سەرگوزەشتەی گۆرانیی (بەهاری روو زەرد) لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەولێر

11:13 - 2024-12-18
هێدی گەڵاڵی
67 خوێندراوەتەوە

 هێدی گەڵاڵی

 

هەندێ گۆرانیی هەن لە هەموو قۆناغێك و سەردەمێكدا بە زیندوویی و سەركەوتوویی لە گوێچكەی بیسەران و بینەراندا دەمێننەوە، گۆرانیی (بەهاری روو زەرد) چل و حەوت ساڵ بەر لەئێستا لەلایەن مامۆستا سامان محەمەد، ناسراو بە مەلا سامان شوانی گوتراوە و هەرخۆیشی ئاوازی بۆ داناوە لەسەر زمانی زۆرێك لە خەڵك ماوەتەوە.
لەبارەی چۆنیەتی لە دایكبوونی ئەو گۆرانییە و چۆنیەتی تۆماركردنی لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر، مامۆستا مەلا سامان شوانی وتی: ساڵی 1978شیعری(بەهاری روو زەرد)ی شاعیری مەزنی كورد پیرەمێردی كردۆتە گۆرانیی و ئاوازێكی ناوازەی لە ریتمی سێگای بۆ داناوە، لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر بە هاوكاری مامۆستا رەنجبەر خۆشناو  تۆمارمان كرد. 
مەلا سامان دەڵێت: ئەو شیعرە سیاسییە و كاتی خۆی لە ساڵی 1946پیرەمێردی شاعیر بۆ كۆماری كوردستان لە مەهابادی نووسیوە، كاتێك پێشەوا قازی محەمەد لە سێدارە دەدرێت بەهارەكەی بە روو زەرد و نەهامەتی بۆ گەلی كورد چواندووە، هەربۆیە ماوەیەك پێشكەشكردنی ئەو گۆرانییە لە تەلەفزیۆن قەدەغەكرا!
باسی لەوەشكرد: لە تۆماركردنی ئەو بەرهەمە تیپی هونەری هەولێر كارێكی باشیان بۆ كردم و بایەخی زۆریان پێدا، بە تایبەتیش رەنجبەر خۆشناو بووە هۆكاری ناساندنی من لەم گۆرانیەدا، هەروەها مامۆستا وریا ئەحمەد هاوكاری کردم، لەوەی رێگری لە تۆماركردنی گۆرانیەكەم نەكرێت بەهۆی شیعرەكەوە، بەڵام لەگەڵ وەرگێڕانی هونراوەكە بۆ سەر زمانی عەرەبی تاڕادەیەك مەبەستی شیعرەكەی گۆڕی، بۆیە رەزامەندی وەرگیرا و بەرهەمەكەمان تۆماركرد.
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەوكاتە توانیویەتی تەنیا یەك گۆرانیی تۆمار بكات، وتی: بەهۆكاری سیاسی و ئەو كارەساتەی بەسەر بنەماڵەمەكاندا هات، كاتێك چوار برا و خوشكەزایەكم بەدەستی بەعس شەهیدكران، نەمتوانی درێژە بەكاری هونەریی بدەم، چونكە ئەوكاتە منیش چوومە شاخ و بووم بە پێشمەرگە.
دكتۆر سامان شوانی، ئێستا پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە زانكۆی سلێمانی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان، نەیشاردەوە ئێستا وەك هونەرمەندێكی عیرفانی خاوەنی دوو سیدییە، نزیكەی 25 موناجات و سروودی ئایینی بە مۆسیقاوە تۆماركردووە، زۆربەیان لە مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە لە كەناڵەكانی كەركوك و گەلی كوردستان و كوردساتەوە پەخش دەكرێن.

 


هونەرمەند سامان محەمەد (مەلا سامان)

وتارەکانی نوسەر