دیاردە دزێوەکان

گەراجی وەیس

10:07 - 2024-10-27
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
98 خوێندراوەتەوە

 

- 27 -

هیچ سەرت سوڕنەمێنێت لەم ناونیشانە، رەنگە ئەگەر نیشتەجێی شاری سلێمانی بیت یان لە شوێنێکی دوور و نزیکیشەوە هاتبیت، بە رێکەوت چەند جارێک ئۆتۆمبێلەکەت لەم شوێنەدا وەستاندبێت، کابرای خاوەن گەراجیش هیچ خەتایەکی نییە، لەبەرئەوەی گۆڕ یان مەزاری وەیس کەوتووەتە ناو سووچێکی گەراجەکەیەوە و دیارە هێشتا وەیس وەک پیاوچاکێکی پیرۆز لە یادەوەریی زۆر خەڵکدا ماوەتەوە و دەزانن شوێنەکەی لە کوێدایە.
کارم بەسەر ئەوەوە نییە ئەم وەیسە کێیە و کێ نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت ئەمانە چوونەتە قووڵایی یادەوەریی میللیمانەوە و بوون بە بەشێک لە ژیانی رۆحیی هیچ نەبێت نەوەکانی پێش خۆمان و دەبێت ئێمە رێزی لێ بگرین، لەبەرئەوەی پانتاییەکی گەورەی کەلەپوری داگیر کردووە. ئەمانە چوونەتە ناو گۆرانییەکانمان و پەندەکانمان و چەندین بواری تری ژیانی رۆحیی ئێستا و رابردومانەوە. باشە کەس لە ئێمە هەیە لە ناخەوە کاریگەر نەبێت بەم گۆرانییەی کە وێنەیەکی عاشقانە پیشان دەدات و دنیایەکی تر دەخاتەڕوو:
با بچینە سەر وەیس، وەیس هی خۆمانە    
لە وەیس بپرسین خەتای کاممانە
گەر خەتای من بوو بمکا شێت و وێت
گەر خەتای تۆ بوو خێر نەیەتە رێت  
ئەم وەیسەی باسی دەکەم ئێستا گۆڕێکی داڕووخاوە لە شوێنێکی پشتگوێ خراوی شەقامێکی نێوان هۆتێل سلێمانی پاڵاس و تەلارێکی بیست نهۆمیدا. ئێستا کەس لە یادی نەماوە رۆژگارێک کیژە لاوەکانی ئەودەمی دایک و داپیری ئێمە بە دنیایەک خەونی رەنگا و رەنگەوە دەچوونە سەری و مێلۆیان لە لقەدارەکانی دەبەست و بەردیان لەسەر مەزارەکە دەخستە سەر یەک، ئەگەر بەردی خڕ و لووس لەسەر یەک وەستان و گەڵادارێک کەوتە نێو مێلۆکەوە ئەوە نیازی کەسەکە هاتووەتەدی و کچان بەختیان کراوەتەوە و بە سوارچاکی خەونیان دەگەن، ژنانیش بە مەرام گەیشتوون و کوڕیان دەبێت. ئێستا کەم کەس ئەو رەسم و یادەیان بیرماوە، کاتێک خانمانی شار رۆژانی چوارشەممەیان بۆ تەرخان کردبوو کە بە جوانترین جلیانەوە سەردانی (باخی گەل)یان دەکرد، لەوێشەوە زیارەتێکی وەیسی نازداریان دەکرد و راز و نیازی دڵی خۆیان لەلا بەیان دەکرد.
لەولاشەوە کوڕانی لاوی شار دەور و خولی باخی گەلیان دەدا، بەڵکو ئەمە خوایە لە توێی عەبا و پەچەوە نیگا و بزەیەکی کیژەلاوێک ببینن ئاماژەی بۆ بکات وەرە خوازبێنیم و تازە چوومەتە سەر وەیس و دەستی نەناوە بەڕوومەوە. خەڵکی شار ئێستا بێئاگان لەوەی هەموو پێنج شەممە و هەینییەکی دوای ئەو چوارشەممەیە دنیایەک کاری خێر دەگوزەرا و وەیسیش، کە وەک هەر شەخس و چاکێکی تر لە خەیاڵی ئەو خەڵکەدا چوارشەممان لە ماڵ دەبوو، دەستی بەڕووی نیاز خوازانەوە نەدەنا و کاری بۆ ئاسان دەکردن، بەڵام ئێستا وەیس گۆڕێکی داڕووخاوە و بە دەردی کانی با، دارەکەی شێخ عەباس و گردەکەی یارە چووە کە مەزاری پیرەمێرد و چەند کەسێکی ناوداری شاری لەسەر نێژراوە و هیچ ئاسەوارێک لە مەزاری مامەیارەی سەرکردەی تۆپ چییانی سوپاکەی دوا میری بابانی لێ نییە، بە مەرجێ پیرەمێرد خۆی وەسێتی کردبوو لە تەنیشت یارەوە بە خاک بسپێردرێت. لێرەدا مەبەستم بەرز راگرتنی یادەوەری و ژیانی رۆحیی میللییە و پێگەی هەر میللەتێکیش بەندە بە پارێزگاریکردن لە یادەوەری و مێژووەکەیەوە. نازانم شارەوانی کە بەرپرسی یەکەمی ئەم کارانەیە بۆ ئاگای لێ نییە؟.

وتارەکانی نوسەر