سەنگەرگرتن لە یەکێتی بۆ کوێتان دەبات؟

10:48 - 2024-10-15
هیوا محەمەد
412 خوێندراوەتەوە

هەموان بەشدار بن لە سەرخستنی یەکێتی و هێنانەدی ئامانجەکانی، نەک لێی داببڕێن و بە شوێن پلەدا بگەڕێن و بە چوونیان بۆ لای نەیارەکانی یەکێتی مێژووەکەی خۆیان بسڕنەوە 

کورد دەڵێت کانییەک ئاوت لێی خواردەوە بەردی تێفڕێ مەدە، یان لێڵی مەکە.
هەرکەسێک شانی دابێتە بەر خەبات و ماندووبوونی چەشتبێت و ئامادە بووبێت گیانی خۆی فیدا بکات لە حزبێکدا، هەرکاتیش بڕوای بە شێوازی خەبات و مامەڵە حزبییەکان نەما، دانیشت یان جێیهێشت بە تەواوی یان سەنگەری گواستەوە، ئیتر شورەییە بە رابردوودا بچێتە خوار و بیەوێت هەموو کارەسات و هەڵەکان بخاتە ملی حزبەکە و ئەوانەی تێیدا بەردەوامن، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسە رۆڵی سەرکردەی بینیبێت و لە ناوەندی بڕیاردا بووبێت. 
بەرپرسیارێتی لە هەڵەکانی رابردوو
لە سەردەمی شۆڕش و پارتیزانیدا، دەکرێت بە بڕیارێکی هەڵە یان کارەساتێکی مێژوویی رووی دابێت، دەستەیەک پێشمەرگە شەهید بووبن، بەڵام هەڵەی نەزانی و پیلانی ئەنقسەت جیاوازن، بۆیە ناکرێت دوای زیاتر لە چەندین ساڵ کەسێک بێت و بە رابردوودا بچێتەوە و هەموو کارەساتەکان لە بچووک و گەورەوە بخاتە ملی کەسانی تر و خۆی لێبێبەری بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو بەرپرسیارە لە گیان لەدەستدانی هەر پێشمەرگەیەک، چونکە ئەو فەرماندەیان بووە.
سەیر لەوەدایە ئەو کادرە یان فەرماندە و سەرکردەیە، تا ئەو ساتەی لە حزبەکەدایە و ( نەتۆراوە) دەبێت بە چەند کەسێکدا تێپەڕیت تا دەیگەیتێ، چونکە حەزی لە بیرۆکراسییە، وابووە کەسی دووەمی ناو حزبەکە بووە، واتا چاک و خراپی حزبەکە ئەویش لێی بەرپرسیارە، کەچی کە جێی دێڵێت، وای باس دەکات کە ئەو هەمیشە ناڕازی بووە لە نێگەتیفەکانی حزب و ئەوەش کە پۆزەتیف بووە بەهۆی ئەمەوە بووە، دەنا ئەوانەی لەوێ ماون هیچیان هێندەی ئەویان پێناکرێت.

ویستیان یەکێتی لاواز بکەن
حزب وەسیلەیەکە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە لە رێگەی حکومڕانییەوە، کەواتە سەرکردەکەش بەرپرسیارە لە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو حزبە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە رابردوودا لە مێژووی دروستبوونی یەکێتییەوە دیتومانە، هەر کەس لێی دابڕابێت، بۆ تەنها جارێکیش نەیوتووە کە ئەو خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە فڵان چالاکی کە دەستەیەک پێشمەرگە تێیدا شەهید بوو، جاری واهەبووە فەرماندەکە و یەک دوانێک دەرباز بوون و ئەوانی تر شەهید بوون. 
حزب بنکەی جێگرە، هەر دەمێنێت، ئەوەی لێی دەبێتەوە وەک پڕیشکی تاشە بەردێکە و کاریگەریی ئەوتۆی نییە، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بە نموونە وەربگرین، ئەمەیان کەرتکردنی یەکێتی بوو، چونکە نیوەی زیاتری جەماوەری یەکێتی لەگەڵ خۆی برد و سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکیش بوو لەگەڵیدا، بەڵام چونکە ئامانجەکانیان، بازدان بوو بەسەر واقیعدا، بۆ نموونە رەخنەی گەورەیان لە سەرۆک مام جەلال بوو کە لەگەڵ پارتیدا نەرمی دەنوێنێ، دژی رێکەوتنی ستراتیژی بوون لەگەڵ پارتی، کەچی  خۆیان پێیەکیان لێرە و پێیەکیان لای پارتی بوو بۆ شکاندنی پایەکانی یەکێتی. 
ئەوان ئەگەرچی زیانی گەورەیان بە یەکێتی و دەڤەری ژێردەسەڵاتی ئەم حزبە گەیاند، خۆشیان توانەوە و جەماوەریان نەما، بە جۆرێک لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵی، تەنها کورسییەکیشیان بەدەستنەهێنا.
 
هەر بە یەکێتی دەکرێت
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، هیچ کەس هێندەی یەکێتی پێناکرێت، هیچ سەرکردەیەکی ئەم حزبە ناتوانێت لە دەرەوەی یەکێتی پێگەی خۆی بەهێز بکات، ئەوە خودی یەکێتییە کە هێزە و دەتوانێت هەر هێزیش بێت و حزبی بە وەفای جەماوەری خۆی بێت و هەڵگری ئاڵای یەکێتی بێت کە دەیان هەزار خۆیان بۆ کردۆتە قوربانی. 
یەکێتی حزبی شەهیدەکانییەتی، دەبێت بە ئامانەتەوە هەموان بەشدار بن لە سەرخستنی یەکێتی و هێنانەدی ئامانجەکانی، نەک لێی داببرێن و بە شوێن پلەدا بگەڕێن و بە چوونیان بۆ لای نەیارەکانی یەکێتی مێژووەکەی خۆیان بسڕنەوە و خۆیانی پێ دوورخەنەوە لە ناو دڵی جەماوەر، دەڵێن رۆژگار دێت و دەڕوات و بەزەیی بۆ کەس نییە.

وتارەکانی نوسەر