقە و دێرەزۆر، ناوچەكانی ئەدلب و حەلەب و حەما و دەرعا لەژێر دەستی تەحریری شام و دیمەشق و باقی ناوچەكانی تر كە بە دەستی رژێمی سوریاوەن.
سەبارەت بە جووڵەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و مانەوەی سوپای سوریا لەهەندێ شوێن، ئەوا هەسەدە روونیكردۆتەوە، سوپای سوریا نەكشاوەتەوە لە حەسەكە و قامیشلۆ، ئاماژەی بەوەشكردووە، كە هەسەدە دەروازەی بوكەمالی سنووری لەگەڵ عیراق لەپارێزگای دێرەزۆر نەگرتووە، بەڵام تەواوی دێرەزۆری بەدەستەوەیە، دوای ئەوەی سوپای سوریای لێكشایەوە، رۆژی هەینی رابردوو، ئەمەش رامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ پشتڕاستی كردۆتەوە.
چەند سەرچاوەیەكی تریش جەختیان لەوەكردۆتەوە، كە سوپای سوریا لە بوكەمال و مەیادینی دێرەزۆر كشاونەتەوە بەرەو بادیە و دیمەشق، هەسەدەش چۆتە ئەو دوو ناوچەیە.

ئایندەی سوریا
پەرەسەندنی شەڕ لەسەر خاكی سوریا زۆر بە خیرایی دەڕوات، شەڕەكەش تەنها لەدەستی كورد وەكو هەسەدە و ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكایەتی تەحریری شام و هەتا سوپای رژێمی ئەسەدیشدا نییە، بەڵكو دواجار ئاراستەی شەڕ و كۆنترۆڵكردنی ناوچەكان لە دەستی هێزە گەورە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكاندایە، ئەمریكا وەكو پاڵپشتنی كورد و هێزەكانی سوریا دیموكرات، ئێران و روسیا وەكو پاڵپشتی رژێمی سوریا و توركیاش وەكو جوڵێنەر و پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گروپی تەحریر شام.

دابەشبوونی هەژموونی هێزە جیاجیاکان لەسەر خاکی سوریا تا رۆژی 7/12/2024

وتارەکانی نوسەر