پێکهێنانی حکومەت لەبەردەم دانوستانی سەختدا
یەكێتی بە هەمووشت رازی نابێت و چاوی لە پۆستی سەرەکی و وەزارەتی سیادی هەیە لە حکومەتدا و لەوەش نایەتەخوارەوە
زۆرینەی گریمانەکان بۆ ئەوەیە کە پێكهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم، بەهۆی ئاڵەنگارییە سیاسی و سایكۆلۆژییەكانی بەردەمی بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەم پرسەدا رەنگە لایەنەکان بیانەوێ تای هەڵبژاردن نەیەتە خوارێ و بە نەفەسی بانگەشە و لە چوارچێوەی هەمان گوتار و ستراتیژدا بمێننەوە و ئەوانەی بەشێكن لە دەسەڵات بە دروشم و ستراتیژی خۆیان و ئەوانەشی وێنای ئۆپۆزسیۆن بوون دەكەن، هەمان گوتاریان بۆ داهاتوو هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمە رەنگدانەوەی واقیعێكی ناوخۆیی بێت شتێكە و ئەسڵی بەرپرسیارێتی و پابەندییە ناوخۆیی و هەرێمیەكانیش بابەتێکی ترە، بەتایبەتی كە ئێستا و لەیەکەمین هەنگاودا ئەندامانی وەفدی هەردوو حزبە سەرەکییەکە دیاریکراون، بەگوێرەی ئەندامانی وەفدەکانی دانوستاندن بێت، تەنها بەستەڵەکی دوای هەڵبژاردن دەتوێننەوە و دەرگاکانی گفتوگۆ دەکەنەوە بۆ بەردەم مێزی گفتوگۆی سەرۆکەکان، یان براوە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن، بەبێ کوالسیۆنی هەردوو حزبە سەرەکییەکە حکومەت نایەتە گۆڕێ و دروست نابێت.
لە دیداری مێری کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەم سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و هەم کاک نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری سەرۆكی پارتی، بەڕوونی باسیان لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و گەشبینانە وێنە گەورەکەیان خستەڕوو کە هاوبەشی راستەقینەیە، وێنەیەك كە دەشێت سەرەڕای پابەندبوون بە ستراتیژیی بەرنامەی هەڵبژاردنی قۆناغی هەڵمەتی بانگەشە، بەڵام بۆ كوردستانێكی سەقامگیر رەچاوی ئەوە بكرێت كە بەرزبوونەوەی تای سیاسی لەم قۆناغەدا پەیوەندیی بە مەرج و خواستی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
روونە كە یەكێتی بەیانیكردووە، لەئێستاوە دیارە بە هەمووشت رازی نابێت و چاوی لە پۆستی سەرەکی و سیادی و وەزارەتی بە ئەرک هەیە لە حکومەتدا و لەوەش نایەتەخوارەوە، ئەمەش هۆكارە كە پێكهێنانی كابینەی حكومەتی ئایندە ئاسان نابێت و ئاڵەنگاریی گەورە لەبەردەمیدا قوتببێتەوە.
ئەم ئاستەنگ و ئاریشە سیاسییە قورسە، چەندیش قورس بێت هەرگیز ناچێتە دۆخی چەقبەستنی سیاسی و لەیەکترازانی ناوماڵی کورد و ماڵی كورد بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە، و پارێزگاری لێدەكرێت.
ئایندەش وەڵامی ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دەداتەوە کە چۆن پێکدێت؟.