هـێزی نه‌رم

مانگەشەوی سەركەوتن سەرلە ئێوارە دیارە

10:16 - 2024-10-14
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
368 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 

 

كۆبوونەوە جەماوەرییە سەرسوڕهێنەرەكەی 10/12ی دەڤەری راپەڕین، بۆ پشوازیی كردن لە سەرۆك بافڵ و كاندیدانی لیستی ١٢٩، لە پێنجەمین كەرنەڤاڵی بەشكۆی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، وایكرد خەڵك بە یەقینەوە بڵێن: مانگەشەوی سەركەوتن سەرلە ئێوارە دیارە.
ئەوەی ئەو هەژان و قەرەباڵغی و متمانە پێكردنەی دروست كردووە ئومێدە، ئومێد بە گۆڕانكاریی ریشەیی لە رێڕەوی حوكمڕانیدا. كێشە كەڵەكەبووەكانی چەندان ساڵەی خەڵكی كوردستان پێویستی بە چارەسەری بنچینەیی هەیە، بە دەستێكی پۆڵایین كە زۆر خاكیی و بێ موجامەلە كردن و بەرژەوەندیی خوازیی لە خەمی باشكردنی دۆخی خراپی حوكمدارییدا بێت و بیەوێت كۆتایی بە تاكڕەوییەك بهێنێت كە لووتبەرزیی سیاسیی بێ بنەما، بەرهەمی هێناوە نەك شایستەیی. هەمووان گرەویان لەسەر كەسایەتی و كاریزمای سەرنجڕاكێشی سەرۆكە گەنجەكە كردووە و پێیان وایە كاك بافڵ دەتوانێت یەكێتی بەرەو لوتكەی سەركەوتنێكی گەورە ببات. لە مێژە، سەركردەیەكی ئێمە نەیتوانیووە متمانەی دوو توێژی گرنگ بەدەست بهێنێ كە ئەوانیش توێژی غەدر لێكراوی گەنجان و ژنانن، بەڵام سەرۆك بافڵ توانیوویەتی وێرای بەكارهێنانی سیحری خۆی لەسەر هەموو تەمەنەكان، ئەو دوو توێژە (گەنجان و ژنان) بكاتە هاوڕێ و داینەمۆی گۆڕانكارییە چاوەڕوان كراوەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن. كەمی ماوە بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی بێت و كەڤوكوڵی بانگەشە بنیشێتەوە بەڵام كەڤوكوڵی پەیڕەوكردنی دروشمە ئاگرینەكان لە ناخی هەمووماندا دەمێنێتەوە بە ئامانجی گواستنەوەی ئەو كەڤوكوڵە بۆ ناو سندوقەكانی دەنگدان. باشترین ئەدائی نێو هەڵمەتەكە بەبێ ركابەر، ئەدائی سەرۆكە سادە و قسەخۆشەكەی یەكێتی بوو، كە هێشتا كەرنەڤاڵی وتاردانیشی ماوە لە هەولێر. بەرپرسیارێتییەكی گەورە بوو بەڵام كۆبوونەوەی خەڵك لەدەوری لە هەموو ئەو شار و شوێنانەی بۆی چووە، ئەوەمان پێ دەڵێت: هاووڵاتیان ئەم وڵاتە پێویستیان بەم راچەنین و هاتنە ناو خەڵكەی یەكێتی هەبووە، پێویستیان بە گۆڕانكاریی و راستگۆیی سیاسییە، ئەو سەركردانەیان دەوێت كە لەسەر عەرەبانەی لەفە فرۆشێكی نیشتمانەكەیان لە فەیەك بەدەم قسەكردن لەگەڵ ژمارەیەك گەنجدا بەدەم پێكەنینەوە نۆش بكات. داواكانی خەڵك سادەن بەڵام هەموو سیاسییەك ناتوانێت لێیان تێبگات. خەڵك بێزاربووە لەو سەرۆكانەی جلەكانیان گرژترە لە قسە و دەم و چاویان، سادەیی، دۆستانە دووان و رەفتار كردن لەگەڵ جەماوەر، راشكاویی و روونیی لە پەیامدا ئەمانەن كە سەركردەیەكی هاوچەرخ خۆشەویست دەكەن. ئەمانە وادەكەن دەنگی خەڵك بۆ ئەو حزبە بێت كە سەركردەی جێگەی ئومێدی هەبێت. لە كۆتایشدا راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە گەل سەركردە دروست دەكات، سەركردەی كارامەیش دەتوانێت گەل لە نەمان بپارێزێت و حزبەکەی بەرەو سەركەوتنی گەورە ببات.

وتارەکانی نوسەر