مافی کورد و لێکتێنەگەیشتن لەگەڵ بەغدا

09:33 - 2024-09-19
عومەر قادر وسو
227 خوێندراوەتەوە

تا ئەم چرکەساتە کورد دەیەوێ لەڕێگای رێککەوتنی سیاسیی و هاوبەشیی نیشتمانییەوە کێشەو گرفتەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، نەک لەڕێگای دابڕان و توندوتیژییەوە، ناتەبایی و ناکۆکیی سەرەکیی هەرێمیش ئێستا لە عیراقدا لەگەڵ بەشێک لە شۆفێنیانی ئەم وڵاتەیە کە تارمایی و کاریگەریان بەسەر بڕیار و کاروبارەکانەوە دەبێنرێ و دەسەڵاتدارێتی بەسەر کوردەوە بە یەکێک لە پایەکانی حوکمڕانی دەزانن. 

هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک (بافڵ تاڵەبانی) بەڕێگا تایبەتییەکەی خۆی لە بەغدا و لەگەڵ پێکهاتەی عەرەبدا بە هەردوو مەزهەبەکەی و لایەنە سیاسییەکانی، ئاکامی باشی بەدیهێناوە

پەیوەندی کورد و عەرەب
بەشێکی بڕیاربەدەستانی ناوەند، زانیاری پێویستیان دەربارەی کێشەی کورد و مەینەتییەکانی نییە، یاخود خۆیان لە کێشەکان ناحاڵی دەکەن و بەداخەوە بۆ جارێکیش گوێ بیست نەبووین روناکبیرانی عەرەب، کۆڕێک، پانێڵێک، سیمینارێک لەسەر مەسەلەی کورد و کێشەکانی و پێکەوەژیانی نەتەوەکانی عیراق بکەن، لە کاتێکدا ئەم وڵاتە لە چەندین نەتەوە و مەزهەب پێکهاتووە، هەروەک خۆشمان زۆر خەمسارد بووین و نەمانتوانیوە رۆڵی پێویست ببینین، لە زۆر رووەوە کەم هەوڵمانداوە راو سۆزی شەقامی عەرەبی بەلای کێشەی کورددا رابکێشین، ئەوەی لەو بوارەدا هەوڵی جوامێرانەی  دەدا خوالێخۆشبوو (مام جەلال)بوو،  وەکو مەزنترین کەسایەتییە سیاسییە پێشکەوتوخوازەکانی کورد، کە راستەڕێکردنی رای عەرەب و شەقامی زۆر لا گرنگ بوو، هەوڵی بێوچانیشی دا بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو نەتەوە.

ئاشتکردنەوەی سوننە و شیعە
مام جەلال هەروەها رۆڵی گەورەی بینی لە ئاشتکردنەوەی پەیڕەوانی هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعە، لەئێستاشدا هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک (بافڵ تاڵەبانی) بەڕێگا تایبەتییەکەی خۆی لە بەغدا و لەگەڵ پێکهاتەی عەرەبدا بە هەردوو مەزهەبەکەی و لایەنە سیاسییەکانی ئاکامی باشی بەدیهێناوە، بە تایبەت کە هەمیشە جەخت لەهەماهەنگی و هاریکاری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە، ئەوەش گفتوگۆی بوونیادنەری هێناوەتە ئارا بۆ تێکشکاندنی بەربەست و ئاڵنگارییەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، هەروەها زامنکردنی ماف و داواکاریەکانی هەرێم.
لە راستیدا ئەرکی روناکبیرانی عەرەب و کوردە، کە دژ بە بیری نەتەوەپەرستی بوەستینەوە، کە هیچ پاساوێک بۆ دوژمنایەتی و ناتەبایی هەڵناگرێ و پێویستە تواناکان بەشێوەیەک یەکخەین کە باشترین بەرهەمی بۆ هەردوولا هەبێ،  ئەو راستییەش لەبەرچاو بگرین کە هەرکەسێ خواستی بێ، یەکێتی عیراق پارێزراو و پتەوبێ دەبێ سەرجەم مافەکانی کورد بسەلمێنێ، لەهەرێمیش پێویستیمان بەیەک گوتاری و یەک هەڵوێستییەو کارکردن لەو بابەتەش بۆ رۆڵی کورد و ئایندەی لەبەغدا زەرورە و پێویستە بەدواداچون بۆ پەیوەندیەکانمان لەگەڵ عەرەب بکەین، بەمەبەستی رێکخستنەوەو ئەکتیڤکردن وپتەوکردنی تا لەداهاتوودا سودی لێببینین.
ئەرکی گرنگی پارتە سیاسییەکانی هەرێم و بەتایبەتی (ی.ن.ک) خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، هەوڵەکانی چڕبکاتەوە لەڕێگای ئەو ستافە خۆبەخشە رۆشنفکرەی (المحاورون من اجل القضیة)، کە شەو و رۆژیان خستۆتە سەریەک، بەردەوام لە کەناڵە عەرەبییەکان توانیویانە  بیر و دنیابینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کێشەکان و سەرهەڵدانیان بگەیەنن بە نەتەوەی عەرەب لە عیراق و دەوروبەر و بە زمانێکی عەرەبی رەوان رۆڵی ئەکتیڤ ببینن، پێویستە رۆڵی ئەوان بە گرنگ بزانرێ و پشتیوانیان لێبکرێت.

گیانی تەبایی و یەکگرتوویی
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، هەردوو گەلی عەرەب و کورد پێویستیمان بە تەبایی و گیانی یەکگرتوویی هەیە، چونکە سەرکەوتن و ژێرکەوتنمان پێکەوەیەو پێویستە رێگەنەدەین دوژمنانمان کەلێن و ناکۆکی لەنێوانماندا دروستبکەن، بۆ ئەوەی لەسایەی عیراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵدا بەیەکەوە بژین.

وتارەکانی نوسەر