دیسان مەترسیی سەرژمێری

10:26 - 2024-11-07
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
140 خوێندراوەتەوە

وادیارە ئیتر سات و وەختی سەرژمێری رۆژ بە رۆژ نزیکتر دەبێتەوە و لایەنی کوردیش وەک پێویست مەترسییەکانی سەر ناوچە دابڕێنراوەکان نابینێت، یان ئەگەر بیشیانبینێت، چارەسەرێکی ئەوتۆی پێ نییە. من لەماوەی بەرێدا چەندین جار بە نووسین و بەرنامەی تەلەفزیۆنی مەترسی سەر ئەو ناوچانەی سنووری مادەی 140-م نیشانداوە، بەڵام کێشە ئەوەیە، دەنگ و هاواری ئێمە زیاتر لە دەنگدانەوەی نێو ئەشکەوت دەچێت و لایەنی پەیوەندیدار  زۆر ناجووڵێت، یەکێک لە مەترسییە هەرە دیارەکانی سەرژمێری لە ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک، ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بەریەککەوتنی لەگەڵ دەستووری عیراقدا دەبێ و لەتەک ماددەی 140ی دەستووردا ناکۆکە کە ئەویان سەرژمێری دوای ئاسایکردنەوەی تیایە، ناکرێت سەرژمێرییەکی ئەو ناوچانە سەرژمێرییەکی دەستووری هەڵبوەشێنێتەوە، یەکەمیان دوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعس و گێڕانەوەی قەزاو ناحێ دابڕێنراوەکانە بۆ سەر کەرکوک و دووەمیان گوایە بەمەبەستی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و  فەرامۆشکردنی هەنگاوەکانی یەکەمە، ئەمە لەڕووی دەستوورییەوە ناجۆرە و ناکرێت نە وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و نە لایەنی کوردی بەهیچ جۆرێک رەزامەندیی بۆ دەربڕن.
خاڵێکی تر کە ئەویش مەترسییە ئەگەر هیچ ئامانجێکی سیاسی و یاساییش لەپشت کردەکەوە نەبن و کارەکە بۆ زانینی داتا و ژمارە و زانیاریی گشتیش بێت، دیسان کێشەیەک هەیە کە ناکرێت بەو جۆرە تێپەڕێت، ئێستا بەم دۆخەی ئێستاوە، سبەی دەرەنجامی سەرژمێری پێمان دەڵێت حەویجە و ناحێکانی گەورەترین و پڕ حەشیمەتترین زۆنی کەرکوکن کە سەرجەم عەرەبن، لە بەرانبەر ئەمەدا هیچ یەک لە قەزاکانی چەمچەماڵ، کەلار، کفری، خورماتوو نەگەڕێنراونەتەوە سەر کەرکوک، واتە لەبەرانبەر قەزایەکی گەورەی وەک حەویجەدا، هیچ قەزایەکی کوردنشین نییە کە باڵانس راست بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئایندە و بۆ زۆر بابەتی سیاسی و یاسایی کێشەی گەورەن. سەیرە لایەنی کوردی بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم پرسە نەکردووە.
سەرژمێریی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان مامەڵە کردنە لەگەڵ داتاو رێژە و ژمارە، لێرەوە دەبێت لەوە تێبگەین ئەگەر پرۆسەکە بەم جۆرە بڕوات، ئەوا بەدەستی خۆمان بەشدار دەبین لە هەمان پرۆسەی عەرەباندنی بەعس لە هەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکاندا، چونکە ئیدی ئەو داتا و ژمارانە دەچنە نێو دەفتەری سەرژمێرییەوە و دواتر ئەگەر قەزا دابڕێنراوەکانیش بگەڕێنرێنەوە، هیچ لە داتاو رێژە و ژمارەکان ناگۆڕێت، بۆیە پێویستە لایەنی کوردی دیقەتی ئەم خاڵە بدات و هەڵوەستەی لەسەر بکات.
سەرژمێری تابڵێی کارێکی دروست و باشە و لەدنیای پێشکەووتودا لەوە دەرچووە 10 ساڵ جارێک بکرێت و مانگانە و ساڵانە و تەنانەت بە سەعات هەموو داتا و زانیارییەک دەچێتە بانکی زانیاری و پلانی حکومەتەوە، دواکەوتنی لە عیراق و کوردستان، زیانی گەورەی لە بوارە جیاجیاکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پەروەردە و تەندروستی و نیشتەجێبوون و زۆر لایەنی دیکە داوە، بۆیە پێویستە وێڕای گرنگییەکەی مەترسییەکەی لەبەر چاو بگیرێت و قسەی حسابیی لەبارەوە بکرێت.

وتارەکانی نوسەر