حزب لە نێوان سەرکردە و جەماوەردا

09:49 - 2024-10-28
هێدی گەڵاڵی
120 خوێندراوەتەوە

هێدی گەڵاڵی    


هەموو حزبێک پێکهاتەکەی بریتییە لە سەرکردەو سەرکردایەتی لە لایەک و  بنکە جەماوەریەکەی و کادرەکانی لە لایەکی تر، زۆرێک حزب زیندوێتی و بەردەوامبوون و سەرکەوتنی بەهۆی بوونی سەرکردەو سەرکردایەتیەکەیەتی، بە تایبەت ئەگەر  لەناو جەماوەر و خەڵکیدا خۆشەویست و کاریزما بێت، ئەوا هەژموونی سەرکردەکە وایکردووە حزبەکەی لە رەوتی خەباتدا نەکەوێت و بەردەوام بێت، هاوکات حزبی تر هەن سەرکەوتن و هەڵکشانیان بە هۆی دڵسۆزی بنکە جەماوەرییەکەیانەوەیە. 

 

حزبی سەرکەوتوو و جەماوەریی، پێویستە لە یەک کاتدا هەم سەرکردایەتییەکی کاریزما و هەم کادر و جەماوەری دڵسۆز و هۆشیاری هەبێت، واتا کادرەکانی ئەدگاری خوێندکاریان تێدابێت، نەک دەروێش ئاسا بن


ئەدگاری سەرکردە
لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا، حزبی خاوەن جەماوەر هەژموون و قەڵەمڕەویی زیاتر بەرجەستە دەبێت و گەشە دەکات! بەڵام حزبی غەیرە جەماوەری کاتێک هەموو هیوایەک لەسەر تاکە سەرکردەیەک هەڵدەچنێ ئیتر ئەو حزبە لە زیندوویەتی و بەردەوامبوون و گەشەی رێکخستن و سەرکەوتن دادەماڵرێت، هەرچەندە هەندێکجار بۆ ماوەیەکی زەمەنی کاریگەری سەرکردە زۆر لە بنکەی جەماوەری حزبیی زیاترە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی و هەتا سەر نییە.

سەرکردەیەکی جەماوەری
 هەر لەو سۆنگەیەوە، لێدوانی سەرکردەیەکی جەماوەری و خۆنەویست و سادە، بەسە ئەگەر بۆ چەند رۆژێکیش بێت بۆئەوەی زۆرترین جەماوەر و دەنگدەر بهێنێتە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن، بە تایبەتیش ئەگەر سەرکردەکە گەنج بێت و وزەو توانای جەستەیی و  جوڵەی سەرنجڕاکێشانی گوێگر و بینەری تێیدا هەبێت.
 کەواتە لە یەک کاتدا، حزبی زیندوو و براوە و سەرکەوتوو، ئەو حزبەیە، کە هەم سەرکردەکەی و هەم بنکە جەماوەرییەکەی کاریگەر بن و رۆڵیان هەبێت لە بنیاتنان و کردنی حزب بە حزبێکی کاریگەر؛ بەڵام کام سەرکردە؟ بێشک سەرکردەی سادەو پڕ جوڵەو خۆنەویست، نەک سەرکردەی خۆسەپێن و دڕدۆنگ، هەروەها کام جەماوەر و کادر، بێگومان جەماوەر و کادرانی دڵسۆز و دوور لە بەرژەوەندیی کەسی، نەک بەنجکراو و قورمیشکراو.
  بە گشتی حزبی سەرکەوتوو و جەماوەریی، پێویستە لە یەک کاتدا هەم سەرکردایەتییەکی کاریزما و هەم کادر و جەماوەری دڵسۆز و هۆشیاری هەبێت، واتا کادرەکانی ئەدگاری خوێندکاریان تێدابێت، نەک دەروێش ئاسا بن، بەڵام هێشتا دەنگ و هێزی جەماوەر  یەکلاکەرەوەیە و کاریگەرترینە.، لەم سۆنگەیەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەم قۆناغەدا خاوەنی ئەم جۆرە سەرکردە و جەماوەرەیە.

خاوەندارێتی  یەکێتی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1975دا، هزر و وزەی گەنجێکی چل و سێ ساڵە، داینەمۆ بووەو کارەکانی حزبی بەڕێوە بردووە، ئەو گەنجەش مام جەلال بوو، کە بەهاوڕێیەتی ژمارەیەک گەنجی رۆشنفکر و خوێندەوار یەکێتیان دامەزراند و  گەشەیان پێدا، سەرەڕای ئەو هەموو ترازان و جیابوونەوەی گروپ و کەسە لە حزب، هێشتا یەکێتی هێز و قەڵەمڕەویی خۆی پاراستووە، بنکە جەماوەرییەکەی لە گەشەدایە، چونکە یەکێتی خاوەندارێتییەکەی نزیکەی 23 هەزار شەهید و نەوەکانیان و کەمئەندامانی سەنگەر و خەڵکی قوربانیدەرە، هەر حزبێکیش دوای پەنجا ساڵ تەمەن، ئەگەر لە گەشەکردن وەستا، ئەوا پێویستە بەخۆداچوونەوە بکات لە پەیکەری رێکخستن و کارە ناوخۆییەکانیدا.

بەردەوامە لە سەرکەوتن و گەشەکردن

 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021، هەم دەنگەکانی بە رێژەیەکی زۆر زیادی کردووە، هەمیش کورسییەکانی بۆ پەرلەمان زیادی کردووە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە، یەکێتی هێشتا لە گەشەی حزبیی نەکەوتووە و بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی کورد لە عیراقدا.

 



وتارەکانی نوسەر