ژینگە، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا

10:30 - 2024-10-14
سەركۆ یونس
221 خوێندراوەتەوە

سەرکۆ یونس

بۆئەوەی ژینگە نەبێتە قوربانیی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرجەم لایەنەکانی بەشدارن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەوە لەبەرچاو بگرن لە هەمووبارودۆخێکدا، پاراستنی ژینگە ئەرک و ئەخلاقە

بانگەشەی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە قۆناغی گەرم و گوڕییدایە، لایەن و کاندیدانی ئەم خولە، هەموو هەوڵ و چالاکییەکانیان چڕکردووەتەوە لەپێناو رازیکردنی دەنگی دەنگدەرەکانیاندا.
ئەوەی لەم بابەتەدا، دەمانەوێت تیشکی بخەینەسەر، لایەنی ژینگە و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستانە، لەناو پلان و کارنامەی لیست و کاندیدەکاندا، بەداخەوە دەتوانین بڵێین تا راددەیەک کەمترین بانگەشە بۆ  پاراستن و چاککردنی ژینگە دەکرێت، لە کاتێکدا ژیان بەبێ ژینگەیەکی پاک ئەستەمە. زۆرێک لەوڵاتانی جیهان، بەدەست پیسبوونی ژینگەوە دەناڵێنن، بەشێکی بانگەشە و پلان و کارنامەیان پاراستنی ژینگەیە، بەتایبەتی وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی. ئەم بارودۆخە لە شارە گەورەکانی وەک هەولێر و سلێمانی، بەئاشکرا دیارە و راپۆرتەکان باس لەپیسبوونی ژینگە دەکەن. بەتایبەتی هەولێری پایتەخت، بەهۆی بوونی دەیان پاڵاوگەی ناحکومی و ناتەندروست، کە بەبێ مۆڵەت، دوور لە رێکارەکانی حکومەت کراونەتەوە، رۆژانە هەوای پاکی کوردستان پیس دەکەن. دەرئەنجام بەدەیان و سەدان هاونیشتمانیی تووشی نەخۆشی کوشندە دەبن، کە مەترسیدارترینیان شێرپەنجەیە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، بانگەشە و کارنامەی هەندێک لە لیست و کاندیدەکان، تەنانەت بەشێوەی ناڕاستەوخۆش باس لەم سێکتەرە گرنگەی ژیانی هاونیشتمانیانی هەرێم ناکەن.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی بانگەشەوە، لە زۆربەی شار و شارۆچکە و تەنانەت هەندێ لە گوندەکاندا، پۆستەر و فلێکس و کارتی ناساندنی لیست و کاندیدەکان، هەڵواسراون و بڵاوکراونەتەوە بەدیوار و ستوون و راگری کارەبادا..هتد، هەموو ئەمانە بەجارێک ژینگەی هەرێمیان شێواندووە، ئەگەر لە پاش هەڵبژاردن، بەتەواوی کۆنەکرێنەوە، جارێکی تر ژینگە پیس دەکەنەوە.
بۆیە هیوادارم کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەپاش هەڵبژاردن، رێکار و مەرج و سزای توند بسەپێنن بەسەر ئەو لیست و کاندیدانەدا، کە سەرپێچی و یاساشکێنیان کردووە، لە لانەبردن و هەڵنەگرتنەوەی لافیتە و پۆستەر و فلێکسەکانیاندا.
هەروەها ئەوەشمان لەبیرنەچێت، هەندێکجار بەهۆی قەرەباڵغی لە بانگەشە جەماوەرییەکاندا، هۆڕن و دەنگی بەرزی بڵندگۆکان، ژینگەی بیستراو دەشێوێنن و هاونیشتمانیان بێزار دەکەن.
دواجار بۆئەوەی ژینگە نەبێتە قوربانیی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرجەم کاندیدان و لایەنەکانی بەشدارن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرن، لە هەموو بارودۆخێکدا، پاراستنی ژینگە ئەرک و ئەخلاقە، هەروەها پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە.

وتارەکانی نوسەر