دڵزار حەسەن
سیستەمی هاتووچۆ، یەكێكە لە خاڵە جەوهەرییەكانی بونیادی شارنشینی هاوچەرخ، ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵگە جیاوازەكانیش بە گوێرەی پابەند بوونیان بە یاساوە دیاریدەكرێت، لە رابردوودا پەرلەمانی كوردستانش دوو یاسا بە پێی ئەم پێشكەوتنەی لە دنیای گواستنەوەدا هاتۆتە ئاراوە، دەرچوواندووە، هەرچەندە یاساكان وردەكاری زۆری تێدا نییە، بەڵام دەتوانین وەك بنەمایەك بۆ رێكخستنی سیستەمی هاتووچۆ سوودیان لێوەربگرین.
لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێم بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رووداوی كارەساتبار، پەنای بۆ زیادكردنی هۆكارەكانی سزادانی شۆفێرانی برد، وەك دانانی كامێرای چاودێریی و زیادكردنی سزاكان و لێپێچینەوە و توندكردنی یاساكان بۆ سەلامەتی خەڵك و شۆفێران، ئەوەش تا ئەم سنوورە دڵخۆشكارە، كە دوواجار لە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكدابێت، بەڵام ئەگەر كۆنتڕۆڵكردنەكە دواجار بە زیانی خەڵك تەواو بوو، ئەو كاتە دەبێ حكومەت دەستی سووكبكات و شێوازەكەی بگۆڕێت.
فەلسەفەیەكی پراكماتیكی هەیە دەڵێت: مرۆڤ تەنها بە سزای ماددی دەستبەرداری تاوان و خراپەكاری دەبێت! ئەوەیان تا ئەم شوێنە راستە كە سزادانەكەی بۆ راستكردنەوە و باشتركردن بێت، نەك شتی دیكە، لەراستیدا ئەو كامیرانەی كە لەناو شارەكان دانراون، بەتایبەتی ئەوانەی ناو شاری هەولێر، لەتام چۆتە دەرێ و لە جیاتی ئەوەی بۆ رێكخستنی تیژرەویی و سەرپێچییەكان بێت، بەپێچەوانەوە خوێندنەوەی دیكەی بۆ دەكرێت و خەڵكی لای وایە ئەمە سزادان و تۆڵەكردنەوەیە، كە حكومەت لە خەڵكی دەكاتەوە، بە مانایەكی دیكە هاتنەوەی پسوولەی سزاكان بەو رێژەیە جێگەی پرسیارە، چونكە ناكرێ سزادانی شۆفێر بەم توندییەبێت و رەچاوی داهاتی تاك نەكرێت، هەموو سزایەك بە گوێرەی داهاتی تاك دیارییدەكرێت، ئەوە لەلایەك، لەلایەكی دیكە تۆ هەموو شەقام و سوچێكی ئەم شارەت كردۆتە كامێرا، كە لەوە دەرچووە ئەمە بۆ خزمەتی خەڵك بێت، بەڵكو چۆتە قاڵبی ئەوەی كە ئەو كامێرانە زیاتر لە خزمەتی كەرتی تایبەت و بەرپرسانەدایە، نەك خەڵك و حكومەت.
بۆ نموونە پسووڵەیەكی شۆفێرێكم لایە، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دەرچووە لە ماوەی دوو ساڵدا 2023–2024 نزیكەی 20 سزای بۆ هاتۆتەوە و كۆی گشتی 2،345،000 هەزار بووە، دوای داشكاندن بۆتە 1،876،000. لەكاتێكدا ئەوە ئەگەر جۆرێك لە بازرگانی نەبێت، كەی بووە كەسێك سەرپێچیی بكات و داشكاندنی بۆ بكرێت! یان سزای مەدە، یانیش داشكاندنی بۆ مەكە، خۆی ئەم كارەی حكومەت جێگەی گۆمانە.
سزایەكیان، كە هی تیژڕۆییە لە نێوان رێگای هەولێر و كەركوك 185 هەزار دیناری بۆ نووسراوە، ئەگەر چاوێك بەم یاسای سزادانەدا بخشێنیەوە و سەیری سزادانی شۆفێران بكەیت، لەوە دەگەیت ئەوە هێندە دەچێتە قاڵبی بازرگانی و تۆڵەكردنەوە و ئەزیەتدانی خەڵك، هێندە ناچێتە خانەی هۆشیاركردنەوە و رێكخستنی كاروباری هاتووچۆ، چونكە جەوهەری یاسا و فەلسەفەی سزادان، بۆ چاككردن و باشبوونە نەك تۆڵەكردنەوە.