کەرکوک بۆ؟ ئەی کێ شەنگالی چۆڵی کرد؟

11:06 - 2024-10-17
هیوا محەمەد
367 خوێندراوەتەوە

دەڵێن لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، حکومەتی عیراق دەکەوێتە دانوستانەوە لەگەڵ(سەرانی شۆڕش) بۆ رێککەوتن، دەگەنە سەر کەرکوک و نەوتەکەی، بەغدا رازی نابێت ئیدارەی کەرکوکیان بداتێ، بەڵام پشکیان لە نەوت پێدەدات و ئیدارەی شارەکانی تری کوردستان- عیراق بکەن.
بەغدا بە رێژەیی قسەیان لەگەڵ دەکات، بەڵام کورد بە تەنەکە بە تەنەکە( ئەوکات نەوت بە تەنەکەی 20 لیتری دەفرۆشرا)، ئەمەش هەر دەیکردەوە نیوە بە نیوە!.
سیاسییە باڵادەستەکانی ئەو دەم، رازی نەبوون بە رێککەوتنامەی 11 ی ئازاری 1970 کە هەموو ئەو دەستکەوتانەی تێدا بوو کە ئێستا دوای54 ساڵ هەمانە، واتا ئەگەر ئەوکات رازیبووینایە بەو مەرجانەی رێککەوتنەکە، ئێستا باشترین کۆمەڵگەی گەشەسەندووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبووین و ئەو هەموو قوربانییەشمان نەدەدا.

پارتی، نەریتێکی هەیە، کە هەڵەی گەورە دەکەن، دەڵێی نەبایان دیوە و نەبۆران، سەر بەرز دەکەنەوە و دەچنەوە پێش و وا خۆیان نیشان دەدەن کە هیچ نەبووە، ئەمەش وایان لێدەکات شەرم لە هیچ نەکەن

