هێرۆخان، خەباتگێڕێكی نیشتمانی

09:21 - 2024-11-19
رێبین عومه‌ر‌
40 خوێندراوەتەوە

رێبین عومەر

 

 لەبارەی ئەو وێنەیەی سەر دیواربەندی شەقامی سالمی شاری شاران، دەمەوێ باس لەوەبكەم كە هێرۆخان ژنێكی خەباتگێڕی نیشتمانیی؛ نەتەوەكەی خۆیەتی. دەهێنێت زیاتر لەوەی بۆ بكرێت و لە یاد و یادگەدابێت و هەموو رۆژ لە بیر و هزردا بێت و رێگە رۆشنبێت.
هێرۆخان.. جگەلەوەی كچی گەورەی تێكۆشەری كوردایەتی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و هاوسەری سەرۆك مام جەلال و هەڤاڵی رێگەی خەباتی نەتەوەیی بووە، بەڵام جەوهەری كەسایەتی خۆی خاوەن كاریزما بووە و بەكاریگەربووە و بە هێز و وزەی خۆی خەباتی بۆ ئازادی و دیموكراسی و سەربەستی گەلی كورد كردووە جگەلەوەی بەرەنگاری فاشیزم بۆتەوە؛ هاوشان سەرسەختانە كاری بۆ نەهێشتنی دیاردەی كۆنەپارێزی و چەوسانەوەی نێو كۆمەڵگە كردووە؛ دادپەروەرانە هەوڵی یەكسانیخوازی داوە و ماف بەخش بووە.
“ئەم سەنگینەی كوردایەتی، كەمی نەكردووە”
لە خۆشی و ناخۆشیی گەلەكەیدا بەشداربووە، دوور لە دوو منداڵەكەی، لە سەختی شاخ و خەبات ژیاوە.
هێرۆخان.. بە دامەزرێنەری میدیای دوور لە حزب و میدیای نیشتمانی دادەنرێت لە هەرێمی كوردستاندا و پارێزەری رەوتی رەخنەگران بووە. هێزی شۆڕشی نەرم بووە و برەوی بە كەلتور و هونەری كوردی داوە.
لە سەردەمی سەختی و نەهامەتیدا گەلێك ئەرشیفی بە كامێراكەی تۆماركردووە. بۆ وێنە بۆردومانی گوندی بالیسان بە چەكی كیمیاوی و سووتانی گوندەكانی كوردستان و داستانەكانی شۆڕشی نوێ و قارەمانێتی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ، هەموو بەدەستە رەنگینەكانی دادەی كوردایەتی تۆماركراوە. ئەگەر دووربینی هێرۆخان نەبوایە؛ هیچ لەوانە دروست نەدەبوون و بێ ئەرشیف شۆڕشێك بەڕێدەكرا خاڵی لە تۆماری مێژوویی.
بۆ شاری سلێمانی؛ هێرۆخان خەمخۆری شاری شاران بووە
لە سەردەمی دوای راپەڕین لە ساڵی 1991 زۆرێك لە ناوەندە كەلتورییەكانی ئەم شارەی پاراست و رێگریی كرد لە رووخانی بینای ئەمنەسورەكە و دواجار كردیە مۆزەخانە تا لەیادنەچێت و ستەمكاریی بەعس و چەوسانەوەی ئەو رژێمە بگاتە نەوەكانی ئایندە.
هێرۆخان، لە رێگەی منداڵپارێز و سەنتەری گەنجان خزمەتی بە چینەكانی ناوەڕاست و خوارووی كۆمەڵگە كرد؛ كە تا ئێستاش بەردەوامن لە خزمەتكردن. 
پرۆژەی خەڵوەتگەی پیری و خانەی منداڵانی بێسەرپەرشت، هەر بیرۆكەی ئەو خاتوونە بوون.
هێرۆخان، ژنێكی نیشتمانی و سادە و خاكی بوو، بە كارەكانی خزمەتی زۆری بە سلێمانی كرد و شارستانیەتی سلێمانی لە فەوتان پاراست.
دەهێنێت وێنەكەی هەمیشە لەپێشچاوبێت و ناوەكەی گەورە و بڵندبێت و وەك ئەستێرەیەك بدرەوشێتەوە.

 



وتارەکانی نوسەر