رووداوی تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەكانی دەستی ئەندام و چەكدارانی حزبوڵای لوبنان كە تیایدا كوژرانی دەیان كەس و برینداربوونی هەزارن كەسی دیكەی لێكەوتەوە، هەموو ئەو هاوكێشانەی هەڵوەشاندەوە، كە پێیان وابوو تەكنەلۆژیا كلاسیكییەكان وەك پەیجەر و سورەیا سەلامەتترن لە رووی هێرشی سایبەرییەوە وەك لە ئەو ئامێر و مۆبایلە زیرەكانەی كە بەستراونەتەوە بە تۆڕەكانی ئینتەرنێتەوە.
دەركەوت ئاسایشی ئەلیكترۆنی وڵاتانی هاوردە، بەتایبەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسیدایە، بۆیە بە وریایی زیاترەوە ئامێرەكانی پەیوەندی لەو وڵاتانە دەكڕن كە متمانەیان پێ ناكەن
بیرۆكەی ئامێرەكانی پەیجەر لە ساڵانی نەوەدەكان گەشەیان كرد، كە بۆ ناردنی سیگناڵ و كورتەنامە بەتایبەت لە بواری پزیشكی و سەربازیدا بەكاردەهێنران، دواتر ئەم ئامێرانە زیاتر پەرەیان پێدرا لە چەندین بواردا بەكارهێنران وەك: بازرگانی و پەیوەندییە كەسییەكان، بەپێی راپۆرتەكانیش ئامێرەكانی پەیجەر لەلایەن چەكدارانی حزبوڵڵاوە لەسەرەتای هێرشەكانی تۆفانی ئەقساوە زیاتر بەكارهێنراون.
هەرچەندە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشە سایبەرییەكان، گروپە چەكدارەكانی جیهان پەنایان بۆ ئامێرە بێتەلەكان برد، بەڵام رووداوی تەقینەوەی ئامێرەكانی دەستی ئەندامانی حزبوڵا هەمووانی هۆشیار كردەوە كە ئامێرە بێتەلەكانیش دەتوانرێت بتەقێنرێنەوە، بە وتەی ئیدوارد سنودن ئەندامی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا چیتر تەكنەلۆژیا سەرەتاییەكان سەلامەت نین و تەنانەت بەئاسانی هاك دەكرێن.
ئەوەی راپۆرتەكان دەڵێن تەقەمەنی خراوەتە ناو ئامێرەكانی پەیجەرەوە و دواتر لەڕێگەی تەكنەلۆژیای مۆدێرنەوە سیستمەكە كۆنتڕۆڵ كراوە لە دوورەوە تەقێنراوەتەوە، ئەوەش مەترسیی ئەوەمان بۆ دەردەخات، هەموو ئەو ئامێرانەی بەدەستمانەوەیە لە مەترسیدایە كۆمپیوتەر مۆبایل و ئۆتۆمبێل تەنانەت كەلوپەلە كارەبایی و ئەلیكترۆنییەكانی ناو ماڵەکانیشمان هەركاتێك بیانەوێت بە ئامانج دەگیرێن.
ئێستا تەكنەلۆژیا كۆن و نوێیەكان بوونەتە ئەسپەكەی تەروادە كە گوزارشت لە هونەری لەخشتەبردن و فێڵبازی دەكات، بە مەبەستی تێكشكاندنی سوپای دوژمن، هێرشی سەر ئامێرەكانی پەیجەر وا دەكات دووبارە وڵاتان پێداچوونەوەی ئەو تەكنەلۆژیایانە بكەن كە هاوردەیان دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی بە ئینتەرنێتەوە پەیوەستكراون هەم هاك بكرێن هەم بتەقێنرێنەوە.
دەركەوت ئاسایشی ئەلیكترۆنی وڵاتانی هاوردە بەتایبەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسیدایە، بۆیە بە وریایی زیاترەوە ئامێرەكانی پەیوەندی لەو وڵاتانە دەكڕن كە متمانەیان پێ ناكەن، لەوەش مەترسیدارتر ئێستا زۆرێك لەو ئامێرە ئەلیكترۆنیانەی هەیە، بەهۆی گرانی دەستی كارەوە تەنها لە وڵاتێك دروستناكرێت، بەڵكو چەند وڵاتێك بەشدارن تیایدا ئەوەش وادەكات مەترسی زیاتر بێت.