دیاردە دزێوەکان

ئەو دایکانەی بە رووسووری سەریان نایەوە

09:54 - 2024-11-10
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
74 خوێندراوەتەوە

-29- 


لە کورتە باسێکی پێشتردا لەسەر هەندێک حاڵەت قسەم کرد کە چۆن کەسانێک هەن خاوەن پارەی ئەم سەردەمەن، بە هەموو مانا نەرێنییەکەیەوە، کاتێ خوشکێک یان خزمێکی نزیکیان لێی دەقەومێت و هاوسەرەکەی لە دەست دەچێت، ئەم کەسە بە گیرفان دەوڵەمەند و بە نەفسییەت شتی ترە دێت لەجیاتی ئەوەی خۆی یارمەتی و دەستگیرۆییان بکات لە دەرگای چەندین کەسی کاربەدەست و دەسەڵاتدار دەدات بۆئەوەی هەوڵێکی بۆ بدەن ئەم خوشکە یان خزمەی بچێتە بەرنامەی هاوکاری چاودێریی خێزانەوە، یان بە مانا میللییەکەی (بێوەژنانەوە)، کە تا پێش قەیرانی دارایی هەرێمەکەمان وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئەستۆی گرتبوو. هەڵبەت ئەو خانمە لێقەوماوە ئەگەر یاسا و رێساکەی وەزارەت بیگرتایەتەوە بێ هیچ قەید و شەرتێک وەردەگیرا. بەڵام ئەم برا یان خزمە دەوڵەمەندەی دەیتوانی خۆی هاوکاری بکات و ئەو ئەرکە لە ئەستۆی وەزارەت لاببات، ئەگەر بەو تێگەیشتنە سەقەتە مەسەلەکەی لێکنەدایەتەوە، کە ئەمە ماڵی حکومەتە و موڵکی باوکی کەس نییە. بێگومان زۆرێک لە خەڵک ئەم بۆچوونەیان هەیە و هۆکار زۆرن.
جارانی (دەکرێ بڵێم زێڕین) لە رووی رەفتار و ئاکاری خەڵکەوە، کە هێشتا داروبار بەم چەشنەی ئێستا نەشێوابوو. ژنێک کە لێی دەقەوما، لە پاڵ هاوکاری و دڵفراوانیی خزم و خەڵکدا، خۆی چاکی مەردایەتیی لێ هەڵدەکرد و باڵی سۆز و بەرپرسیارێتیی بەسەر منداڵە وردەکانیدا دەکێشا و لە دێهاتی کوردەواریدا بە رەنجی شانی خۆی و هەرەوەزیی خەڵکی گوند کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی دەکرد و جێگەی باوکی بۆ منداڵەکانی دەگرتەوە.
ئێستا لە زمانی کوردیدا وشەگەلی وەک گوڵەوەچنی، بێوەژن کۆشی و دەیان وشە و زاراوەی تر بەری رەنجی ئەو ژنە سەربەرز و رووسوورانەن. لە شارەکانیشدا ئەو جۆرە ژنانە بە نانکردن، بەرگدوورین، لفکەچنی، کڵاوچنی، گوڵەنگ هۆنینەوەی کۆڵوانە، سەروبەستی ژنان، ریشووی مشکی و جامانەی پیاوان و چەندین پیشەی لەم چەشنە، خۆیان و منداڵیشیان دەژیاند و خوێندنی قوتابخانەشیان پێ تەواو دەکردن. ئەمانە هیچ کاتێک بیریان لە مووچەی بێوەژنانە و تەنانەت یارمەتی و هاوکاریی خزم و کەسوکاریش نە دەکردەوە و سەربەرزانە دەستی ماندووی خۆیان لەسەر سکی تێری منداڵەکانیان دادەنا و بە جوانی پێیان دەگەیاندن و دواتر بۆ پیریی لە پاڵ ئەمەکداریی ئەواندا دەحەسانەوە. بۆ زانیاری هەمووان زۆربەی ژنە کرێکارەکانی کارگەی جگەرە و بەرگدوورییەکەی سلێمانی و مافووری هەولێر و کارگەی رستنەکەی کفری و شوێنانی تر لەو جۆرە ژنانە بوون.
لە سەردەمێکدا کە لە فەرمانگەی چاودێریی کۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی کارم دەکرد، زۆرم دەبینی لەو جۆرە کەسانەی لە سەرەوە باسم کردن و هەشبوون دەهاتنە لام و روویان لێ دەنام کەوا کچێکیان، خوشکێکیان یان ژنێکی خزمیان لە دەرەوەی وڵات دەژی و سۆشیاڵی ئەو وڵاتە   وەردەگرێ و دەیانویست لێرەش بێوەژنانەیان بۆ ببڕدرێتەوە. بێگومان ئێمەش کاری وامان پێ نەدەکرا و لەسەر ئەمەش چەندین کەسی بە نەوعێک سەردانی دەکردین یان تەلەفۆنیان بۆ دەکردین و دەیانگوت «کاکە بۆ نایکەن، ماڵی حکومەتە خۆ لە گیرفانی ئێوە دەرناچێت»!.

وتارەکانی نوسەر