به‌شی دووه‌م و كۆتایی
په‌ڕگیری چییه؟
په‌ڕگیری بریتییه له سوكایه‌تییكردن به به‌های كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی و ئایدۆلۆجی باو له كۆمه‌ڵگه‌دا. واته په‌ڕگیری ته‌نها هزر و زه‌ینیه‌تی تاكه‌كه‌سێك یان گروپێك له خه‌ڵك نییه، به‌ڵكو له‌ڕاستیدا پیاده‌كردنێكه و ده‌بێته كرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سوكایه‌تیی به ته‌واوی به‌ها سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كات. هه‌روه‌ها له زۆربه‌ی پێناسه‌كانی په‌ڕگیریدا باس له‌وه كراوه كه په‌ڕگیری بریتییه له ده‌رچوونێكی هزریی و باوه‌ڕیی و كۆمه‌ڵایه‌تی له شتی باو له‌لای تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه و لایەندارییه بۆ ته‌نها یه‌ك راو بۆچوون و موكوڕبوونه له‌سه‌ری، یان بریتییه له ده‌رئه‌نجامێكی هه‌ڵه و زیاده‌ڕۆییكردنه له ره‌فتارێكدا كه ئه‌نجامی ئه‌و ده‌مارگیرییه‌یه یان ئه‌وه‌تا زیاده‌ڕۆیكردنه له بیركردنه‌وه. كه‌واته ده‌توانین بڵێن په‌ڕگیری ده‌ربڕێنێكی پێوه‌رییه به واتای سه‌رپێچیكردن و ده‌رچوون دێت له هێڵی گشتی یان ئاسایی كه نه‌ریت و پێوه‌ره یاسایی و ئاینییه باوه‌كانی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا دروستی كردووه.
كه‌واته ده‌توانین بڵێین په‌ڕگیری به‌واتای بێڕێزییكردن به به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نه‌ریت و ره‌وشت و ئاكاری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و هزرێكی تونده و زیاده‌ڕۆییه له بیركردنه‌وه ده‌رباره‌ی بابه‌تێك كه جۆرێك له ره‌های و یه‌كلابینی تێدایه. كه‌سی په‌ڕگیر كه‌سێكی ده‌مارگیر و تونده ده‌رباره‌ی بۆچوونێك یان بابه‌تێكی دیارییكراو. په‌ڕگیری لادانی پێوه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌كانی رێكخستووه و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ڕێوه ده‌بات. ئه‌و هێڵه گشتیه‌ش ئه‌و تێڕوانینه هه‌مه‌كییه كه زۆربه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ری رێكه‌وتن و راهاتوون و بۆته گشتێكی باو.
ده‌توانین بڵێین په‌ڕگیری ئه‌نجامی ده‌مارگیرییه بۆ (هزر، بیروباوه‌ڕ، ئایدۆلۆجیا، ئایین، نه‌ته‌وه و تایه‌فه و ئه‌تنیك و زمانێك)ی دیارییكراو، ئامانجه‌كه‌ی هه‌رشتێك بێت ئه‌وا ده‌مارگیری له پشته‌وه‌ی وه‌ستاوه و هه‌موو په‌ڕگیرێك ده‌مارگیریشه. په‌ڕگیری ده‌كرێت ئایینی و كەلتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی بێت، بۆیه په‌یوه‌ست نییه به نه‌ته‌وه و ئایینێكی دیارییكراو، به‌درێژایی مێژوو له ته‌واوی میلله‌ت و نه‌ته‌وه جیاكاندا په‌یڕه‌و كراوه. ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت په‌ڕگیریی ببه‌ستێته‌وه به لایه‌نێكی دیارییكراوەوە، ته‌نها ده‌یه‌وێت راستییه‌كان له گۆڕبنێت، ئه‌گین په‌ڕگیری پێش ئه‌وه‌ی ره‌فتار و گوفتار بێت، هزره و كاری كۆمه‌ڵناسی و كاری كۆمه‌ڵایه‌تیی و توێژه‌رانی ئه‌م بوارانه و دامه‌زاروه‌كانی كۆمه‌ڵگەیە، کە روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هزرانه‌یه، به بڵاوكردنه‌وه‌ی کەلتوریی لێبورده‌یی و چاندنی تۆوی قبوڵكردنی جیاوازییه‌كان و هه‌ڵكه‌ندنی تۆوی سه‌پاندن، بێزلێبوونه‌وه له توندوتیژیی و تیرۆر و توندڕه‌وی زه‌بروزه‌نگ.
