هـێزی نه‌رم

2024، ساڵی هەڵبژاردن و نیگەرانیی لە زیرەكیی دەستكرد

09:50 - 2024-09-23
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
703 خوێندراوەتەوە


سیاسییەكان و میدیاكانی جیهان، ساڵی 2024 بە ساڵی هەڵبژاردنەكان و داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان وەسف دەكەن. لەبەرئەوەی لەم ساڵدا بەڕێژەیەك هەڵبژاردن كراوە و دەكرێت كە پێشینەی نەبووە لە مێژوودا، وابڕیارە تا كۆتایی ساڵ نزیكەی شەست دەوڵەت هەڵبژاردن ئەنجام بدەن بە جۆرێک، كە نیوەی دانیشتووانی گۆی زەویی لە پرۆسەی دەنگداندا بەشداریی بكەن. چەند دەوڵەتێكیش لەوانەی خوازیارن لەڕێی دەنگدانەوە شێواز و ئایكۆنەكانی دەسەڵات دەستكاریی بكەن ئەو وڵاتانەن كە چەكی نەوەوییان هەیە و بە دەوڵەتانی نەوەوی ناسراون. لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا و هەندێ وڵاتی دیكەی جیهاندا، مقۆمقۆ و نیگەرانییەكی زۆر سەبارەت بە كاریگەرییە نەرێنییەكانی زیرەكیی دەستكرد سەریهەڵداوە. دەڵێین نەرێنی لەبەرئەوەی بێگومان زیرەكیی دەستكرد لایەنی ئەرێنیشی هەیە. ژمارەیەك كۆمپانیای گرنگی دنیای دیجیتاڵ بۆ رێگریی كردن لە فێڵەكانی بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد بۆ بەلاڕێدا بردنی هەڵبژاردنەكان، لە كۆنگرەی ئاسایش لە میونخ پەیماننامەیەكیان ئیمزاكردووە، كە هەریەك لە كۆمپانیاكانی گۆگل و مایكرۆسۆفت و سناپ و ئۆپن ئەی ئای و ئێكس و تیكتۆك و میتا ناویان لە ریزی ئەو 20 كۆمپانیایەدایە كە پابەندی پەیماننامەكەن. ئەوەی هەندێ لە وڵاتان لێی دەسڵەمێنەوە بەر لە دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان كارتێكردنە لە دەنگدەر لەڕێی بەهەڵەدا بردنییەوە، یان لەڕێی ئەو ڤیدیۆیانەوە كە دروستدەكرێن و زانیاری و بۆچوونی هەڵە لەدەمی كاندیدەكانەوە دەبیسترێن. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە و لەمانەیش خراپتر، وڵاتانی زلهێز لە هەوڵی دانانی لەمپەردان بۆ پارێزگاریی كردن لە شوورا و پەرێزی هەڵبژاردنەكانی وڵاتی خۆیان. ئەی ئێمە چیمان كردووە و چی دەكەین بۆ پارێزگاریی كردن لە پاكی و بێگەردیی ئەنجامدانی پڕۆسەكە بەبێ تێپەڕینی ئەو فێڵانەی لە رێی تەكنۆلۆژیای هاوچەرخەوە دەكرێن؟ هەروەها ئەو پرسیارەیش رەوایە ئەگەر بڵێین ئەی تاچەند سود لە لایەنە فریشتەیی نەك شەیتانییەكەی زیرەكیی دەستكرد دەبینین وەكو كورد كە هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز لەبەردەمماندایە؟
بەپێی ئەوەی هەموومان كوڕ و كچی سەردەمی تەكنۆلۆژیای پێشكەوتووین و زیرەكیی دەستكرد هەندێجار وەك هەڕەشەیەكی جدیی دەچێتە بەردەم بڕگە گرنگەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رووناكبیریی و تایبەتیمان، زۆر باش دەبێت وەك بوونەوەرێكی ژیر مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردەكانماندا بكەین و نەهێڵین زیرەكیی دەستكردیش فێڵمان لێ بكات.

وتارەکانی نوسەر