کەرکوکییانە

کەرکوک و فاروقی مەلا مستەفا

10:27 - 2024-10-15
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
68 خوێندراوەتەوە

بەر لە تاپۆ رەشەکە، ئەگەر هەندێک تەماعباز رێگرییان لە فاروقی مەلا مستەفا نەکردایە، پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوتی لە کەرکوک دادەنا، هەڵبەت بۆ ئەو کارە دیاربوو مام جەلال هەموو پاڵپشتییەکی دەکرد و هەر ئەویش ئەو پێشنیازەی خستبووە بەردەستی وەک بزانم، من ئەوکاتە بیستم کارەکان زۆر پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و کاری وەرگرتنی زەوی و رۆتیناتی مۆڵەت و زۆر شتی دیکەش تەواو بووە، بەڵام بڕوبیانووی ئەوانەی کاشخۆرن، کارەکەی راگرتبوو، ئیدی بەزمی تاپۆ رەشەکەشی بەسەردا هات، مامیش ئۆغری کردبوو، کارەکە نەکرا.
ئێستا کە کەرکوک هەندێک بەرەو ئاسایبوونەوە دەچێت و خەریکە جۆرێک لە پێکەوەیی بۆ دەگەڕێتەوە، من پێشنیاز بۆ پارێزگار دەکەم، هەمان ئەو بابەتە بێنێتەوە گۆڕێ، دڵنیام فاروقی مەلا مستەفا دەیەوێت خزمەتی ئەو شارە بکات، من پێشتر بۆ رۆژئاڤا و کەرکوک رووم لێناوە و نەیگەڕاندوەتەوە، تەنانەت وەک هاوکاری کەسیش هاوکاری کردووم، هەر وەک چۆن هاوکاری زۆر کەسی دیکەشی کردووە، گەرچی دەشێت وەک پێویست دەستی بە هەموو کارێک رانەگەیشتبێت، بەڵام بۆ کەرکوک نەک هەر ئەو لەسەر هەموو ساماندارێکی کورد ئەرکە بەردێک لەسەر بەردێک دابنرێت.
لە ئێستادا بوونی پاڵاوگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو کە لەگەڵیدا کارخانەی ریسایکلین و سەوزای باش هەبێت، جگە لەخستنەگەڕی هەزاران دەستی کار، یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی دەکرێت ببێتە دەستکەوتی گەورە بۆ ئەم دەستە حوکمڕانەی ئێستا، راستی یەک بەخۆم پێمخۆشە ئەگەر فاروقی مەلا مستەفا ئەو کارە بکات، یان هەرکەسێکی تر، بەڵام لەگەڵ خۆیدا خاوەن سەرمایەی عەرەب و تورکمانیش بەشداری پێ بکات، ئەمجۆرە لەکاری پێکەوەیی، پێکەوەژیانی ئاشتیانە دروست دەکات، ئێمەومانانیش خەمی گەورەمان ئەوەیە، نەک بەرات و نەبات.
بوونیادنانەوەی  کەرکوک و هەڵوەشانەوەی ئاوەزی عەرەباندن کە هەمیشە و بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و نەک هەر ئاوەزی بەشی زۆری عەرەبی عیراقی، تەنانەت ئاوەزی عەرەبی وڵاتانی دیکەش بەوجۆرەیە و زۆر کەم ئەو عەرەبە خاوەن ئاوەزە ئەرێنیانە دەبینی کە چاوی خاوەندارێتیان بەزۆر بێت و بە خوایشت لەسەر شار و شوێنگەی کورد نەبێت، کاری گەورەو گرانی وەک ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە رۆڵی گەورە لە بەهۆش هێنانەوەی مرۆییانەی ئەو ئاوەزەدا دەبینێت.
بەشێکی گرنگی گۆڕینی ئاوەزی نەرێنی بۆ ئەرێنی و پەرەدان بە گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە گرێدراوی ئەوەیە، تۆ گەرەکتە چ شارێک بوونیاد بنێیت و چۆن وابکەی هەموو تێیدا هەست بە تەناهی و بوون و ئارامی و ئاسایش بکەن، کاری لەمجۆرە پێویستی بە بوونیادنانی کارگە و مانیفاکتۆرە، وێڕای ناوەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکتر قەبوڵکردن.

وتارەکانی نوسەر