ئەو رستەیە، بە شتێك دەستكاری و وردەكاریی زیاترەوە، قسەی سەرۆكی هەرێمیشە لە دیداری مێری. ئەو بە دەق وتی: «ئەو حاڵەتەی پێشتر لە حوكمڕانیی كوردستاندا هەبوو، بە راستی ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، پێشهاتی نوێ هەیەو دەبێ بەشێوەیەكی جیاواز هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا بكەین كە لە پێشماندا هەیە». ئێمەش دەڵێین، بۆ ئەوەی كابینەیەكی نوێ پێكبهێنرێت، تەنها جیاوازیی ژمارە لە نۆ-وە بۆ 10 بە مانای فەرمانڕەواییەكی نوێ نییە. ئێمە نمرەكان ریز ناكەین، بەڵكو ئەو تەمەنە لە ئەزموونی كوردستان دەژمێرین كە نامانەوێت لەوە زیاتر عەقڵییەتی كۆن و عینادیی سیاسی و خۆسەپاندن، بە فیڕۆی بدات.
كاتێك لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا،(ی.ن.ك) وتی: كۆتایی پێدەهێنین، مەبەست هەر كۆتاییهێنان نەبوو بەوەی حزبێك، بە پاڵپشتیی نوێنەرایەتییەكی نادادپەروەرانەی پێكهاتەكان، یاساو بڕیارەكانی ناو پەرلەمان پاوان بكات، لەوێشەوە پەرلەمان لە ئەركی لێپرسینەوە لەدەسەڵاتی راپەڕاندن بخات كە ئەركە تەقلیدی و سەرەكییەكەی نوێنەرایەتیی گەلە، بەڵكو بە مانای سنوردانانیش بوو بۆ ئەو رەفتارانەی كە بەهۆیانەوە، حكومەتەكەشمانی، لە زۆر وێستگەدا، كردبووە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی هێزێكی سیاسیی دیاریكراو، بگرە كابینەی پێشێلكردنی زەقی پرەنسیپی شەراكەت و تاكڕەوی لە بڕیاردان و هەڵوێستوەرگرتندا.
ئێستاش كە دانوستان و گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ لە رێدایە، ئەركی یەكێتییە كە وەك هێزێكی سەرەكی، جوڵەو دەستپێشخەریی نوێی هەبێت. لەم پێشهاتەدا، بە روونی بڵێت: پێش ئەوەی لایەنگرانی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی داوای عەقڵییەتێكی نوێ بكەن بۆ سیناریۆ مومكین و واقعییەكانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەكە، باشتر وایە لایەنی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەكە خۆی كە پارتییە، ئەو هەستەی لە بەرپرسیارێتی تێدا بێت، لەوە تێبگات كە سەرۆكی هەرێم، كە هاوكات كەسی نمرە دووی حزبەكەیانە، لەخۆیەوە ناڵێت حوكمڕانیی رابردوو ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەو پێدراوەكان و هەڵوێستەكان دەبینێت، رابردووی رەفتارەكان و سیاسەتەكانیشی بەرچاوە، پێگە رەسمییەكەشی ناچاری دەكات كە دەست بە میسداقییەتەوە بگرێت و تەنها وەك پارتییەك بیر نەكاتەوە، بەڵكو واقعی سیاسی و سەنگی هێزەكانی تریش رەچاو بكات كە دەتوانن رێگە لە زۆر سیناریۆی نەخوازراو بگرن!.
یەكێتی، لە سەرەتای كانونی یەكەمەوە جموجوڵە دیبلۆماسییەكانی خۆی بۆ لای پارتە براوەكانی هەڵبژاردن دەستپێدەكات. راستە پارتی رادەسپێردرێت بۆ دانوستانەكانی كابینەی نوێ، بەڵام یەكێتی بە خستنەڕووی پێشوەختی سیناریۆی جیاجیا، بژاردەی جیاواز دەخاتە بەردەم قەوارە براوەكانی هەڵبژاردن بە پارتیشەوە، بەوەش دەتوانرێت نەفەسی دانوستان درێژتر بكرێتەوە!، هەموو ئەوەش لەپێناوی ئەوەدایە عەقڵییەتی كۆن لەدانوستانی كابینەی نوێشدا زاڵ نەبێت، هاوكات پەراوێزی بژاردەكان فراوانتربێت و سیناریۆكانیش زیاتر، هەر هەمووشی لەكۆتاییدا لەبەرژەوەندیی چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێم و پاراستنی قەوارەكەی و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیاندا بێت.
[email protected]