ستونی کراوە

تێر، ئاگای لە برسی نییە

09:35 - 2024-12-04
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
63 خوێندراوەتەوە

د.عەدالەت عەبدوڵڵا

 

 ئەو وتەزایە، ئەگەر لە روانگەیەكی چینایەتی و واقعێكی كۆمەڵایەتییەوە وترابێت، ئەوا لە ئەزموونی هەرێمدا، بەداخەوە، بۆتە فاكتێك و هاتۆتە ناو كۆمەڵگەی سیاسیشمانەوە. زۆربەی سیاسییەكانی وڵاتی ئێمە، بەوانەی بڕیاربەدەستن و ئەوەشی كە بێدەسەڵات، كارێك ناكەن كە ئەو وتەزایە بۆ بواری سیاسەت نەشێت، بە كردارو رەفتار نایسەلمێنن كە جێبەجێكاری پرۆگرامی پارتە سیاسییەكانیانن، كە لە هیچ ماددەو بڕگەیەكیدا نییە قبوڵی بێت نادادپەروەریی كۆمەڵایەتیی پەرە بستێنێت و مرۆڤەكان ژیانێكی ئارام و ئاسوودەیان نەبێت. 
  هەموو دەزانین كە دەمێكە بەشێكی بەرچاوی كاربەدەستانمان، لە هەلومەرجێكی باشی ژیان و گوزەراندان، خۆ ئەگەر ئەمە لە رێگەی گەندەڵی و كاری نایاساییەوە پێی نەگەیشتبن، ئاساییە، خوا هێندەی تریشیان بەسەردا بڕێژێ و كەس لەو دۆخە خراپەی چینی خوارەوەی كۆمەڵدا نەژی كە ئەمڕۆ، لە هەر كاتێك زیاتر، بەبۆنەی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچەو بێ بازاڕی و بێكاری و هەژارییەوە، دووچاری بوون. ئەمما ئەگەر، دەوڵەمەندبوونی فاحیشانەی هەر بەرپرسێك، پەیوەندیی بە غیابی دەستپاكی و پێشێلكردنی یاساو نەبوونی لێپرسینەوەوە هەبێت لە سامان و داهاتی، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە رۆژگارێكی ناهەمواری وەك ئێستادا چاوەڕوانكراوە كە بە گوێی خۆی بیبیستێتەوە كە خەڵكی وڵات، بە بێزاری و تووڕەییەوە پێی بڵێت: تێر، ئاگای لە برسی نییە.
  بە دەستەواژەیەكی تر، سەركردە سیاسییەكانمان، دەبێ پەرۆشی جڵەوكردنی جیاوازییە چینایەتییەكان بن لە كۆمەڵگەدا، نەك خۆیان زیاتر هێڵەكانی ئەو جیاوازییانە ئەستوور بكەن!. كاربەدەستان، ئەوانەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەتی و حزبییان لە ئەستۆیە، ئەركیانە كە لە رێگەی یاساكان، بڕیارەكان، رێنوماییەكان، هەڵوێست و دەستپێشخەرییەكانەوە، رێگە لە فراوانبوونی دیاردەكانی هەژاری و نەبوونی، بێكاری، برسێتی، فۆرمەكانی تری دۆخی داتەپیوی ئابووری و كۆمەڵایەتی بگرن، چ جای قبوڵیان بێت كە فەرمانبەرانی دەوڵەت، كە راستەوخۆ بەرپرسن لە دابینكردنی ماف و ژیانیان، ئەوانیش بكەونە دۆخێكی گوزەرانی خراپەوە!.  
  زۆرجار دەپرسیین: هەر بەراستی، چۆن بەرپرسانمان دەتوانن تێر بە چاوی خۆیان بنوون و ئاسوودەبن لەكاتێكدا نزیكەی نیوەی خەڵكی هەرێمەكەمان، لە دۆخێكی دەروونیی زۆر گرژدا دەژین بەبۆنەی قەیرانی چارەسەرنەكراوی مووچەوە؟ چۆن دەبێ هەڵوێستی توند لەئاست باری ژیانی خراپی فەرمانبەران و بێبازاڕیی كاسبكاران وەرنەگرن؟ ئایا ئەوان رۆژانە ناچنە ناو بازاڕەكان و لە نزیكەوە لە حاڵ و گوزەرانی هاووڵاتیان ناپرسن؟ گوێ لە رازو سكاڵای ئەو سەدان هەزار مووچەخۆرانە ناگرن كە بەشێكی زۆریان ئەگەر لە كاتی خۆیدا مووچەكانیان وەرنەگرن دەكەونە ژێر باری قەرزاری و ناڕەحەتییەوە لەبەرامبەر خاوەنی قیستەكان و كاڵاكان؟. بەكورتی، پرسیارو خەمەكان هەزارن، ئەمما ئەوەی بەكارە، رستەیەكە: كاربەدەستانمان دەبێ پەرۆش بن بۆ دۆخی جڤات و چین و توێژەكانی، تەنها لەم رێگەیەشەوە فەرمانڕەوایی، رەوایەتیی خۆی وەردەگرێت.

وتارەکانی نوسەر