ژینگە و گەشەپێدانی ئابووری

10:08 - 2024-11-11
سەركۆ یونس
101 خوێندراوەتەوە

سەرکۆ یونس 

 

گەشەپێدانی ئابووریی هەرێم، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا، کاری کردۆتە سەر ژینگە، ئەم کاریگەرییە زیاتر لە شارە گەورەکانی هەرێمدا دەردەکەوێت





گەشەپێدانی ئابووری، ئامانجی زۆربەی دەوڵەتانی جیهانە، لەم پێناوەدا حکومەتەکان بە پلانی زانستی و واقیعی، هەموو هەوڵێکیان بۆ گەشەپێدانی ئابوورییە. گەشەپێدانی ئابووری کۆمەڵێک پلان و کارڕاپەڕاندن و هەنگاوە، بۆ ئەوەی کەرتە ئابوورییەکان، لە قۆناغی نزمەوە بەرەو قۆناغی بەرزتر و باڵاتر بڕۆن.
ژینگە، وەک پێکهێنەر و رەگەزی سەرەکیی لە پرۆسەی گەشەپێداندا، فاکتەری کارلێکەر و کارلێکراوە، کارلێکەرە لەسەر ئەو بنەمایەی کە بەبێ ژینگە، هیچ پلانێکی ئابووری جێبەجێ ناکرێت، لە هەمانکاتدا کارلێکراوە، چونکە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی پلانە ئابوورییەکان، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژینگە و پێكهاتەکانی دەبێت.
بۆئەوەی لە هەر بارودۆخێکدا، ژینگە پارێزراو بێت، پێویستە لە کاتی ئامادەکردنی پلانە ئابوورییەکاندا بۆ کەرتە جیاوازەکانی ئابووری، رەچاوی رەگەزی ژینگە بکرێت، چونکە ناکرێت لە کاتی جێبەجێکردنی پلاندا، ئاستەنگەکانی ژینگە لەبەرچاو نەگیرێت، لە نموونەی دامەزراندنی کارگەیەک یان پرۆژەیەکی پیشەسازی و کشتوکاڵی، تەنانەت پرۆژەی نیشتەجێبوونیشدا.
جێی باسە، تاک و خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بە گشتی ژینگەدۆست و ژینگەپارێزن، لێرەو لەوێ، جار جار، حاڵەتێکی نەشیاو دەبینرێت، ئەمە نابێت بکرێت بە پێوەر بۆ هەموو کۆمەڵگە.
لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوادا، کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بووەتە ئاستەنگ و بەربەست، ئەم تایبەتمەندی و سیفەتە شارستانییەی تاک و خێزانەکانی کۆمەڵگە، ئومێدبەخشە بۆ ئێستا و دواڕۆژمان.
گەشەپێدانی ئابووریی هەرێم، بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە رێژەی جیاواز لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا، کاری کردۆتە سەر ژینگە، ئەم کاریگەرییە زیاتر لە شارە گەورەکانی هەرێمدا، دەردەکەوێت. هەرچۆنێک و هەرچەندێک بێت، دەکرێت بە رێگەی زانستی و واقیعی، چارەسەر بکرێن.
لە پێناو ژینگەی جوان و پاکژی هەرێمدا، پێویستە زیاتر جەخت بکرێتەوە لەسەر لایەنی پاراستنی ژینگە، بەرژەوەندیی گشتی بکرێت بە پێشینە و مەرجی پێدانی مۆڵەت و رێگەپێدان بە هەر پرۆژەیەک، ببەسرێتەوە بە ئاستی پرۆژەکە لە پاراستنی ژینگەدا.

وتارەکانی نوسەر