كـهژاڵ ئهحمهد
مانگی یانزەی ساڵی 2021 ئەو كاتەی لە یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی سلێمانی كارم دەكرد، عەسرێكیان خانمێكی سپیكەلانەی باڵابەرز، هاتە ژوورەكەم و خۆی پێناساندم، پێی وتم ناوی كریستینا كۆیڤونەن -ە و خەڵكی فنلەندایە و رۆژنامەنووس و كۆمەڵناسە و لێكۆڵینەوە لە پرسی نەتەوەی كورد جێگەی بایەخ پێدانییەتی، ئەوكاتە لەگەڵ وەرگێڕەكەی، (حسێن تاڵەبانی) بوو، سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەبوون بۆ كتێبێكی ئەم خانمە سەبارەت بە كاكەییەكان، دواتر ئەو كتێبەی بە كوردیی چاپ كرا بەناونیشانی (تراژیدیای كاكەییەكان، لە ناوچە جێناكۆكەكانی عیراق، هوشیاركردنەوە لە پرۆسەیەكی كۆمەڵكوژی). خۆشحاڵانە لەم رۆژانەدا دووبارە ئەم خانمە رۆح جوان و خاكییەم بینییەوە كە نووسەرێكی دۆستی كورد و دۆزەكەیەتی، ئەمجارە كریستینا بە پڕۆژەی كتێبێكی دیكەی گرنگ و كاریگەرەوە سەری هەڵدا سەبارەت بە كەركوك، لەگەڵ وەرگێڕێكی دیكەدا كە خاتوو لەنجە ئەحمەدە و كتێبەكەش بە ناونیشانی ( كەركوک شاری ئاگر)ە و لە بڵاوكراوەكانی بۆردی راگەیاندنی مەكتەبی راگەیاندن و هوشیارییە. لە بەشی كۆتایی كتێبەكەدا وەك نووسەرێكی بیانیی بێ لایەن باسی بارودۆخی كەركوكی دوای 16 ئۆكتۆبەر دەكات و زۆر راستیی بە بەڵگەوە دەخاتە روو لەبەرئەوەی لە كاتی خۆیدا چۆتە بەرەكانی شەڕ و چەندین دیداری ئەنجامداوە و لێدوانی وەرگرتووە، باس لە هەرسێ بەرەی كورد، شیعە و سونە دەكات و ئاماژە بە نەمانی ئاسایش و تەشەنە سەندنەوەی داعش دەكات لە دوای لاوازبوونی دەسەڵاتی كورد لە شارەكەدا. كتێبەكە بە داتا تەعریب كردنی كەركوك و دەوروبەری دەخاتەڕوو، تەنانەت باس لە بە شیعە كردنی هەنێ شاری سونە نشین دەكات. ئەم كتێبەی كریستینا وەك كتێبەكانی تری مێژووی قۆناغێكی هەستیار و كاریگەر دەگێڕێتەوە بە وردەكارییەكەوە كە سەرەداوی زۆر نهێنی بۆ خوێنەری بیانی و تەنانەت كوردیش بەیان دەكات و بە گیانێكی مرۆڤدۆستانە و بێ لایەنانە راستییەكان دەخاتەڕوو.
كتێبی(كەركوك شاری ئاگر) یانزەهەمین كتێبی كریستینایە سەبارەت بە كورد و سێهەم كتێبیەتی سەبارەت بە كەركوك.
ئەم خانمە كە حەز بە لەبەركردنی جلی كوردی و خواردنی كوردی و ئاڵای كوردستان دەكات، خاوەنی كتێبێكی دیكەشە كە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی كوردیی بە ناونیشانی (جەنگی شاراوە لە باكوری كوردستان)، ئەمەیان تێزی دكتۆراكەیەتی، بۆ نووسینی ئەم كتێبە چەند ساڵێك لە توركیا ژیاوە و بۆ كتێبەكەی لەسەر كەركوك ماوەیەك لە باشووری كوردستان بووە. پێم وایە بۆ ئەم كتێبانە و هەموو بەرهەم و كۆڕ و ماندووبوونەكانی، د.كریستینا شایستەی رێزێكی گەورەیە، هەقە كتێبەكانی بخوێندرێنەوە و پرۆژە رووناكبیرییەكانی هاوكاریی بكرێن، لەبەرئەوەی بەرهەمەكانی خزمەت كردنە بە مەسەلە بایەخدارەكانی مێژووی دوور و نزیكی كورد.
نموونەی كریستیناو هەموو ئەوانە زۆربێت، كە كتێبخانەی مێژووی كورد بە كتێبەكانیان رووناك و ئاوەدانتر دەكەنەوە.
فۆتۆگرافەری ئەمریكیی سۆزان مایسلاس و كتێبە بەهادارەكەی (كورد لە سێبەری مێژوو)دا، نموونەیەكی تری هاوشێوە و شایستە بە ئاماژە پێدانە وەك چۆن كتێبەكانی كریستینا كارێك بۆ ئێمە دەكەن كە خۆمان حەزدەكەین بۆ ئایندەمانی بكەین، بەڵام یان نەمان كردووە، یان كەم و كورتیی كارەكانمان زۆربووە. ئێمە پێویستمان بە كاری مەیدانییە بۆ گواستنەوەی راستیی رووداوەكان سەبارەت بە میللەتەكەمان.