بە سەدان و بگرە هەزاران هاووڵاتیی رۆژهەڵاتی كوردستان وەك پەنابەری سیاسی، یان كرێكار و كارمەند لە كۆمپانیا و پرۆژەكاندا لەناو هەرێمی كوردستاندا دەژین، بەڵام بوون و مانەوەی هەركەسێك لە شوێنێكدا پێویستی بە كەفالەت و پشتگیریی شوێنێكی باوەڕپێكراو هەیە، جا حزب بێت یاخود ئیدارەی كۆمپانیا و پرۆژەیەكی خاوەن مۆڵەت یان هەر شوێنێكی رەسمیی باوەڕپێكراو كە ئۆباڵ و بەرپرسیارێتی هەموو لایەنێكی ئەو كەسە بگرێتە ئەستۆ تا لەو رێگەیەوە دەزگا ئەمنیی و یاساییەكان بتوانن بەڵگەنامەیەكی رەسمی بەو كەسە بدەن بۆ راییكردنی كاروباری خۆی لە نیشتەجێبوون، كاركردن، سەردانی نەخۆشخانە، خوێندن و...هتد.
هاووڵاتی بێهزاد خوسرەوی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان كە هیچ حزبێكی رۆژهەڵات و تەنانەت ئەو شوێنەش كە كاری لێ دەكرد ئامادە نەبوون پشتگیریی و كەفالەتی بكەن، دیارە ئاسایشیش وەك دامەزراوەیەكی رەسمی لە هەرێمی كوردستانی عیراقدا بەگوێرەی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكان نابێت پێچەوانەی یاساكانی عیراقی فیدراڵ كاربكات، بۆیە نەیتوانی بەبێ كەفالەتی هیچ لایەنێكی رەسمیی تۆماركراو مافی مانەوەی پێ ببەخشێت، بۆیە بێهزاد كە لە پشتگیریی هەموو ئەوانە بێئومێد بوو، بژاردەی گەڕانەوەی بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵبژارد.
دیارە ئەم بابەتە زۆر لایەن كەوتوونەتە خواردنی نان و پیاز پێیەوە، بەتایبەتیش كە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران خۆی تا لێرە بووە و رووی لێناون، ئامادە نەبوون نامەیەكی پشتگیریی بدەنێ، ئێستا دوای ئەوەی بێهزاد گەڕاوەتەوە شاری سەقز، لێرەوە فرمێسكی ساختانەی بۆ دەڕێژن، لەكاتێكدا تائێستا ئەوە دووەم جارە پەیامی ڤیدیۆیی ئاراستەی ئەوان و ئەوانەش دەكات كە دەیانەوێت ماسی لە گۆمی لیخندا راو بكەن، دەڵێت: «وەك لە سلێمانی بێچارەتان كردم، وازم لێ بهێنن با بۆخۆم بژیم. بۆیە باشتروایە واز لە بێهزاد بهێنن و تۆمەتی بێبنەماش بۆ یەكێتی دامەتاشن، چونكە یەكێتیش بەشی ئەوە وریایە و دەستوخەتی ئەوانە دەناسێتەوە كە لەپشت نووسینی ئەو راگەیەندراو و بەیاننامانەوەن.
بەشی بەدواداچوونی سیاسی