سەرسەختی لەنێو منداڵاندا

09:50 - 2025-01-07
سمکۆ چنارەیی
46 خوێندراوەتەوە

سمکۆ چنارەیی

سەرسەختی یان کەلـلەڕەقی، رەفتارێکی دیارە لەنێو منداڵاندا، هەروەک زۆربەی بەهاو ئاکارەکانی دیکە پەیوەستە بە پەروەردەکردنەوە، لە نیشانەکانی سەرسەختی سووربوون و جەختکردنەوەیە لە وتە و کردارێک کە هەرگیز پاشەکشە ناکات لەسەر راو بۆچوونی خۆی و تەنانەت بە رەنگ و روخسارییەوە دیارە، هەروەها بە ئاماژە و زمانی جەستەش درک بە کەلـلەڕەقی ئەو کەسانە دەکرێت کە ئەو رەفتار و خووەیان هەیە.
زۆربەی سەرچاوەی سەرسەختی لەلای منداڵ، هەڵوێست و رەفتاری گەورەکانن بە تایبەتیش خێزان و خوێندنگە، هەرکات کێشە و ناکۆکییەک لەنێو دایک و باوکی منداڵ هاتە ئاراوە، یان خێزان و کەسە نزیکەکانی لەگەڵ خەڵکانێکی دیکە تووشی بەریەککەوتن یان هەر کێشە و ئاڵنگارییەک بوونەوە، لایەنێکیان جەخت لەسەر هەڵوێستی قبوڵنەکردنی داواو بۆچوونی ئەوی دیکە بوو، ئیدی خوی سەرسەختی لە منداڵەکەدا چەکەرە دەکات و تەنانەت فێری تۆڵەکردنەوە و کەلـلەڕەقی دەبێت و گیانی لێبوردەییش دوور دەبێت لەلای.

 

باشترین چارەسەر ئاراستەکردنی داواکارییە بە نەرمونیانی بەبێ ئەوەی توندوتیژی لەگەڵدا بێت و چەندبارە بکرێتەوە


کەواتە بەشێکی زۆری فێربوونی رەفتاری کەلـلەڕەقی لەلای منداڵ، پەیوەستە بەو گرفت و کارانەوە کە رۆژانە رووبەڕووی گەورەکان دەبێتەوە، سەرەڕای زیانێکی زۆر بۆ خۆیان و دروستبوونی ئاژاوە و نائارامی دەروونی، بۆ نەوە و منداڵەکانیشیان دەبێتە وانە و رۆژانە هەریەکە و بە شێوەیەکی پراکتیکی ئەو خووە دەکەن، باشترین چارەسەریش ئاڕاستەکردنی داواکارییە بە نەرمونیانی بەبێ ئەوەی توندوتیژی لەگەڵدا بێت و چەندبارە بکرێتەوە، هەروەها هەرکات رووداو یان پێشهاتێک هاتە نێو خێزان، پێویستە هەڵوێستە جوان و رەفتارە ئەرێنییەکان ببنە پێشەنگ، تاوەکو راستەوخۆ و نا راستەوخۆش ببنە ئەزموون و پەندی بەجێ، منداڵانیش بە دوور دەبن لە سەرسەختی و پاشگەزنەبوونەوە لە هەرجۆرە گفت و کار و کردەوەیەک کە روویان تێبکات.

وتارەکانی نوسەر