گۆران فەتحی
ئەبو محەمەد جۆلانی «ئەحمەد حسێن ئەلشەرع»، سەرۆكی گروپی تەحریری شام و هاوپەیمانیی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانە، كە كۆتایی بەرژێمی بەشار ئەسەد هێنا لە سوریا، پێشتر لەناو رێكخراوی قاعیدە و هەروەها داعش ئەندامێكی دیار بووە و دواتریش بەرەی نوسرەی باڵی قاعیدەی تیرۆریستیی لە سوریا دامەزراندووە، ئێستا خۆی وەكو فریادەڕەسێك و شۆڕشگێڕێك پیشاندەدات لە سوریا، بەڵام ئایا بڕوا دەكرێت كەسێكی لەو شێوەیە بتوانێت واز لە فیكری تاریكپەرستی و توندڕەویی بێنێت و حكومەتێكی باش و دیموكراسیی لە سوریای دوای ئەسەد پێكبهێنێت؟
لە كاتێكدا سوریا وڵاتی نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاجیایە و دوای ساڵی 2011 و بەهاری عەرەبی بەدەست شەڕێكی ناوخۆییەوە ناڵاندوویەتی لە نێوان رژێمی سوریا و گروپە جیاوازەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەدا، بە گروپە تەكفیری و تیرۆریستییەكانیشەوە، ئەم چ جای شەڕی ئەو گروپانە لەگەڵ یەكتردا، كە گەلی سوریا بە گشتی باجی ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەی داوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارەی وڵاتانی تر بوون.
گەلی سوریا كە نزیكەی پەنجا ساڵ بەدەست حوكمی دیكتاتۆرییانەی بنەماڵەی ئەسەدەوە ناڵاندوویەتی، ئێستا و دوای رووخانی ئەو رژێمە، بەنجی خۆشیی رووخانی حوكمی دیكتاتۆرییانەی ئەو وڵاتە بووە، ئیتر ئەو رووخانە بەدەستی هەركێیەك بێت، لە كاتێكدا هێشتا سیاسەت و مامەڵەی ئەو گروپ و حوكمە تازەیە دەرنەكەوتووە، كە ئایا باشتر دەبێت یان خراپتر.
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی كەسایەتی جۆلانی، كە چەكدار و ئەندامێكی توندڕەوی نێو گروپە تیرۆریستییەكانی قاعیدە و داعش بووە، گەشبینییەكی وا بەدی ناكرێت، كە بتوانێت بەهەشتێك لە سوریا دروست بكات و دیموكراسیی بۆ سورییەكان بێنێتەدی و بیكات بە وڵاتێك كە جێگەی مافی رادەربڕین و بڕوا و ئازادیی تاكی تێدا بێتەوە؟
راستە جۆلانی كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەسەد هێنا، كە رژێمێكی دیكتاتۆریی بوو، هاوشێوەی بەعسی عیراقیش مامەڵەی لەگەڵ گەلەكەیدا دەكرد، هەروەها جۆلانی حكومەتێكی نوێی لە دیمەشق راگەیاند، كە ئەوەش جارێ سورییەكانی دڵخۆش كردووە، بەڵام وادیارە هێشتا جۆلانی رووە راستەقینەكەی خۆی دەرنەخستووە و چاوەڕوانە بارودۆخی ئەو وڵاتەی بە تەواوی بۆ یەكلابێتەوە، ئەگەر نا شایی خەڵكی ئەو وڵاتە دەكات بە شین، چونكە قورسە فیكری توندڕەو و تاریكپەرست بەشەو و رۆژێك بگۆڕێت، جۆلانی-یش كوڕی هەمان ئەو ژینگەیەیە كە چەندین سەركردەی توندڕەوەی قاعیدە و داعش و باقی گروپە تیرۆریستییەكانی لێ بەرهەم هاتووە، ئەمیش قورسە لەو قاعیدەیە دەرچێت.