ناحیەی گوڵاڵە، ئایا كورد دەستی لێ هەڵگرتووە؟

09:49 - 2024-12-02
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
41 خوێندراوەتەوە

د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

 

 دەمێكە وای دەبینین كە مانای بەرپرسیارێتی لە واقعی كوردستاندا، بەتایبەتی لە ئاست هەر دۆزێكی سیاسی و نیشتمانیدا، بە پلەی یەكەم، بریتییە لە بەرپرسیارێتیی كرداری، یان لێپرسینەوە لە كردارو رەفتارەكان. ئەم باوەڕە لەوەوە دێت كە ئێمەی كورد، بە هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیشمانەوە، بەداخەوە، بەشی چوار وڵات گوتارمان لەئاست پرسە نیشتمانییەكاندا هەیەو لەم بوارەدا كێبەركێمان لەگەڵدا ناكرێت!. كەم دۆزو دۆسێ هەیە، بە شێوەیەكی زانستی و پرۆفیشناڵ بێت، یان هەڕەمی و هەر بۆ نمایش، ئەدەبیاتێكی زۆری نوسراو و زارەكی و بەڵگەو دیكۆمێنتمان بۆ كۆنەكردبێتەوە، دیدارو كۆنفرانسمان بۆ رێك نەخستبێت، سمینارو پانێڵمان بۆ ساز نەدابێت و زۆرجاریش پارەی خەیاڵیمان بۆ خەرج نەكردبێ، یان نەبووبێتە جێی باس و خواسی ناو كۆڕو دانیشتنەكانمان، ئەمما دەرەنجام و بەكردار ئەوەی دەیڵێین چییان بەدوای خۆیاندا هێناوە؟ كەس لەوە ناپرسێتەوە!، كەم كاربەدەست و دەزگا، بەدواداچوونی هەیە.

 

لە گوڵاڵەدا، بەداخەوە، بەعەرەبكردن وەك دیفاكتۆیەك خۆی سەپاندووە، كوردانی شارۆچكەكەش پەڕاگەندەی شارەكانی ناو هەرێمی كوردستانن

 گوڵاڵە، كە ناوی پێش فتوحاتی ئیسلامییە بۆ شارۆچكەی جەلەولای ئێستای سەربە قەزای خانەقین، یەكێكە لەو دیموگرافیا بەعەرەبكراوانەی كە لانیكەم لە مێژووی نوێی عێراقدا، واتە لە 100 ساڵی رابردوودا، بزووتنەوەی سیاسیی كورد باس لە كوردستانیبوونی دەكات. لە هیچ شۆڕشێكی كورددا، چ جای شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی گەلی كورد، نییەو نابینیت كە ئەم شارۆچكە كوردستانییە، وەك بەشێكی گرنگی جوگرافیای گەرمەسێر لەقەڵەم نەدرابێت و حیكایەتی راگواستن و بەعەرەبكردنی تۆمار نەكرابێت، بەتایبەتی لە دوای شەستەكانی سەدەی پێشووەوە كە زۆر دڵڕەقانە دانیشتوانە كوردەكەی، كە تا ئەوكات زۆرینەی شارۆچكەكە بوون، لەزێدی خۆیان دوورخرانەوەو عەرەبی هاوردە لەجێگایان جێگیركران.
  لەلایەكی تر، كورد خۆی لەقۆناغەكانی شۆڕشدا، كە زۆرترین هەڵوێستی كرداری تێدا بووە، قوربانی و خوێنێكی زۆری لەسەر گوڵاڵە داوەو رشتووە. ئەو كوردانەی كە پەیوەندییان بە شۆڕشەكانی گەلەكەمانەوە كردووەو خەڵكی گوڵاڵەن بە دەیان و سەدان تێكۆشەرن، وەكچۆن بە دەیان شەهیدیشیان هەیە بە دانیشتوانی دەوروبەرییەوە. هەر لە كاتی راپەڕینی 1991 و لە سەروەختی شەڕی داعشیدا لە 2014 بۆ 2017 بە سەدان رۆڵەی كورد لەسەر ئەم شارۆچكەیەو شەڕی ناسنامەكەی شەهیدبوون، كەچی سەرەڕای هەموو ئەو قوربانی و مەینەتییانە، وا زیاتر لە حەوت ساڵە كورد تیایدا باڵادەست نییە، دانیشتوانەكەی هان نادرێنەوە كە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، تەنانەت لەسەرژمێریی ئەمجارەشدا گرفتیان بۆ دروست دەكرا.
  لە گوڵاڵەدا، بەداخەوە، بەعەرەبكردن وەك دیفاكتۆیەك خۆی سەپاندووە، كوردانی شارۆچكەكەش پەڕاگەندەی شارەكانی ناو هەرێمی كوردستانن، سەركردایەتیی سیاسیی كوردیش هەڵوێستێكی كرداری لەئاست ئەو دۆخەدا نییە لەكاتێكدا كە گوڵاڵە -جەلەولا ناوچەیەكی كوردستانیی ستراتیژییە. بوونی كورد لەسەر ئەم زێدەی خۆی پاڵپشتێكی بەهێز دەبێت بۆ سەقامگیریی دۆخی ئەمنیی كوردانی تری ناوچەی گەرمەسێر، بەتایبەتی خانەقین، شوێنەكەشی لەرووی سەربازی و ئەمنییەوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، بەڵام وا پێدەچێ كە دەستی لێ هەڵگیرابێت و بۆ واقعی تەعریبكراوی خۆی بەجێهێڵرابێت!، ئەمەش هەلومەرجێكی نەخوازراوە، ئەمڕۆ تەنانەت بەرپرسانی حزبیی سنورەكەشی نیگەران كردووەو دەبینین لە دیدارە میدیاییەكانیاندا بە ئاشكرا گوزاشتی لێدەكەن، بەڵام دەسەڵاتیان نییەو چاوەڕوانی مەرحەمەتی پلان و بڕیاری سەركردایەتیی كوردن. 

‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر