مرۆڤ ناچارە لەهەندێ هەنگاوی تەم و مژاوی بە گومان بێت، بەتایبەت لە بابەتی ناوچە دابڕێنراوەکان، یان بەقەولی رایەداران ناوچە کێشەلەسەرەکان، چونکە ئەو ناوچانە هێشتاکە یەکلانەبوونەتەوە، چارەسەری ریشەیی نەکراون، بێسەرەوبەرەیی زۆریان تێدایە، چۆن دەکرێ بێ دانانی رێ و شوێنی گونجاو سەر ژمێریان تیا بکرێت، من لەگەڵ ئەوەدام کەرکوک هی کەرکوکییەکان بێت، بەو کەرکوکیانەشەوە کە لەپەنجاکانی سەدەی رابردوەوە لەو شارە دەردەکرێن و ئێستا بە هەزاران خێزان پەراگەندەی وڵاتانن، بەڵام ئەمە چۆن دەکرێت، هەڵبەت بە ئاوەز، ئیدی نازانم داخۆ ئەم دەسەڵاتە باکی بەئاوەزە یاخود نەخێر.
کە دەڵێین کەرکوکی کەرکوکییەکان نیاز و مەبەست روونن، خۆ کورد لە ژیانیدا لە هیچ ئاقارێکی خۆی دەرگای بەڕووی کەسدا دانەخستووە، کوردەواری ئەوەندە میواندۆست بوونە هەمیشە دەرگایان وازبووە، ناسیاوێکمان هەبوو، هەموو جار دەیگوت خودایە نانی ئەم ژەمە بێ میوان نەخۆم، کەرکوکی کەرکوکییەکان ئەو بیرکردنەوەیەی گەرەکە، پەرەدان بەم گیانە پڕ لە عیشق و میهرە پێویستی بەهەندێ قوربانیدانی هەمووانە، ئێ ناکرێت هەر لایەک قوربانی بدات و ئەوانی دیکەش جوڵە نەکەن.
سروشتی کەرکوک واهەڵکەوتووە، هەرکەس بێتە ئامێزی بە قورسی پشتی تێدەکات، مەگەر مشەخۆری پارەو تاڵانی، یان خەڵکانێک کە بەزەبری هێز و لە بن چەکمەی عەرەباندن و تاراندنا راوبنرێن، لەوە بەدەر شارەکە هێزی عیشقکێشکردنێکی سەیری هەیە، ئەوەی بچێتە ناوی دەبێتە کەرکوکی زادەو قال و بەلا لێکیان ناکاتەوە، وەکی ئەو پیرەژنە کوردەی هەر شەش مانگ جارێ بەعس تەڕحیلی دەکرد و ئەو لەگەڕەکێکی ترەوە سەری دەردەهێنا، ئەم سروشتە ئەوەمان لێدەخوازێت، هێندە بەگیر و گاز نەبین بۆ بەڕێوەچوونی شارەکە و تەماشایەکی یەک دوو ساڵی دادێ بکەین، بەڵام بێ ئەوەی لەوەخۆش بین لە عانی سەرژمێریدا، ئەو هەموو کەرکوکییە لەبیر بکرێن، ئێ هەرەزۆری ئەوان ستەم وڵاتبەدەری کردوون، تەنانەت لەڕێ و بانیش یەکتر دەبینن، دەکەونە حەکایەتی شار و باس و خواسی گەڕەک و مەکتەب و قەڵا و تۆپانێ و تا دوماهی.
کەرکوکی کەرکوکییەکان جێی کاکە و یابە و قارداش و ئەوانی دیکەشی تێدا دەبێتەوە، کەس لەو شارە زیاد نییە مەگەر ئەوانەی بەزۆر هێنراون، یان ئەوانەی وەک گوتیان دۆشییان و تێیان تەقاند، ئەوەشمان بیر نەچێت، هەندێک، بێ ئەوەی دەنکە گوێزێکیان لێدەست بکەوێت، باجی گەورەیان بۆی دا، هەر نا نمونەی دەیان ماڵی وەک خانەوادەی ساڵح سەعید و مەلا محێدین و مامۆستا رەشاد و زۆری تر، ئیدی ئەوەش کەرکوک کە بۆ هەندێک بەردەکەی سیزیفە و بۆ هەندێکی تر گەنجی قارون، پێموایە دانا عەسکەری هاوڕێ وتارێکی بە نێوی کەرکوک و بەردەکەی سیزیف وەشاندبوو، شەهید سۆرانی مامە حەمەش هەر وای دەبینی.
من پێمخۆشە کەرکوک بەقەد ئەوەی هی ئەسیری و مامەند کەرکوکییە هی عەتا تەرزی باشیش بێت، ئی جان دەمۆ و فازڵ عەزاویش بێت، لێ بەو مەرجەی هەموو هەقیقەت وەک ئەوەی هەیە بیبینن، نەک وەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێت، جوانیەکە لەوەدایە بێ غەرەز کەرکوکی بین و کەسمان تیر و تانە لەوی تر نەدەین.