بڵاوكردنه‌وه‌ی لێبورده‌یی له روبەڕوبوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی یان په‌ڕگیریدا
1- جۆره‌كانی لێبورده‌یی
أ.لێبورده‌یی كەلتوری: بریتییه له نه‌بوونی ده‌مارگیریی بۆ هزر و بیروباوه‌ڕێك تا بتوانرێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه بكرێت و مافی داهێنان و ئه‌فراندن به‌وانی دی ببه‌خشێت، بۆیه پێویسته مرۆڤ به سنگێكی فراوانه‌وه كەلتور و رۆشنبیری ئه‌وانی دیكه په‌سه‌ند بكات بۆ گه‌یشتن به‌راستیه هزریی و کەلتورییه‌كان. مرۆڤایه‌تی له‌چه‌ندین جۆر کەلتور و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز پێكهاتووه و هه‌ریه‌كه‌یان به‌جۆرێك له‌سه‌ر نه‌ریت و بیروباوه‌ڕ و ئایینی خۆیان راهێنراون، به‌ڵام كاتێك ژیانی شار هه‌ڵده‌بژێرن پێویسته رابهێنرین و ئاماده بكرێن له‌سه‌ر كەلتوری پیكه‌وەژیانی ئاشتیانه تا بتوانن ئه‌وه‌ی بۆخۆیان به‌ڕه‌وا ده‌بینن، بۆ ئه‌وانی دیكه‌شی به ره‌وا ببینن.
ب.لێبورده‌یی ئایینی: مه‌به‌ست لێی پیاده‌كردنی ئازادانه‌ی سروته ئایینیه‌كانه و رزگاربوونه له ده‌مارگیریی ئایینی و جیاكاریی ره‌گه‌زی ئایینی. هه‌روه‌ها به‌رێزه‌وه ته‌ماشاكردنی ئایین و بیروباوه‌ڕی ئه‌وانی دیكه‌یه تا بتوانن هه‌مووان پیاده‌ی سروته ئایینیه‌كانی خۆیان بكه‌ن به‌بێ زۆر لێ‌كردن و ناچاری، چونكه به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی، ئایین زۆرترین جه‌نگ و كاولكاری به‌رپا كراوه و زۆرترین مرۆڤ بۆته قوربانی.
ج.لێبورده‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی: رێگه‌ی مامه‌ڵه‌كردنی مرۆڤه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له تۆ جیاوازن، به‌واتای پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانە له سه‌ر ئاستی هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چونكه چه‌ندین وڵات و نه‌ته‌وه و شاری گه‌وره هه‌یه له جیهاندا، كه چه‌نده‌ها ئایین و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی تێدا ده‌ژیی و هه‌ریه‌ك خاوه‌نی بیروڕای خۆیه‌تی و پیاده‌ی جۆرێك له نه‌ریت ده‌كات و ده‌بێت پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانە ببێته سمبوڵی له‌یه‌ك گه‌یشتن و پێكه‌وه هه‌ڵكردن.