پارتی کوردی بەرەو هەڵدێر بردووە
ئەمە بۆ مێژوو هەڵەی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە گوێیان لە کەس نەدەگرت ( هەروەک ئێستا) و پێیان وابوو بەو ژمارە چەکەوە کە پێیانە دەتوانن بەرەنگاری بەغدا ببنەوە و ملکەچی بکەن.
کورد رازی نەبوو، کوردستان شێوا، ماڵوێرانی، زیاتر لە چوار هەزار گوند چۆڵکران و وێران کران، سەدان کەس بوونە قوربانیی ئەنفال. 
کیمابارانی هەڵەبجە و سیوسێنان و زۆر جێگەی تر کرا، هەزاران کەس لە سێدارەدران و شەهید بوون لە داکۆکیکردنیان بۆ خاک و نیشتمان.
ئەوەش کە لەسەرەتاوە تاکە حزبی دەسەڵاتدار بوو پ.د.ک بوو، ئیتر لەدوای ئەمەوە کە حکومەتی عیراق شکستی بە شۆڕشەکەی پارتی هێنا و چۆکی پێدادان، هیچ دانوستانێکی تر لە نێوانیان دروست نەبۆوە تا دوای راپەڕینی 1991 کە پارتی بۆ سپیکردنەوەی رووی خۆی دەستیکرد بە سوجدەبردن بۆ بەغدا، نەبادا ئەوان گرنگیی زیاتر بە یەکێتی بدەن و پشکی کەم بدەن بەوان.
پێشبڕکێی چوونە بەغدایان کرد، دەیان و سەدان سەردانی ژێربەژێریان کردووە بۆ لای بەعس تا پشکە زۆرەکە وەربگرن.
پارتی، نەریتێکی هەیە، کە هەڵەی گەورە دەکەن، دەڵێی نەبایان دیوە و نەبۆران، سەر بەرز دەکەنەوە و دەچنەوە پێش و وا خۆیان نیشان دەدەن کە هیچ نەبووە. ئەمەش وایان لێدەکات شەرم لە هیچ نەکەن و هەموو شت لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی پارتیدا بکەن.
ئاخر خۆ ئەو دەبابانەی لە 31 ی ئاب هێنایانە سەر هەولێر و نزیک سلێمانی هی بەعس بوو، بەڵام بەعس رووخاو ئەو تانکانەی هاتنە سەر کەرکوک هی دوای بەعس بوون، هی ئەوانە بوون کە سەرۆکی هەرێمی ئەوکات بەغدای بە باشترین ناوەند دەزانی بۆ روولێنان و هەرێمیش بەشێکی عیراقی فیدراڵییە نەک  دوژمن.
ئەوان بە ئاشکرا دەیانەوێت هەر خۆیان پاڵەوانی یەکەمی گۆڕەپان بن، تەنانەت ئەگەر خیانەتیش بێت دەبێت هەر خۆیان بیکەن.
دێن بەناوی خەڵکی کەرکوکەوە قسە دەکەن، گوایە ی.ن.ک چۆڵی کردووە، باشە بۆچی ناچن راپرسییەک لە ناو کەرکوک بکەن، بزانن ئەو هەڵوێستەی ئەوکاتی یەکێتی گرتییە بەر لە قازانجی خەڵکی شارەکە بوو یان نا؟ ئەو کات بۆیان دەردەکەوێت کە پیاو ماقووڵانی ئەو شارە ستایشی رۆڵی یەکێتی دەکەن.
پارتی دەیەوێت ئەم 16 ی ئۆکتۆبەرە بەکاربهێنێت بۆ سپیکردنەوەی رۆژە رەشەکەی 31 ی ئاب، بەڵام ناتوانێت، چونکە ئەم دوو رووداوە زۆر دوورن لەیەکەوە، یەکێتی بژاردەی شەڕی نەگرتە بەر لە کەرکوک و چۆڵی کرد و بەهاتنی سوپای عیراقیش خەڵکەکەی قەتڵوعام نەکراوە، یەکێتی سوپای نەهێناوە، ئەوان خۆیان بەپێی رێککەوتنی سەرۆکی هەرێم و بەغدا هاتوون کە بچنە خوارووی کەرکوک و بیخەنەوە ژێر ئیدارەی بەغدا، ئەوە تورکیایە بە هاوکاریی پارتی بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە، لە رێگەی حەشدی تورکمانەوە پێکدادانیان دروستکرد و وەک سەرانی ئەوکاتی سوپاش دەڵێن، کاتێک لە حەشدی شەعبی تورکمانی درا، ئەوانیش ناچار بوون بێنە ناو کەرکوکیش.
سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عیراق، دوو هەفتە پێش رووداوی 16ی ئۆکتۆبەر، بە سەرانی هەرێمی وتووە: دەمانەوێت ناوچە کێشە لەسەرەکان لەلایەنی هێزێکی هاوبەشەوە (واتا سوپا و حەشد و پێشمەرگە) کۆنترۆڵ بکرێت و نایەوێت پێکدادان دروستببێت، بەڵام پارتی لەرێگەی سەرۆکی هەرێم و حکومەتەوە ئەمەی رەتکردۆتەوە، چونکە ئەو خاوەنی هێز و نفوس نەبوو لە کەرکوک و دەوروبەری، دەیزانی ئەمە لە سوودی یەکێتی دەبێت، بۆیە ملی نەدەنا بۆی و چاوەڕوانی پیلانێکی وەک 16 ی ئۆکتۆبەر بوو کە یەکێتییش ناچار بکات لەوێ بکشێتەوە. 

لە نێوان 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەردا
ئێستا با بزانین بەراوردێک لە نێوان 31 ی ئاب و زیان و قوربانییەکان بکەین، لەگەڵ هاتنی سوپای عیراق بۆ کەرکوک و زیان و قوربانییەکان. پارتی بەعسی هێنا بۆ سەر شۆڕشگێڕە کوردەکان و خەڵکی مەدەنی و ئاوارەکردنی سەدان هەزارکەس، بەڵام لە 16 ی ئۆکتۆبەر عیراق بە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و ئەمریکییەکان، ویستی بە ئاشتییانە بێتەوە ئەو ناوچانەی کە پێشتر لێی بوون، بەڵام پارتی بۆ ئەوەی ئەمە بە ئارامی سەرنەگرێت و دۆخی کەرکوکی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی تێک بدات، ئەوەی کرد کە کردی و ئێستاش دەڵێت کەرکوکیان فرۆشت! تەنها بەم پرسیارە ئاساییە دەڵێم بە پارتی: کێ بوو شەنگالی لەسەر سینییەکی ئاڵتوونی دایە دەست داعش و بەپەلە چۆڵی کرد بۆیان تا ئەو هەموو ژن و کچە بەرن بۆ ناو سوریا و پیاوەکانیشان بکوژن؟ ئەرێ ئێوە نەبوون لەوێ؟ ئێوە نەبوون بۆ میدیاکانیش نەدەوەستان دوو لێدوان بدەن، هێندە بە پەلە بوون بۆ پاشەکشێ؟

سوپای عیراق

وتارەکانی نوسەر