لهتیف فاتیح فهرهج
کاتی ئەوەیە هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی ئیتر قسە بکەنە کردەو وەڵامی هاتنەوەی خەڵک بۆ شار و شوێنی خۆیان لەسەرژمێری گشتیدا بدەنەوە
تا رادەیەکی باش هەنگاوەکانی ئاماری گشتی بە کۆتا گەیشتن، پرۆسەکە بێ کێماسی بوو یان نا ئەوەیان بابەتێکی ترەو هەڵبەت هیچ کارێک بێ کەموکوڕی نابێت، کوردی بەلەنگاز و لە شار و شوێن دەرکراوی کەرکوک و گوندەکانی ئەو پارێزگایە، بێ هیچ مەبەستێک شەڕی شوناس و ناسنامەیان کرد، ئەوەش سەرەتاییترین مافی ئەوانە، بەو بەشدارییە ئەوان پەیامی رەخنەگرانەی خۆیشیان بۆ دەسەڵات و بەرپرسانی کورد لە هەولێر و بەغدا نارد، ئێستا کەموکوڕییەکان زیاتر دیارن، بۆیە پێویستە کورد دۆسیە و مەلەفی هاوبەش و تایبەتی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیان هەبێت، بۆ ئەوەی بە روونی خواستی کوردی، خواستی گشتیی کوردی لەسەر ئەو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوانە بگاتە گوێی ئەوانی تر.
هاوپەیمانی عەرەبی دژی بەشداری کورد، بەیان دەردەکات، جارێ دەرنەکەوتووە، قوربانی توانیویەتی لەو رێگەیەوە لانی کەمی برینەکانی ساڕێژ بکات، کەچی ئەو وەک بەشێک لە هاوبەشی ستەمکاری هاواری لە دەست قوربانی لێ هەڵدەستێت، بە باوەڕی من هیچ پێویست ناکات قوربانی دابنیشێت، بۆی بسەلمێنێت کە کەرکوک و ئەو ناوچانە کوردستانین، با ئەو پێمان بڵێ بە چی دەیسەلمێنێت کوردستانی نین، هەروەها ناکرێت دەسەڵاتی کوردی و سەرکردایەتیی سیاسی کورد لەوە بێدەنگ بن، کە گوایە کورد لە تورکیا و سوریا و ئێرانەوە هێنراون، فەرموو گەر وایە با ناوی چوار خێزان بڵێت، گەر هەر قسەی رووتە، دەبێت ئەو کەسە بەتۆمەتی درۆ و بوختان و هەوڵدان بۆ تێکدانی پەیوەندی بدرێتە دادگا.
کاتی ئەوەیە هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی ئیتر قسە بکەنە کردەو وەڵامی هاتنەوەی خەڵک بۆ شار و شوێنی خۆیان لەسەرژمێری گشتیدا بدەنەوە، چوار گوند و کۆمەڵگەی مۆدێرن لە چەند شوێنێکی سنووری کەرکوک بۆ ئەو خەڵکە دروست بکەن و هەر هیچ نەبێت بەکرێ بیاندەنێ، تا ئیتر کەس قسەی بەرز و نزم لە بارەی کوردایەتی و کەرکوکی بونیانەوە نەکات، ئەمە ئەرکێکی ئاکاری و بەرپرسانەیە بۆ شار و شوێنێک کە ناوی قودس و دڵی لێنراوە و قوربانی زۆری بۆ کوردەواری داوە، ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە ئەو قەرزە بدرێتەوە، یەکێتی و پارتی لە هەموو ئەوانی دیکە زیاتر بەرپرسیاری دانەوەی ئەو قەرزەن، کەرکوک جارانی، شاری هەموو کوردانی باشووری کوردستان بوو، کە دەچوونە هەولێر و سلێمانی و سنە و ئامەدیش جوانی و ئەدەب و خوێنەواری و بیرکردنەوە لە ئازادیان دەبرد، بۆیە کاتی ئەوەیە ئیتر لە شوێنی خۆیان شار بکەنەوە بە شار.
پێکەوە کارکردن، قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان رەواندنەوەی تەمومژی رقی ناسیۆنالیستانە و ئاشتکردنەوەی گشتی بە شارکردنەوەی کەرکوک و خانەقین و گێڕانەوەی جوانی بۆ سەرجەم شوێن و گوند و ناوچەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان، دەبێت لێرە بەدواوە کاری لەسەر بکرێت و ئەوە نیشان بدرێت، کە کەرکوک بەرمیلە بارود نییە و ئەو ناونانە درۆیەکی گەورە زیاتر هیچی تر نییە.