2- تایبه‌تمه‌نییه‌كانی کەلتوریی لێبورده‌یی
کەلتوریی لێبورده‌یی كار ده‌كات بۆ لابردنی رق و كینه له ویژدانی مرۆڤ و دووركه‌وتنه‌وه له توندوتیژیی و تاوان، كار ده‌كات بۆ گه‌شه‌پێدانی رۆحی هاووڵاتی بوون و دیموكراسی له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا. هه‌روه‌ها رۆڵی هه‌یه له بڵاوكردنه‌وەی رۆشنبیریی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و به‌هێزكردنی په‌یوندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه و بێزهاتنه‌وە له توندڕه‌ویی و ده‌مارگیری له بڕیاردان و پیاده‌كردنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. پاشان رێگه‌یه‌ك بۆ شاردنه‌وه‌ی رق و بڵاوكردنه‌وەی خۆشه‌ویستی رێز و به‌هێزكردنی بیرۆكه‌ی پێكه‌وەژیانی ئاشتیانه‌ی ناو سه‌رجه‌م کەلتور و ئایین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان.
3- رۆڵی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له بڵاوكردنه‌وه‌ی کەلتوریی لێبورده‌یی
أ.گه‌شه‌پێدانی به‌های رۆحیی و ئاكاریی و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێو خوێندكاره‌كاندا كه یارمه‌تییان ده‌دات بۆ گۆڕینی بیروڕاكانیان.
ب.به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان خوێندكاره‌كان و مامۆستایان و پێدانی هه‌لی به‌شدار له چالاكییه‌كان وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌مووان.
ج.ده‌رخستنی لێهاتوویی خوێندكاره‌كان و گه‌شه‌پێدانی تواناكانیان.
د.پاڵپشتییكردنی خوێندكاره‌كان بۆ به‌هێزكردنی لایه‌نی وەر‌زشیی و چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری لای خوێندكاره‌كان .
ه.بڵاوكردنه‌وه‌ی تاكگه‌رایی و فره‌یی و قبوڵكردنی جیاوازییه‌كان و یه‌كسانی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه.
کەلتوریی لێبورده‌یی كار ده‌كات بۆ لابردنی رق و كینه له ویژدانی مرۆڤ و دووركه‌وتنه‌وه له توندوتیژیی و تاوان، كار ده‌كات بۆ گه‌شه‌پێدانی رۆحی هاووڵاتی بوون و دیموكراسی له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا
4- رێگه‌كانی رێگرییكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی هزری په‌ڕگیری له رێگه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه
فێركردن رۆڵێكی گرنگ ده‌بێنێت له گواستنه‌وه‌ی به‌ها و لێهاتوویی و زانینه ئه‌رێنییه‌كان بۆ بونیادنانی توانای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ده‌مارگیریی شاراوه له‌نێو ئایدۆلۆجیا په‌ڕگیره‌كاندا و به‌هێزكردنی لێبورده‌یی و قبوڵكردنی جیاوازییه‌كان له نێوان کەلتور و ئایین و سیاسه‌ته جیاوازه‌كاندا. له رێگه‌ی به‌هێزكردنی به‌ها پۆزه‌تیڤه‌كانه‌وه له‌ناو پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردندا و دانانی پرۆگرامی په‌روه‌رده‌ی گونجاو و چاك، كه رۆحی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و ریزگرتنی راو بۆچوونی ئه‌وانی تری له خۆگرتبێت.
قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بارته‌قای هه‌موو ناوه‌نده‌كانی دیكه‌ی خوێندن، گرنگه هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بدرێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هزری ناتوندوتیژی له‌بری هزریی په‌ڕگیری، چونكه له‌وێ توێژێكی گرنگی كۆمه‌ڵگه خه‌ریكی خوێندنن كه له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییدان و پێویسته چاودێریی ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ره‌وشی خوێندن و پڕۆگرامه‌كان هه‌بێت، نه‌وه‌ك خوێندكاران ئاڕاسته‌ی توندڕه‌ویی و په‌ڕگیری بكات.
ئه‌نجام و راسپارده ئه‌نجام
- کەلتور بریتییه له گشتێكی ئاڵۆز كه هه‌ریه‌ك له مه‌عریفه و بیروباوه‌ڕ، هونه‌ر و ئاكار، یاسا و نه‌ریت ده‌گرێته‌وه. كه‌وابوو کەلتور پێشئه‌وه‌ی لایه‌نێكی مادی هه‌بێت، لایه‌نێكی رۆحی و مه‌عنه‌ویشی هه‌یه، پێش ئه‌وه‌ی كردار بێت، هزره.
