خۆمانە و خێزانیی

دایک لە بەرگێکی نوێدا

10:09 - 2024-11-11
رۆزا دڵشاد مەریوانی
99 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

(26)

دەوترێت دایکایەتی لە کۆندا زەحمەتتر بووە، ئەوان هەموو کارێکی ماڵیان بە دەستی خۆیان کردووە و منداڵی زیاتریان گەورە و پەروەردە کردووە، هەروەها دەوترێت دایکی ئێستا هەموو کارئاسانییەکی بۆ کراوە و ئامێرەکان و تەکنۆلۆژیا یارمەتیدەرێکی باشی دایکانن، بەڵام ئەوەی زۆرجار لەبیر دەکرێت ئەوەیە، دایکی ئێستا زۆربەی جگە لە کاری ماڵەوە بەرپرسیارێتی کاری دەرەوەشی لەسەرە، هەروەها ئەو تەکنۆلۆژیایەی بە یارمەتیدەری دایک دادەنرێت چەکێکی دوو سەرەیە و بگرە زۆرجار دوژمنێکی گەورەشە، بۆ نموونە منداڵێک جوانترین پەروەردە دەکرێت، بەڵام دەبینین ئەو تەکنۆلۆژیایە کە ناتوانرێت لە سەدا سەد کۆنتڕۆڵ بکرێت تووشی لادانی دەکات، چونکە بێ هیچ سانسۆرێک دێتە نێو ماڵ و خێزانەکانمانەوە و دەتوانێت کاریگەری زۆر خراپ لەسەر باشترین و بە رەوشتترین منداڵ دروست بکات. دەکرێت لە رێی ئەو تەکنۆلۆژیایەوە هاوڕێی خراپ بناسێت و فێری هەندێ ئاکاری خراپی بکەن، کە سادەترینیان جگەرە و ڤەیپ کێشانە. دەکرێت ژیانی سەردەم و پێشکەوتنی کۆمەڵگە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر خێزانەکان هەبێت، بۆیە دەبێت دایک زیاتر لە باوک ئاگادار بێت و مێشکی بۆ هەموو ئەگەرێک کراوە بێت، ئەوەشە وادەکات ئەرکی دایکی ئەم سەردەمە گرانتر بێت، چونکە پێویستی بەوەیە بەردەوام لە سەدا سەدی رۆژەکەی ئاگاداری منداڵەکانی بێت، نەک وەک دایکی جاران تەنیا ئەو کاتانەی لە دەرەوەی ماڵە و لەگەڵ هاوڕێکانیدایە، نەبادا تووشی رووداوێکی نەخوازراو ببێت.

 

ئێستا ئەو هاوڕێ خراپە، دەتوانێت لە رێی ئامێرە زیرەکەکانەوە زۆربەی کاتەکانی رۆژەکە لەگەڵ منداڵەکەدا بەسەر بەرێت و بەشێوەیەکی نێگەتیڤ کاری تێبکات

ئێستا ئەو رووداوە نەخوازراوە و ئەو هاوڕێ خراپە، دەتوانێت لەنێو ماڵدا بێت و لە رێی ئامێرە زیرەکەکانەوە زۆربەی کاتەکانی رۆژەکە لەگەڵ منداڵەکەدا بەسەر بەرێت و بەشێوەیەکی نێگەتیڤ کاری تێبکات، گرنگیش نییە منداڵەکە کوڕە یان کچ، چونکە هەر یەکە و بەجۆرێکی جیاواز مەترسییان لەسەرە، هاوکات سەرچاوە و کەسەکان زۆرن کە تووشی لادانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییان بکات.
دەبێت دایکی ئێستا زیاتر لە دایکی جاران، هەستی دایکایەتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ چاودێریکردنی منداڵەکانی، بەڵام بەجۆرێک نا بیانخنکێنێت و ژیانیان لێ تاڵ بکات، جگە لە گرتنەبەری هەندێ رێوشوێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو تەکنۆلۆژیایەی بەکاردێت، وەک کڕینی ئینتەرنێتی خێزانیی و بەکارهێنانی هەندێ فلتەر و سانسۆر لە ئامێرە زیرەکەکاندا، بەبێ ئەوەی منداڵەکە پێی بزانێ و..هتد. دواجار هەموو ئەمانە پیشانی دەدەن، دایکی ئێستا وەک دایکی جاران هەر پاڵەوانە، بەڵام لە بەرگێکی نوێدا.  

وتارەکانی نوسەر