هـێزی نه‌رم

کاریزمای سەرکردایەتی کردن

10:40 - 2024-09-30
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
637 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 

 

 ئەو کەسانەی دەتوانن بە ئاسانیی دڵ و مێشکمان داگیربکەن چ لە بواری سیاسەتدا کاربکەن یان پاڵەوانی نێو کتێبە ئەدەبیی و هونەریی و مێژووییەکان بن یان یاریزانە جیهانییەکان، سەرکردە بن یان کەسی ئاسایی ئەمانە پێیان دەوترێت کەسایەتیی خاوەن کاریزما، وشەکە لە بنەڕەتدا یۆنانییە و بەمانای بەهرەی خودایی دێت. ماناکە پڕ بەپێستی وشەکەیە چونکە مەرج نییە کەسەکە لەڕووی ماددییەوە کاریگەریی لەسەر خەڵک دابنێت، هەندێجار لەڕێی شێوازی قسەکردن و نووسین و رەفتاری شیرینەوە ئەفسوون لە دەورووبەرەکەی دەکات یان لە رێی زیرەکی و سەنگینییەکەیەوە، تەنانەت هەندێجار کەسایەتی هەبووە لەرێی ترس و تۆقاندن و توند و تیژییەوە بۆتە کاریزما. پێوەرەکانی کاریگەرێتی کەسێک لەسەر خەڵک لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک خەسڵەت هەن هەمووان کۆکن لەسەرئەوەی پێوەربێت بۆ ناسینەوەی کەسانی خاوەن کاریزما. راشکاویی و راستگۆیی و بیرفراوانیی لەپێناوی قەناعەت پێهێنانی دەوروبەر و توانای سەرکردایەتی کردن و بەدەستهێنانی باوەڕی خەڵک، ئەمانە و کۆمەڵێک خەسڵەتی تر، ئەو رەنگانەن کە خەڵکی خاوەن کاریزمامان بۆ دەستنیشان دەکەن. خاڵێکی گرنگ لە کەسی کاریزمییدا ئەوەیە، توانای ئیلهام بەخشینی هەبێت بەوانی دی. لێرەدا کات و دێڕەکانی ئەم گۆشەیە بە ژماردنی سیفەتەکانی کەسی خاوەن کاریزما ناکوژم، چونکە لەوباوەڕەدام زۆربەمان شتێک ئەگەر کەمیش بێت سەبارەت بە کارتێکردنی ئەو کەسانە دەزانین کە دەتوانن بە وتەیەک سەرنجی هەزاران بەلای خۆیاندا رابکێشن و راستەو خۆ و ناڕاستەوخۆ ئاراستەیان بکەن. ئەم هەلی نووسینە دەقۆزمەوە و باس لە موحتاجیی دەوڵەتان و حزبەکان و جیهان بەگشتیی دەکەم، بۆ هەبوونی ئەمجۆرە کەسایەتییانە تایبەت و گرنگانە کە دەتوانن رێڕەوی مێژووی وڵاتان بگۆڕن و هەندێجار نزیک دەبنەوە لەوەی مەحاڵ بکەن بە واقیع. کەسایەتییە خاوەن کاریزماکانی کورد بە درێژایی مێژوو هەندێکیان کوژراون لەلایەن دوژمنانەوە یان هەوڵی شێواندنیان دراوە. ئەم پرۆسەی لەناوبردنی کەسایەتییە کوردە کاریگەرەکان لەسەر خەڵک تا ئەمڕۆیش و لە ئایندەشدا درێژەی دەبێت. دواینیان قسەکەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی توركیا بوو کە لە بەرنامەی راستەوخۆدا داوای تیرۆرکردنی سەرۆک بافڵ دەکات.ئەمە ترس نیشان دەدات لە کەسایەتییەکی کاریزما بەهێزی وەک سەرۆکمان. لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەیشدا ئەو کاندیدانەمان کە خاوەنی کەسایەتیی کاریزمین دەرگایەکی گەورە و پڕ لە ئومێدن بەرەو سەرکەوتن کە هیوادارم بەباشی جەماوەریی بوونیان بخرێتە خزمەت سەرخستنی یەکێتییەوە کە حزبێکە زۆرترین کاریزمای لەدەور کۆبۆتەوە.

وتارەکانی نوسەر