لەبەردەم یادی لەدەستدانی کەرکوکداین لەڕێی راپرسیەکەوە کەتیلەرسن پێی وتین مەیکەن و کردمان، داخوا بەقسەی چ بابایەکمان کردبێت، واتێیدا بەدەستی بەتاڵ لێی هاتینە دەرێ و دواییش کەوتینە وێزەی یەکتر، چەند ناخۆشە شکست بەزەبری قسە بەسەرکەوتن نیشان بدەیت و خۆت لە جێهێشتنی تاقم و تفەنگەکەت نەبان بکەی، لەبەردەم ئەو یادەداین و کەس نایەوێ بڵێ هۆکاری سەرەکی دۆڕانی ئەودەمی کەرکوک خۆمان بووین و ملهوڕی خێڵگەریانە، ئەمریکا لەزۆر شوێنی تر بەخەڵکی گوت ئێستا نا، بەقسەیان کرد و زەرەریشیان نەکرد، من بڕوام بەوە نییە کەرکوک بستێک لە کورد دوور کەوتبێتەوە، یان کورد قولانجێک لە کەرکوک، بەعس نەیتوانی، خەڵکی تر هەرهیچ، لێ گەر خۆمان تەباو کۆک بین، ئێستای باسی من ئەوە نییەو ئەو ناوەندی دیالۆگەیە کە زاهیر شکور بۆ یەکەمینجار مۆمەکەی تیا داگیرسان، ئەو مۆمی خوێندنەوەو رووناکیە دەبێت بەردەوام بێت، ئەوەش هیمەتی گەرەک.
پێکەوەژیانی ئاشتیانەو لێبوردەیی
دایەلۆگ، یان دیالۆگ، کوردی چۆنی دەبێژێت بەقەد ئەوە گرنگ نییە، ئیدی دەکرێت ئەوێ ببێتە شوێنی گفتوگۆی گرنگی ئەدەبی و هونەری و لەوێدا دەست بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەو لێبوردەیی ببرێت و قسەو باسی ئەرێنیان لەبارەوە بکرێت، قسەو باسێک لانی کەم کەرکوکی سبەی لە کەرکوکی ئەمڕۆ روناکتر نیشان بدات، رەخنەو سەرزەنشت و ئامۆژگاری و گفت و لفتی یارانەو بوێرانەش لەولاوە بوەستێت، کەرکوک پێویستیی بە گفتوگۆی ئاوەزیانەیە، نەک عەنتەریات و بەیان دەرکردن و راکێش راکێشی ناسیونالیستانەی کوێر بین.
نابێت ئەو کوانوە کوێر بێتەوە
من وەک چۆن پاش دوورکەوتنەوەی چەند ساڵەشم لە کەرکوک هەرکاتێک چووبێتمە ئەو شارە، سەرم لەقەلەندەرخانەکەی دایەلۆگ داوە و گوێم بۆ دەردەدڵەکانی زاهیر هەڵخستوە، لێرەش بەدوا هەر وادەکەم گەرچی نەبوونی بەجەستەو زیندوێتی زاهیر دەردەکە گران دەکات، لەگەڵ ئەوەش کەس نایەوێت ئەو کوانوە کوێر بێتەوە.
کەرکوک بەر لەوەی لە کوردی باشور و لە هەولێر و سلێمانیەوە نزیک بێت، لە کوردی ئامەد و کرماشانەوە نزیکە، بۆیە ئەگەر لە واری سیاسیی و بەڕێوەبردنیشدا هەزار و یەک رەخنەمان هەبێت، هێشتا بە مسقاڵە زەڕەیەک نامانەوێ لە دڵمان دووری بخەینەوە.