پوزه‌وانه‌ و كیسه‌ توتنه‌كه‌

09:48 - 2024-09-22
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
211 خوێندراوەتەوە

دكتۆر عوسمان قادری هونه‌رمه‌ند كه‌ دكتۆراكه‌شی له‌ سه‌ر پرسی جینۆسایدی كورده‌، بۆ چیرۆكه‌كانی تێزی دكتۆراكه‌ی هه‌ر جار كه‌ ده‌هاته‌ چه‌مچه‌ماڵ پێكه‌وه‌ ده‌چووینه‌ شۆڕش بۆ دیداری ئازار زه‌ده‌كان، له‌وێ‌ به‌شی زۆری ئه‌وان به‌ هۆی ناسیاریی پێشواده‌ی منه‌وه‌ ئاماده‌ی دیدار بوون، ده‌نا له‌ دیدار و گێڕانه‌وه ‌و رشتنی فرمێسك به‌ ته‌واوه‌تی بێزار بووبوون، راستییه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ بوو ئه‌وان هه‌موو ساڵێك چیرۆكه‌كانیان پێ دووباره‌ ده‌كردنه‌وه ‌و ئازاره‌كه‌ش به‌رده‌وام بوو، بۆیه‌ هه‌ندێكیان ئیدی حه‌وسه‌ڵه‌ی گێڕانه‌وه‌یان نه‌بوو، له‌ یه‌كێك له‌و سه‌ردانانه‌دا له‌ قادركه‌ره‌مییه‌كان چوینه‌ ماڵی ئه‌نفالزه‌ده‌یه‌ك، خاتونێكی رووسووری كورد، ژنێك كه‌ چاوه‌ڕوانی و خه‌می رۆژگار ئێسك و پروسكی هاڕی بوو، وه‌ك ئه‌وانی دیكه‌ وتی ئیتر قسه‌ی چی بكه‌ین، له‌ قسه‌ بێزار بووین، من باسی پێویستی گێڕانه‌وه ‌و به‌رده‌وامی نیشاندانی ئازاره‌كه‌م كرد، ئه‌و وێڕای  قسه‌ و باسی  ئه‌و رۆژه‌ ره‌شانه ‌و نیشاندانی هاوسه‌ره‌ له‌به‌ردڵانه‌كه‌ی كه‌ پێناچێ له‌به‌رچاوی ون بێت مه‌گه‌ر به‌ مه‌رگ، كیسه‌یه‌كی هێنا بۆ ئه‌وه‌ی نیشانمان بدات، كیسه‌یه‌ك كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی جوان پێچرابووه‌وه‌ و له‌ ناویدا كیسه‌ی توتن و سیغار و هه‌روه‌ها جوتێك پوزه‌وانه‌ هه‌بوو .

 

راسته‌ به‌عس هه‌بوو، شه‌ڕ هه‌بوو، بۆردومان هه‌بوو، به‌ڵام ژیانیش هه‌بوو، خێزان هه‌بوو، دانیشتن و گفتوگۆ و ئومێد هەبوو

 

كیسه‌ توتن و سیغاره‌كه‌ هه‌رگیز له‌وه‌ نه‌ده‌چوو زیاتر له‌ بیست و پێنج ساڵ بێت هه‌ڵگیرابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو چه‌ند ساتێك بێت هه‌ڵگیرا بێت، پوزه‌وانه‌كانیش زۆر پاك و ته‌میز بوون، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر رێك قه‌د كرابوون و هه‌ڵگیرابوون، خاتون باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردین چۆن ناو به‌ ناو ده‌ریانده‌كات و بۆنیان پێوه‌ ده‌كات و به‌ جوانی هه‌ڵیانده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و له‌ باس و خواسی هاوسه‌ره‌كه‌یدا، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو هه‌ر چه‌ند سه‌عاتێ‌ بێت لێك دوور بن، لێ‌ ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌ی پێ‌ هه‌زار ساڵ بوو، ده‌رباره‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ عیشقێكی قوڵه‌وه‌ ده‌دوا، باسی خۆ گۆڕین و پشتوێن به‌ستن و قیت و قۆزی ئه‌وی بۆ ده‌كردین، وتی خۆم ئه‌م پوزه‌وانه‌قشتانه‌م بۆ چنیووه‌، له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌یبه‌مه‌ گڵه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت له‌دنیایه‌كه‌ی دیكه‌ «به‌هه‌شت» به ‌یه‌كتر ده‌گه‌ینه‌وه ‌و پوزه‌وانه‌كانی ده‌ده‌مێ‌.
خاتونی ئه‌نفالزه‌ده‌ به‌ ئه‌وكی پڕ گریانه‌وه‌ باسی رۆژه‌ خۆشه‌كانی به‌ر له‌ ئه‌نفالی بۆ ده‌كردین، ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد راسته‌ به‌عس هه‌بوو، شه‌ڕ هه‌بوو، بۆردومان هه‌بوو، به‌ڵام ژیانیش هه‌بوو، خێزان هه‌بوو، دانیشتن و گفتوگۆ و ئومێد و ئه‌له‌نگاری و به‌ گژداچوونه‌وه‌ی خه‌م و نادادی هه‌بوو، باسی ژیانی خۆی له‌ دوو سه‌رده‌می جیاوازدا بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌، سه‌رده‌می به‌ر له‌ هاتنی به‌عس و تێكدانی جوانییه‌كان و سه‌رده‌می دوای رووخانی گوند و هێنانه‌ ئۆردوگا و بردنی هاوسه‌ره ‌ئازیزه‌كه‌ی، له‌ لایه‌ك مه‌ینه‌تی ده‌گێڕایه‌وه‌ له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌ره‌نگاری و نه‌كه‌وتن، به‌ هه‌ڵگرتنی كیسه‌ی توتن و پوزه‌وانه‌كان به‌و جۆره‌ من هه‌ستم به‌ عیشقێكی مه‌زن كرد، عیشقێك كه‌ هه‌رگیز سته‌مكاریی ناتوانێ‌ ریشه‌كانی له‌ بن بێنێت، ئه‌و وتی زوو زوو كیسه‌ توتن و پوزه‌وانه‌كان بۆنخۆش ده‌كه‌م، تا هه‌میشه‌ كه‌ بۆنیان پێوه‌ بكه‌م بۆنی خۆشیان لێبێت، بۆنی ئه‌و، مه‌به‌ستی بۆنی هاوسه‌ره‌ كه‌ی بوو، ئێمه‌ من و دكتۆر عوسمان دوای جێهێشتنی ئه‌ویش بۆ ماوه‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌و خاتونه ‌و  ئه‌و عیشقه‌وه‌ قسه‌مان ده‌كرد، ده‌مانپرسی داخوا به‌عس چه‌ند هەزار هێلانه‌ی عاشقانه‌ی وه‌ك هێلانه‌ی عاشقانه‌ی ئه‌م دووانه‌ی شێواند بێت؟!.

وتارەکانی نوسەر