کەرکوکییانە

کەرکوک و میدیای عەرەبی

09:58 - 2024-11-12
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
90 خوێندراوەتەوە

کەرکوک مێژوویەکی پڕ خوێن و نەهامەتی هەیە، چەندین خانەوادەی کوردی ئەو پارێزگایە هەر بەهۆی کورد بوونەوە لە ریشە کێشراون

راپۆرتێکی ماڵپەڕی جەزیرەی عەرەبیم خوێندەوە، لەسەر مەترسییەکانی سەرژمێری لە کەرکوک و ئەو ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوانەی بە درێژایی دەیان ساڵ عەرەباندن و بەعساندن و تاراندن و سڕینەوەی کوردیان تیا بەڕێوە چووە، ناونیشانی راپۆرتەکە سەرنجی راکێشام وتم رەنگە ئێستا باسی ئەو ستەمکاریە بکات کە لە کورد و هەندێجار تورکمانیش کراوە، کەچی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە رێک پێچەوانەی ئەو خەیاڵەی من بوو، لە راپۆرتەکەدا عەرەب و تورکمان دیداریان لەگەڵ کرابوو، بۆ تامی بابەتەکەش کادیری لایەنێکی کوردی دوو قسەی کردبوو، بەڵام تەواوی راپۆرتەکە ناهەقیەکی گەورە بوو بە کورد وەک قوربانی مێژوویەکی خوێناوی لکێنراو بە وڵاتێکەوە، کە تا ئێستا وەک هاووڵاتیی هاوپلەی عەرەب سەیری ناکات، ئەمەش گرفتی ئەو ئاوەزەیە کە لە پشت میدیای عەرەبیەوە هەیە.
میدیای عەرەبی بە گشتی وێڕای ئەوەی هێشتا نەیتوانیوە خۆی لە ئاوەزی ناسیۆنالیزمانەی کوێربین رزگار بکات، ناشیەوێ جگە لە برینی خۆی برینی کەسی تر ببینێت،  بۆ نموونە، لە ناو هەموو میدیای عەرەبیدا چوار راپۆرتی گرنگ و فراوان لەسەر ئەنفال، تەعریبی کوردستان، جینۆسایدی کورد نادۆزیتەوە، هیچ شاعیرێکیان نییە بە کورد بڵێ برای کوردم وەک چۆن گۆران دەڵێ برای عەرەبی چاوڕەشم، سەدان شیعر و نووسین و چیرۆک و شانامەمان لەسەر فەلەستین و جەزائیر هەیە، یەک میدیای فەلەستینی و جەزائیری رۆژێ نەیپەرژا، یان نەیویست دوو قسەی خێر بۆ کوردی بەلەنگاز بکات، جەزائیر لە بری قسەی خێر بوو بە شوێنی بڕیاری مەرگی کورد.
کەرکوک مێژوویەکی پڕ خوێن و نەهامەتیی هەیە، چەندین خانەوادەی کوردی ئەو پارێزگایە هەر بەهۆی کوردبوونەوە لە ریشە کێشراون، تەنها لە دوای کەوتنی بتەکانی سەدامەوە لە 2003 زیاتر لە هەزار ماڵی کورد لە حەویجە و دەوروبەری دەرکراون، کوردی کاکەیی سەدانیان بە ناهەق لێ تیرۆر کرا، رۆژ نییە گێچەڵ بە جوتیاری پەڵکانە و دوبز و داقوق نەگێڕدرێ، هەر لەبەر کورد بوون و هیچی تر، تا ئێستا نە جەزیرە و نە هیچ میدیایەکی عەرەبی چوار راپۆرتیان لەو بارەیەوە نەکردوە، بەڵام سبەی بچوکترین شت لە کەرکوک روبدات و زەرەری بۆ پەزەکانی ماڵە عەرەبێک هەبێت، دەیکەن بە رۆژی خۆیان.
میدیای عەرەبی دەرهەق بە کەرکوک و ئەم ناوچانە، پێویستی بە کەمێک مرۆیی بوونە، کەمێک بینینی هەقیقەت وەک خۆی، زۆر کێماسییە ئەو میدیایە ئاگای لەو هەموو ستەم و نادادیە نەبێت کە بەرانبەر بە کورد کراون، لانی کەم بڕۆن جیاوازی نێوان دە گوندی کوردی تەک کەرکوکی پێش ئەنفال و ئێستا بەراورد بکەن، بزانن جینۆساید و سڕینەوە چی بە کورد کردووە، یاروەلی و سۆنەگۆلی  و چیمەنەکان و زۆری تر، چەند خولەکێک لەکەرکوکەوە دوورن، بزانن چی گوزەراوە، میدیا دەبێ ئازار و برین و ژیان و بزەی هەموان ببینێت.

وتارەکانی نوسەر