فەرید دڵشاد
پێشبینیکردنی دابەزینی دەنگەکانی پارتی لەم هەڵبژاردنەی داهاتوودا ئەم هۆکارانەن:-
1- دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ چوار بازنە: لەهەمووی خراپتر بۆ پارتی جیاكردنەوەی پارێزگاری هەڵەبجە بوو لە سلێمانی، هەموو دەنگەكانی ئەو حزبە لەو پارێزگایەدا بەهەدەر دەڕوات، ئەوەش كاریگەریی دەبێت لەسەر پارێزگای سلێمانی لەوێش كەمدەكات، ئەوەشی زەڕبەی كوشندەی لە پارتیدا، هەڵوێستی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو كە وتیان دەنگ دەدەین بە كۆمەڵ لە هەڵەبجە، ئیتر ئەو چانسەشی پارتی هەیبوو بۆ بەدەستهێنانی كورسییەك لەو پارێزگایە لەدەستیدا.
2- كورسی پێكهاتەكان: پارتی جیا لەوەی 11 كورسی پێكهاتەكانی لەدەستداوە، ئێستا لە 100 كورسی پەرلەمان 5 كورسی بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە، لەو 5 كورسییە 2 كورسی بۆ سلێمانی و 2 كورسی بۆ هەولێر و 1 كورسی بۆ دهۆك. پارتی دوو كورسییەكەی سلێمانی لەدەستداوە، كەواتە ئۆتۆماتیكی لەسەر 93 كورسی ململانێ دەكات. 2 كورسی پێكهاتەكانیش لە هەولێر مەرج نییە بۆ ئەو بێت، چونكە بزووتنەوەی بابلیون هاتۆتە ناو هاوكێشەكەوە.
3- لیستی دەنگدەران و كۆمیسیۆن: جیاوازی لیستی دەنگدەرانی بەغدا و هەرێم نزیكەی 300 هەزار دەنگ جیاوازییانە، كە ئەمە زۆربەی لەبەرژەوەندی پارتی بوو، هەروەها كۆمیسیۆن لە دەستی پارتی نەماوە رێكارەكان توندترن رێگرن لەهەر فێڵێك، ئەمەش گوشاری پارتی بۆ دەنگدانی بەزۆر لەسەر هاووڵاتیان كەمتركردۆتەوە.
4- شكستی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و نەینەوا، لاوازبوونی ئەو حزبە لە شەنگال كە نەیتوانیووە تائێستا قایمقامی شەنگال وەربگرێتەوە، تەنانەت خەریكە قایمقامی مەخمور كە لەبن گوێی هەولێرە لەدەستی بدات، بەگشتی پارتی لە ناوچەكە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەرەو لاوازبوونی زەق دەڕوات، ئەمەش ناڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم دەبێت.
5- بانگەشە و خۆئامادەنەكردن بۆ هەڵبژاردن: پارتی هەر لەسەرەتاوە بڕیاریدابوو بەشداری هەڵبژاردن نەكات، دواتر بەناچاری هاتەناو هەڵبژاردنەكەوە ئەمەش شپرزەیی پێوەدیارە. جیا لەوەش گوتاری بانگەشەی پارتی لەم هەڵبژاردنە جیاوازە تەنها لەبەرەی بەرگرین و ناتوانن هێرش بكەن، ئەگەر سەیری بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەو حزبە بكەی تەنها وەڵامی هێرشی حزبەكان دەدەنەوە شتێكی نوێیان پێ نییە دروشمەکانیان دووبارەیە و سەرنج راكێش نین گوتارەكەیان، ئەمەش بۆ جیلی ئەم سەردەمەی كە یەكەمجارە دەنگدەدات بڕناكات.
6- خراپی ئیدارەدانی حكومەت: كابینەی نۆ بەخراپترین كابینەی حكومەت ناوی دەهێنرێت، نەدانی مووچە و پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران زەڕبەیەكی كوشندەی لە دەنگەكانی لە پارتی دەدات، چونكە سەرۆكی حكومەت بە بەرپرسیاری یەكەم دەزانرێت. تائێستاش دۆسیەی مووچە بەنادیاری ماوەتەوە كە خەریكە هەڵبژاردن دەكرێت و فەرمانبەران بێ ئومێد بوون لە چارەسەری بنەڕەتی، لەوەش كاریگەر تر دۆسییەی نەوت و ئەو داهاتە زۆرەی دەست پارتی دەكەوت تاڕادەیەكی زۆر بەدەستییەوە نەماوە.
7- بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان: دەستگیركردنی بەكۆمەڵی رۆژنامەنووسان لە هەولێر و دهۆك و زیندانیكردنیان و بوونی حكومەتێكی پۆلیسی، هێندەی تر خەڵكی لە پارتی توڕەكردووە. هەورەها ئێستا لە هەولێریش دەنگی ناڕەزایی زیاتر دەبیسترێت خەڵكی رەخنە دەگرن و زیاتر چاویان كراوەتەوە و ئەم جیلە نوێە هۆشیارترن و دەڵێن:» بە شەو هەولێر بۆ دەوڵەمەندەكانە و شەوانی خۆش بەڕێی دەكەن و بە رۆژ بۆ خەڵكە فەقیرەكەیە خەریكی كاری قورسن.
8- كێشە ناوخۆییەكانی پارتی: لە دوایین كۆنگرە، دەنگی ناڕەزایی بەرزبۆوە و هەندێك لە كادرەكانی پارتی، كۆنگرەی رۆژنامەوانیان كرد و ناڕەزاییان دەربڕی، هەروەها هێنانە پێشەوەی مەسرور بارزانی و ململانێ ناوخۆییەکانیان بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت، ناهاوسەنگیی هەیە لە رووی بانگەشەکردن بۆ کاندیدەکانیان، ئەمە بەجۆرێك لە جۆرەكان دابەشبوون بە حزبەكەوە دیارە و هەستی پێدەكرێت.
9- گوتاری ناسیۆنالیستی: ئەو گوتارەی پارتی كاری لەسەر دەكات گوتارێكی سواوە كە باسی نەتەوەیی بوون و كوردایەتی دەكات، لە دوای ریفراندۆمەوە، خەڵكی لەوە تێگەیشووە كە ئەو دروشمە تەنها بانگەشەیە، چونكە خەڵكی گوندەكانی دهۆك لە پارتی تووڕەن بەهۆی هاتنی سوپای توركیاوە بۆ سنوورەکەیان کەچی باسی ناسنامەی کوردبوون دەکەن، هەروەها بۆیان دەركەوتووە لە چوارچێوەی عیراقدا كێشەكانی كورد چارەسەر دەبن لە مووچە و بودجە لەم هێڵەشدا پارتی لاوازە و لەبەغدا زۆر گوێلێگیراو نییە و بە پێچەوانەوە یەكێتی قسەی زیاتر دەڕوات.
10- ئامارەكانی هەڵبژاردن: لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم زیادیكردووە، بەڵام دەنگەكانی پارتی بەپێی دەرەنجامەكان، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن پارتی دەنگەكانی كەمیكردووە، بەجۆرێك لەنێوان دوو هەڵبژاردندا 200 هەزار دەنگ كەمیكردووە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 زیاتر لە 700 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 دەنگەكانی بۆ 500 هەزار دابەزیوە، بەجۆرێك كە پارێزگای دهۆك قەڵای پارتییە لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا پارتی دوو كورسی كەمیكردووە. هەر لەبەر ئەو هۆكارانەی باسمانكرد پارتی بەجۆرێك دەنگەكانی دادەبەزێت كە لەساڵی 1992 وەوە وێنەی نەبووە.