كـهژاڵ ئهحمهد
ئابووریی وڵاتانی جیهان یەكێكە لە پێوەرە گرنگەكانی بەرەوپێشچوونی هێزی نەرم تێیاندا، تەنانەت لەم سەردەمەدا یەكێكیشە لە پێویستییە گرنگەكانی دانانی كاریگەریی و گۆڕانكاریی و زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیكەدا بەبێ بەكارهێنانی توندوتیژیی و شەڕ . كورد سەبارەت بە ئابووریی و سامان ئیدیۆمێكی سەیری هەیە بۆ هەموو سەردەمەكان و هەڵە و نە گونجاویشە بە پێوەری هێزی نەرم، كورد دەڵێت «پارە چڵكی دەستە»، لێكدانەوەی ئەمە بیركردنەوەیەکی زۆر عیسامیی و دنیا نەویستە و پارە وا دەبینێت ئەو چڵكە واتە پیسییەیە كە دەبێت لە پێناوی پاكڕاگرتنی خۆماندا بیشۆین و بیدەین بە ئاودا. ئیدیۆمەكە بۆ سەلامەتیی رۆحی ناماددیی و دنیا نەویست و گەیشتن بە خەونەكانی ئەو دنیا، پارە تەواو بێ بەها دەكات كە ئەمە پێچەوانەی ئەقڵ و مەنتقی بیركردنەوەی جیهانە بە وڵاتە هەرە ئیسلامییەكانیشەوە. نازانم سەرچاوەی ئەم قەناعەتە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام هەموو كەسێكی خاوەن هۆش لە تەواوی كوردستان و دنیادا دەزانن، حاڵ و گوزەرانی خەڵكی وڵاتەكەم چەند پەرێشانە بەدەست دواكەوتنی ناردنی مووچەوە لەلایەن بەغداوە، وەرە بڵێ چڵكی دەستە. ئەگەر ئابووریی خۆمان بەدەست خۆمانەوە بووایە ئایا لە هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆوە دەبووینە هەرێمێكی چاوەڕوان؟ چاوەڕوانی لیستی مووچە و راگەیاندنی رۆژی گەیشتنی بە كوردستان و پاشان رۆژی دابەشكردنی؟ ئەوەی ئابووریی بەدەستە سیاسەتی خۆی دەسەپێنێت، لە جیهانیشدا بە هەمان شێوەیە، زلهێز بە زەبری ئابوورییەكی زەبەلاح زلهێزە. ئێمەی كورد بەدرێژایی مێژوو خەونی زلهێزیمان نەبووە و نیازمان نییە شانبدەینە بەر ئەو بارە قورس و گرانە، بەڵام خۆ دەبێت وابكەین پارەی پێداویستییەکانی ماڵەكەی خۆمان واتە نیشتمانەكەی خۆمان پێ بێت، ئەوەی كە پێی دەوترێت ئیكتیفای زاتیی. پارە چۆن دەبێتە چڵكی دەست بۆ ئەو دایك و باوكانەی پارەی شیری منداڵەكەیان پێ نییە، بۆ ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی مووچە نەبێت بایكۆت دەكەن. پێم وایە كاتی هاتووە دەستبەرداری هەندێ لە پەند و ئیدیۆمەكانمان ببین، لەبەرئەوەی هەندێكیان ئەگەر بمانەوێت بیدەین بە گوێی گەنجان و لاواندا بە چاوێكی پڕ لە گلەییەوە سەیری بیركردنەوەمان دەكەن. نەوەیەك هاتوونەتە پێشەوە دەزانن هێزی ئابووریی نەخشی هەیە لە دەستنیشان كردنی بۆ نموونە ئەمریكا وەك كاریگەرترینی جیهان، ئابووریی جێ دەستی دیارە بەسەر نەخشەی دنیاوە و هەر ئەوە ناو لە هەندێ وڵات دەنێت سەر دەست و هەندێكی دیكەش دەكات بە ژێر دەست.ئیدیۆمێكی گونجاویشمان هەیە جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێ بدەم، دەڵێت: كاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە، واتە كە دۆخی ئابووریی باشبوو ئاشتیش بەركەماڵ و فەراهەمە.