رووداوەکانی سوریا هێندە خێرا بوون، تەنانەت شڕۆڤەکارانیش توشی شۆک بوون، سیناریۆی پشتکردنە بەشار ئەسەد و کەوتنی یەک لە دوا یەکی شارەکان و خۆپاراستنی سوپا لە روبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان، هەموو ئەمانە وێڕای گەڕانەوەی ئومێد بۆ گەلانی سوریا بۆ دەستپێکی ژیانێکی نوێ، لەگەڵ ئەوەش ئاڵەنگاری و مەترسی هەیە، گەرچی جۆلانی بە تەواوەتی دەیەوێ ئەوە نیشان بدات کە ئیتر ئەو کەسێکی جیاوازە و مرۆڤەکەی بەرێ نییە، لێ هیچ ئاماژەیەکی روون نییە کە سبەی چۆن دەبن، وێڕای راگەیاندنەکەی بۆ ئاشتەوایی گشتی و لێبوردەیی.
هاتنی تەحریر شام بۆ سەر سەکۆی حوکمڕانی، وەک ئەوەی هەیە گەرچی جارێ ئەوان لە دەرەوەی دەسەڵاتن وزەیەکی گەورە دەدات بە پەڕگیرەکان و شانە نوستووەکانی داعش، بە تایبەت لە ناوچە سوننە نشینەکانی عیراق، لێرەوە دیسان مەترسی لەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دروست دەبێتەوە، مەترسیەکە کاتێک زیاتر دەبێت، ئەگەر سوننەکان لە سوریا سوور بن لەسەر ئەوەی بەهەمان ئایدۆلۆژیای قاعیدە و نوسرە و داعشەوە حوکمی ئایندەی سوریا بکەن، کە من باوەڕم وایە، ئەوە تا رادەیەک دوورە، لەگەڵ ئەوەش ئەگەرێکە.
لەم بارودۆخە گۆڕاوەدا ئەرکی سەرشانی پارتی و یەکێتی و تەواوی لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و کەرکوکیش، پێکەوە بوون و پێکەوە کارکردنە و رووکردنە کوردایەتییەکی هەقیقی و راستینەیە و دوورکەوتنەوەیە لە کوردایەتی فریودەرانە، ئەمە نەک هەر بۆ کەرکوک بۆ هەموو کوردستان، بەڵام لە کەرکوک پێکەوەیی لە هەرکات پێویستترە، ئێستا ئیتر نابێت هیچ بیانویەک هەبێت بە دەست پارتیەوە، بۆ ئەوەی دوو ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا بباتەوە ریزی ئەندامانی دیکەی ئەنجومەن و وێنەیەکی پێکەوەیی نیشان بدات، راستی هیچ بیانویەکی ئاوەزیش نییە بۆ ترازان و دووبەرەیی، تایبەت لە کەرکوک.
گرفتێکی گەورەی تەحریر شام، فرە شوناسی هێزەکەیەتی، هەڵبەت ئەمەش وادەکات، لەهەر کوێ بیانەوێت بە ناوی ترەوە بێنە مەیدان، کێشەی سەرەکیش ئەوەیە، تائێستا سوننەی عیراق و شامیش نایەوێت کورد بەو شێوەیە قەبوڵ بکات، کە دەبێ ماف و خۆخاوەنی خۆی هەبێت، ئەمەش نەک هەر بۆ کوردانی رۆژئاوا، بۆ کەرکوک و موسڵیش جێی مەترسییە، ئێمە دەبێت چاو لەسەر رۆژانی ئایندە لانەبەین، ئاخۆ رووداوەکان بەرەو کوێ دەچن، بۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی دادێ مەسعود بارزانی وەک کارەکتەری دوای مەرگی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، دەکرێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێ، ئەگەرچی درەنگیش بێت، چونکە دەکرا چەند ساڵ لە مەوبەر ئەوەی کردبا، لێ ئێستاش بۆ رۆژئاوا، بۆ کەرکوک، بۆ ئاشتەوایی گشتی، دەکرێت گەمەیەکی ئەرێنی بکات، ئەو بیەوێت دەتوانێت.