کەرکوکییانە

گرتنی جوتیارەکانی داقوق

09:47 - 2024-10-29
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
75 خوێندراوەتەوە

سوپا بەچ هەقێ دەچێت لە کاتی ئیش و کار و لەسەر زەوی باوباپیری خۆیان ئەو جوتیارە کوردانە قۆڵبەست دەکات؟

راستییەکە ئەوەیە، کە نابێت سوپا لە بابەتی ململانێی نێوان جوتیارە کوردە خاوەن مافەکان و ئەوانەی کە لە شوێنی ترەوە هێنراون بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەویە کشتوکاڵییەکاندا بگرن لایەنگری بکات، جوتیارە کوردەکانی داقوق نەچونەتە سەر زەۆی کەس، دەستیان بەسەر زەوی و زاری کەسدا نەگرتووە، ئەوان تەنها دەیانەوێ سەرگەرمی وەرزێری خۆیان بن، گرتنیان لەلایەن سوپاوە ئەگەر بۆ چەند خولەکێکیش بێت، جۆرێکە لە لایەنگری و هەروەها ستەمیشە لەو جوتیارانە، ئەو لایەنگری و ستەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە، بەتایبەت کە لەم رۆژانەدا قایمقامێکی عەرەب بۆ قەزاکە دانرا، کە هیوام وایە رێنمایی ئەوە کرابێت کە قوربانی و جەلاد ببینێت.
دەبێت لەڕیشەوە کێشەی زەوی و زارە داگیرکراوەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان چارەسەر بکرێت، بەپێی قانونیش ئەوە چارەسەر کراوە، بەعس خۆی و بڕیارەکانی هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا نیەتێکی جوامێرانەی نەتەوەی سەر دەست نییە بۆ چارەسەری تەواوەتی کێشەکە، هێشتا جوتیاری کورد لە تەواوی ئەو ناوچانە لە نیگەرانییەکی قوڵدا دەژین، دادوەری گوێزەرەوە ئەرکی ساڕێژکردنی برین و سڕینەوەی بیرکردنەوەی ناسیونالیزمی کوێر بینە، ناسیونالیزمی کوێر بین، یان ئەوی تر نەبین، پێویستی بە پەروەردە و وانەی ئاکارییە، تا چیتر چاوی لەسەر موڵک و ماڵی خەڵکی تر نەبێت، ئەم پەروەردە و بوونیادنانەوەیە ئەرکی دەوڵەتە.
من تێناگەم سوپا بەچ هەقێ دەچێت لە کاتی ئیش و کار و لەسەر زەوی باوباپیری خۆیان ئەو جوتیارە کوردانە قۆڵبەست دەکات، ئاخر سوپا کەی کاری ئەوەیە لەو بابەتەدا، بەو جۆرە ناشایستەیە داوەری بکات، ئێستا ئەرکی وەزارەتی بەرگری و پارێزگاری کەرکوکە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن و لێپرسینەوە بکەن، چونکە هەرگیز رێی تێناچێت، ئەم ناشرینییە بێ ئامانج کرابێت، چەند جوان دەبوو سوپای عیراق لانی کەم لە روانداوە فێری پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکتر قەبوڵکردن بوونایە، ئایە عیراق بەقەد رواندا ئاوەزی ساڕێژکردنی برینی نییە، یان لە بنەڕەتدا نیازێکی لەو شێوەیە بوونی نییە.
ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا روویدا دوو کەلێنی دیکەشی نیشان داین، یەکەم نەبوونی پەرلەمانی کوردستان، تا لەو گرفتانەدا بێتە سەر هێڵ و هەروەها نەبوونی دەستوری هەرێمی کوردستان، کە سی ساڵە بە بەرنامە و لەبەر دڵی دەر و دراوسێ دوا دەخرێت، کەلێنی دووەم نەبوونی رێژەی پێویستی کوردە لە نێو سوپای عیراقیدا، بە تایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەکان، ناکرێت لە سوپایەکی زل و زەبەلاحدا بە بیانوی ناجۆر کورد نەبێت، من پێموایە ئەمەیان ناسیۆنالیزمی سەرچیغی کورد لێی بەرپرسیارە، چونکە دۆخێکی ئەفراندووە، کورد سڵ بکاتەوە لەوەی بچێتە نێو سوپای عیراقەوە، لە کاتێکدا ئەو سوپایە دەبێت هی هەموو پێکهاتەکان بێت، تۆ بڵێی کەس داوای لێبوردنی لەو جوتیارانە کردبێت، ئەمە پڕسیارێکی سادەو رەوایەو هیچی تر.

وتارەکانی نوسەر