- په‌ڕگیریی سوكایه‌تییكردنه به به‌های كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی و ئایدۆلۆجی باو له كۆمه‌ڵگه‌دا. ته‌نها هزر و زه‌ینیه‌تی تاكه‌كه‌سێك یان گروپێك له خه‌ڵك نییه به‌ڵكو له‌راستیدا پیاده‌كردنێكه و ده‌بێته كرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ترسی بۆسه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه هه‌یه.
- تۆلێرانس به‌دیلی ئازادییه و له گرنگترین توخمه‌كانی رۆحی سه‌رده‌مه بۆ گواستنه‌وه له قۆناغی داخران و كۆیلایه‌تییه‌وه بۆ قۆناغی كرانه‌وه و ئازادی. كه‌واته ده‌توانرێت له‌ڕێگه‌ی په‌ره‌دان به لێبورده‌یی رێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی هزری په‌ڕگیری بكرێت.
- کەلتوریی لێبورده‌یی كار ده‌كات بۆ لابردنی رق و كینه له ویژدانی مرۆڤ و دووركه‌وتنه‌وه له توندوتیژیی و تاوان، كار ده‌كات بۆ گه‌شه‌پێدانی رۆحی هاووڵاتی بوون و دیموكراسی له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا.
- فێركردن رۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت له گواستنه‌وه‌ی به‌ها و لێهاتوویی و زانینه ئه‌رێنییه‌كان بۆ بونیادنانی توانای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ده‌مارگیری.
راسپارده‌کان
-پێویسته ده‌ستكاری پرۆگرامه‌كانی خوێندن بكرێت و هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی هۆكارن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هزری په‌ڕگیری له ناوببرێن.
-ده‌بێت حكومه‌ت له رێگه‌ی ئامڕازه‌كانی راگه‌یاندن و دامه‌زراوه‌كانییه‌وه كار بكات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هزری نا توندوتیژی.
-ده‌بێت رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كار بكه‌ن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و چاندنی تۆوی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه مرۆییه‌كانی وه‌ك رێزگرتن له‌بیروڕای ئه‌وانی تر‌و یه‌كتر قبوڵكردن.
لیستی سه‌رچاوه‌كان:
1.سانام اندرلیني والاخرون، التعلیم والهویة والمنع التطرف، من من‌ع التطرف العنیف إلی تعزیز السالم والصمود والمساواه في الحقوق والتعددیة (PREP).
2.الشیخ علی أكبر نوائي، نظریة تسامح إشكالیات في المبادئ الفكریة و التأثیرات العملیة، ترجمة: محمد عبد الرزاق. http://nosos.net –
3.عبد ا‌لحسین شعبان(الدكتور)، التطرف و الإرهاب. اشكالیات نظریة و تحدیة التعملیة)مع إشاره خاصة الی العراق(،مكتبة الاسكندریة.مصر.2007.
4.علا‌ء محمد ناجي. التسامح و دورها في تقویة العلاقات الاجتماعیة. http://fcdrs.com/social/987
5.مجموعة من الكتاب. د.علی سید الصاوي.نظریة الثقافة.المجلس الوطني للثقافة والفنون.الكویت.1997.
6.محمد سلیم احمد.دور جماعات نشاط في تنمیة قیم التسامح لدی الاعضائها. مجلة دراسات في الخدمة الاجتماعیة و العلوم الإنسانیة العدد 50٠ المجلد. 2020.
7.میادة منصور عمر(الدكتور)، التدخل المهني بطریقة تنظیم المجتمع لتنمیة وعي المرأة بمخاطر تطرف والارهاب. مجلة الدراسات في الخدمة الاجتماعیة والعلوم الانسانیة.عدد 53