لە یەكێك لە خۆپیشاندانەكانی مامۆستایانی شاری هەولێر لەسەر مووچە و داخوازییەكانی فەرمانبەران، خانمە مامۆستایەك بۆ یەكێك لە راگەیاندنەكان بە زمانێكی شیرینی هەولێریانەی جوان، بە زمانێكی ناڕەزاییانەی پاك و دڵسۆزانە، بە دەنگێكی بەرز، بەڵام قووڵ و پڕاو پڕ لە ئازار و نا دادی دێتە دەنگ و دەڵێت: بێزار بووین لەم هەموو هەواڵانەی حكومەت لەسەر هاتنی مووچە، رۆژێك، دوو، سێ. مانگێك، دوو، سێ. ساڵێك، دووان، سییان. ئەم هەموو درۆیە چییە حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێمەدا دەیكات!؟ هەر بەڵێن و وادەیەكمان پێدەدەن هەر درۆ دەردەچێت. رێكەوتن دەكا لەگەڵ بەغداد، رێكەوتن دەكا لەگەڵ توركیای، ئەم هەموو گەمەیەی بەس بۆ ئەوەیە میللەت هەڵبخەڵەتێنێ. درۆ درۆ درۆ ئەم هەموو چەواشەكارییە نەبڕایەوە، نازانین بەم بێ مووچەییە چۆن بژین، روو رەشبووین لە پێش منداڵەكانمان.
لە درێژەی قسەكانیدا خاتوونی مامۆستا پەیامێك ئاراستەی خەڵكی شاری سلێمانی دەكات و دەڵێت: ئێوە هەر دەڵێن هەولێر خۆپیشاندان ناكات و دەنگ هەڵنابڕێت، دەزانن بۆ هەولێر نایەتە سەرشەقام، چونكە بەڕێوەبەری خوێندنگەكان هەمووی پارتییە و رێگری لە مامۆستا دەكەن تا خۆپیشاندان بكەن، بۆیە مامۆستاكانیش ناتوانن بێنە سەر شەقام. پاشان دەفەرموێت: لە هەولێر هەر مامۆستایەك پارتی نەبێت، نابێتە مودیر. بەڕێوەبەرە پارتییەكانیش رێگری لە مامۆستایان دەكەن و هەڕەشەی نانبڕین و سوكایەتی و نەقڵكردنیان لێدەكەن، بۆیە لە ترسی ژیانی خۆیان بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
لەلایەكی دیكەوە لە ئان و ساتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی 2024 ڤیدیۆیەكی دەنگی بەرپرسێكی پارتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، كە لەبەردەم كۆمەڵێك خوێندكاردا، هەڕەشە لەو مامۆستایانە دەكات، كە پارتی نین و رەخنەدەگرن دەڵێت: هەر مامۆستایەك رەخنەی لە پارتی گرت، لێیاندەن و سووكایەتییان پێبكەن، كەس نەیەتە لام و بڵێ فڵان مامۆستا رەخنەی لە پارتی گرتییە، تۆ لێیدە ئینجا وەرە لام، ئەوكات خۆمان دەزانین چ لەم مامۆستایە دەكەین.
ئەم گوتاری حكومڕانییەتە، مەترسییەكەی لەوەدایە زمانی حكومەت وەك دامەزراوەیەكی تەكنۆكرات و سیستەماتیك دەگۆڕێت، بۆ ناوەندێكی نا ئینسانی و ستەمكار، كە شەرعییەت بە لێدانی خەڵك و مامۆستا و فەرمانبەران دەدات.
لەلایەكی دیكەوە حزب دەخاتە سەرووی حكومەتەوە، چونكە تۆی نا دیموكراسی لە دانانی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك، ریسك دەكەیت و دژ بە ئازادی و كۆمەڵگەیەكی ئەكتیڤەوە هەنگاو دەنێیت بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی چەپێندراو، لەكاتێكدا خوێندنگەكان وەك ناوەندێكی فێركردن و پەروەردە رۆڵی ئەرێنی دەبینێت بۆ بیناكردنی مرۆڤی سەركەوتوو، بەڵام تۆ دێیت ئەم ناوەندانە بە حزبی دەكەیت و كەسانێك حزبیەكی تۆخ نەبێت نایكەیتە مودیر. بەم رەفتارە هیچ بەهایەك بە پەروەردە و فێركردن نامێنێتەوە و هەم مامۆستا و هەم خوێندكارانیش لەم جۆرە دامەزراوە و ناوەندانە، لە ئاییندەدا كەسانی دەروون رووخا و نا تەندروست دەردەچن.