کەی ئەمریکا ژنێک دەکاتە سەرۆک؟

09:38 - 2024-11-18
زولفان غەریب رەحیم
57 خوێندراوەتەوە

زوڵفان غەریب

کێبڕکێیەکی گەورە هەبوو لە نێوان ترەمپ و هاریسدا، بەڵام ترەمپ پشتیوانییەکی گەورەی هەبوو لە لایەن گەورە بازرگانانی ئەمریکاوە




هەموو جیهان چاویان لەسەر هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا بوو بۆ سەرۆک، بە ناوبانگترین ئاپۆرای جەماوەریی لە ویلایەتەکانی ئەمریکا لە نێوان حزبی کۆماریی و دیموکراتەکاندا بوو، لە هەندێک ویلایەت ئاڵای وڵاتانی عەرەبییش دەبینرا، بۆ نموونە فەلەستین و بەشێک لە پەنابەران لە بانگەشەکاندا لایەنگرییان پیشان دەدا بە تایبەتی بۆ کامالا هاریس وەک نوێنەری دیموکراتەکان، کە بەرنامە و دروشمەکانی گونجاو بوون. کێبڕکێیەکی گەورە هەبوو لە نێوان دۆناڵد ترەمپ وەک نوێنەری کۆمارییەکان و کامالا هاریسی نوێنەری دیموکراتەکاندا، ترەمپ پشتیوانییەکی گەورەی هەبوو لە لایەن گەورە بازرگانانی ئەمریکا و وڵاتانی روسیا و ئیسرائیل و تورکیا و ..هتد، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەمریکا حزب لە بابەتی سەوزەکان هەن، بەڵام هێشتا ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ دیموکرات و کۆمارییەکاندا بکەن، تا ئێستا تەنها ئەم دوو حزبە بوونەتە سیستمی هەڵبژاردن لە کێبڕکێدا، ئەوەی بمانەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە، ئایا هۆکاری سەرکەوتنی ترەمپ جەنگی ئیسرائیل و غەزە و لوبنان و ئێران و گۆڕانکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە کە پێویستی بە کەسایەتیی ترەمپە، یان پشتیوانیی گەورە بازرگانەکانی ئەمریکا هۆکاری سەرکەوتنی بوو، یاخود پشتیوانیی و دەستتێوەردانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا و پشتیوانیی ئیسرائیل هۆکار بوون، یان  ئابووریی چین و مەترسییەکانی لەسەر ئەمریکا پاڵنەربوون بۆ سەرکەوتنی ترەمپ لە دوای شکستی پێشووتری بەرانبەر بایدن؟
ئەوەی دەبینرا لە دوو رۆژی پێش هەڵبژاردنەکەدا، پشتیوانیی ئیسرائیل بوو بۆ سەرکەوتنی ترەمپ، ئەمە بە روونی بە راگەیاندنەکانی ئیسرائیلەوە دیاربوو، سەبارەت بە کامالا هاریس ئایا شکستی ئەم خاتوونە بەهۆی پشتیوانیی نەکردنییەوە بوو لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پەنابەرانی فەلەستین بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەلەستین پشتیوانیی خۆیان بۆ سیاسەتی هاریس دەردەبڕی، یاخود کەمیی ماوەی بانگەشەی هاریس بوو کە تەنها چوار مانگی لەبەر دەستدا بوو، دوای یەکلاکردنەوەی ئەوەی جۆ بایدن کامالا هاریسی لە جیاتی خۆی دیارییکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆر لە ناوخۆی ئەمریکا پێیان وابوو دەبێت کامالا هاریس دەربچێت، چونکە پێشتر لە ماوەی دەسەڵاتی ترەمپ-دا کە سەرۆک بوو هەشت ساڵ لەوە و پێش، چەندین زیانی بە وڵات گەیاندبوو لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکا، وەک رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا نووسیویەتی (چوار ساڵ سەرۆکایەتی) ترەمپمان بینی، کە زیانێکی گەورەی بە وڵات گەیاندووە و  پەیوەندیی لەگەڵ هاوپەیمانە دێرینەکانی ئەمریکا تێکداوە، کەچی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی روسیا و لەگەڵ کیم جونگ ئونی کۆریای باکووردا پەیوەندیی دروست کردووە، بۆیە پێویستە میللەت سزای بدات.
بە پێچەوانەی پێشبینی و چاوەڕوانییەکانەوە کە وا پێشبینیی دەکرا ژنێك دەبێتە سەرۆک، بەڵام ترەمپ سەرکەوتوو بوو، ئایا ئەمریکا لە دوای چوار ساڵی ئایندە کە ترەمپ ناتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە، ژنێک دەکاتە سەرۆک لە کۆمارییەکان، یاخود دیموکراتەکان؟ کە لە هەشت ساڵی رابردووشدا کاتێك هیلاری کلینتۆن کاندید بوو بە هەمان شێوە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت بەسەر ترەمپدا، بەڵام جیهان هێشتا چاوەڕوانی ژنێکە وەک سەرۆکی ئەمریکا بچێتە کۆشکی سپی.

وتارەکانی نوسەر