رەهەندە ئابوورییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا

02:21 - 2024-10-15
سەركۆ یونس
195 خوێندراوەتەوە


بەسەرنجدانێکی سادە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆمان دەردەکەوێت، زۆرێک لە لایەن و کاندیدانی پەرلەمان، جەخت لە بواری ئابووری بە هەموو کەرتەکانییەوە دەکەنەوە، کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و گەشتوکوزار، پرۆژەکان و هتد.. 
بێگومان رۆڵی ئابووری لە ئێستای واقعی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و کاسبکاران و بازرگان و وەبەرهێنەران، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و پێمان وایە، لایەنی ئابووری لەم هەڵبژاردنەدا لە پێش رەهەندەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی و ئەمنییەوە دێت، هەر ئابوورییە پێشەنگی خواستی دەنگدەران و ئەولەوییەتی بانگەشەی سەرجەم لیست و لایەنەکانە.
لە راستیدا ئەولەویەتی داواکاری خەڵک، بژێوی ژیانە، دەرفەتی کارە، بۆ ئێستا و داهاتووی تاک و خێزانەکان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، خەڵک و هاونیشتمانیانی هەرێم، بەچەندین قۆناغی سەختی ئابووری و داراییدا تێپەڕین، باری سەرشانیان زۆر قورس و گران بوو، دەرئەنجامی ئەم قەیرانانە، بەشێک لە خێزانەکان، لە یەکترازان و رێژەیەکی خێزانەکان جیابوونەتەوە. هەروەها رێژەیەکی گەورەی گەنجانی خاوەنبڕوانامە، بەڕێگەی قاچاغ، روویان لە ئەوروپا و وڵاتانی تر کرد و ژیانی پەناهەندەییان هەڵبژارد. بەداخەوە لەم پێناوەدا، بەدەیان کوڕ و کچی کۆمەڵگاکەمان، بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە.
نەبوون و دواکەوتنی مووچە لە لایەک، نەبوونی یاسای بودجە بۆ نزیکەی 10 ساڵ لەلایەکی ترەوە، بارودۆخێکی قورس و گرانی خستەسەر شانی هاونیشتیمانیانی هەرێم،
نەبوونی بەشەبودجەی وەبەرهێنان، کەرتی وەبەرهێنانی لە هەرێمدا پەکخست و بەسەدان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی وەستێنراون و کاریان تێدا ناکرێت، بەمەش رێژەی بێکاری لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا، رۆژ لەدوای رۆژ لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.
بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم خولە، بانگەشەیەکی جیاواز و پڕ جموجووڵ و تایبەتە، لەهەمانکاتدا هەڵبژاردنێکی جیاواز و تایبەتیشە، لایەن و لیستەکان زۆرتر و جیاوازترن، سیستەمی هەڵبژاردنیش جیاوازە و فرە بازنەیە، هەر بۆیە پێویستە بانگەشەکان راست و دروست و واقعی بن. 
لەلایەکی ترەوە، خەڵک بەگشتی هۆشیار و چاوکراوەن، بەمانایەکی تر، رەش و سپی و باش و خراپ، خاوەن بەڵێن و بێ بەڵێن، هتد، دەناسن.
هەرچۆنێک بێت، بەڵێن و کارنامەی سەرجەم لیست و کاندیدەکان، گرنگە و بەرپرسیارەتییە، بۆ ئێستا و چوار ساڵی داهاتووی پەرلەمانی.
بێگومان هەموو ئەم کێشە و قەیرانانە، بەهێزێکی نیشتیمانی خاوەن بەڵێن و پلانی واقعی چارەسەر دەکرێن، پاڵپشت بەهێزی  جەماوەری و سەرکردایەتی تۆکمە و خاوەن  بریار.

وتارەکانی نوسەر