دڵزار حەسەن
ژینگەی هەولێر سات بە سات بەرەو خراپتر دەڕوات، هۆكارەكەی پیسبوونی خاك و ئاسمانی شارەكەیە بە هۆی (پاڵاوگەكانی نەوت، موەلیدەكان، ئۆتۆمبێلی تایبەتی دیزڵ «گاز»، كارگەكان، پاشماوە، كە نەبوونی پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شاردا)، ئەمانە هەمووی هۆكارن، بەڵام خراپترینیان پاڵاوگەكانی نەوتە، كە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تووشبوانی شێرپەنجە لەم شارەدا.
بۆ زانیاری وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفراسێكدا ڕایگەیاندووە، تەنها لە ساڵی 2023 دا،9911 توشبووی شێرپەنجە لە هەرێم تۆماركراوە. لەو ژمارەیە، 5456 کەسیان لە هەولێر بووە، لە سلێمانی 3275 کەس، لە دهۆک 1180 کەس، توشبوون. لەكاتێكدا ئێستا لە كۆتایی مانگی 11ی 2024 داین، بە تەواوی نازاندرێت چەندی دیكە تۆماركراوەو چەند کەس گیانی لەدەستداوە و چەندیش چاكبوونەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدا رۆژانە توشبووان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و زۆری نۆبەی پشكنینەكان و بێ دەرمانی لە نەخۆشخانەكان دەناڵێنن.
هەروەها ئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق، زیاتر مەترسییەكە پشتڕاست دەكاتەوە و رایگەیاندووە، هەولێر لە تۆماری شێرپەنجەدا لە عیراق لە ریزبەندی یەكەمە. لێرەدا پرسیار لە حكومەت دەكرێت، كە بۆچی هیچ بەرنامە و پرۆژەیەكی نییە بۆ رێگرییكردن لەم هەڕەشەیە، كە گیانی هەموومانی خستۆتە مەترسییەوە. دیارە گرفتی حكومەتی هەرێم دوو شتە:
1-توانای رێگریكردنی نییە لەو پاڵاوگە نەوتییانە، چونكە هی بەرپرسە باڵاكانن.
2-لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ نادات نەخۆشخانەی زیاتر بكاتەوە و ئاستی چارەسەركردنەكان بە هۆی تەكنۆلۆژیای تەندروستیی تایبەتەوە بەرە و پێشەوە ببات.
لەكاتێكدا ئێمە ئەو رەخنانە دەگرین، كە دەستەخوشكەكەی هەولێر، كە(دوبەی)یە لە رێگریكردن لەم نەخۆشییەدا لەوپەڕی پێشكەوتندایە. توێژینەوەیەكی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتی، بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە سەر بە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەریخستووە، كە ئیمارات لەنێو 186وڵاتدا لە ریزبەندی پێنجەمین وڵاتی جیهاندایە، كە كەمترین رێژەی مردن بە شێرپەنجەی هەیە.
كەواتە هەم لە توشبووان و هەمیش لە چارەسەركردندا لە ئاستێكی بەرزدایە. پرۆفیسۆر «حەمید ئەلشەمسی» سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆنكۆلۆجی ئیمارات و بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەكانی ئۆنكۆلۆجی، لە گروپی بورجیل هۆلدینگ دەڵێت: ئەم دەستكەوتە بەڵگەیەكی جیهانییە بۆ ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی وڵاتەكە لە بەرەنگاربوونەوە و چارەسەركردنی نەخۆشییەكە بەدەستیهێناوە، بۆیە دەڵێین دەبووا هەولێر لە بواری خزمەتگوزاری مرۆییەوە، چاوی لە ئیمارات و وڵاتانی كەنداو دوبەی بكردایە، نەك بە باڵاخانە و شتی دیكە خەڵكی شار بەرە و نەهامەتی زیاتر بەرێت.