دژایەتی پرۆژەی بونیاتنانی تواناکان بۆ؟

11:05 - 2024-12-11
کامەران عەبدوڵڵا
113 خوێندراوەتەوە

پـــرۆژەی بونیـــاتنـــانی توانــــــاکان (هەڵسەنگاندنی دەرەکی)، پرۆژەیەکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ باشترکردنی کوالێتی خوێندن.
ئەم پرۆژەیە ماوەی چەند ساڵێکە وەزارەتی پەروەردە کاری لەسەر دەکات لە ناوەندەکانی خوێندن. 
بۆچی بەڕێوەبەرەکان کار بۆ نەمانی ئەم پرۆژەیە دەکەن؟ بۆچی مامۆستایان پشتگیری بەڕێوەبەرەکان دەکەن بۆ نەمانی ئەم پرۆژەیە؟
 بۆچی هەندێ لە سەرپەرشتیارەکان پشتگیریی بەڕێوەبەر و مامۆستایان دەکەن بۆ نەمانی پرۆژەکە؟
دەکرێت تیشک بخەینە سەر خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پرۆژەکە، لەوێدا وەڵامی پرسیارەکانمان دێتە دەست.

خاڵە نەرێنییەکان:
-1 نەبوونی یەکسانیی لە جێبەجێکردنی ستانداردەکان، ئەو فێرگانەی کە ژمارەی فێرخوازەکانیان  500 فێرخواز بوو هەمان ستانداردی فێرگەیەکی 15 فێرخوازی بەسەردا جێبەجێکرا.
-2 نایەکسانیی لە هەڵسەنگاندن جیاوازی لە دید و بۆچوونی سەرپەرشتیارە بەڕێزەکان بۆ پێدانی نمرە لەکاتی هەڵسەنگاندن، نموونەی واقیعیی زۆر بوون، فێرگەیەکی دوو دەوامی، هەمان شوێنیان هەبوو بۆ چالاکی کەچی نمرەی جیاوازیان لەو ستانداردە بۆ دانرابوو!!.
-3 خودی پرۆژەکە هێندەی کاری لەسەر بابەتە رووکەشییەکان کرد کاری لەسەر ناوەڕۆک نەکرد.
زۆرێک لە فێرگەکان، ئاستی قوتابی و هەنگاوی باشترکردن تەنیا چەند پرسیارێکی رووکەش بوو لە قوتابییەکان.
-4 کاریگەریی پەیوەندییە کەسییەکان، پەیوەندیی نزیکایەتی و دۆستایەتی و خزمایەتی، کاریگەریی هەبووە لە هەندێ شوێن بۆ هەڵسەنگاندنەکان کە دەکرا وەزارەت لەم بابەتەدا میکانیزمی دیکەی بەکابهێنایە، وەکو گۆڕینی شوێنی لیژنەکان لە پەروەردەیەکەوە بۆ پەروەردەیەکی دیکە.
-5 کەمیی ئاگایی و تێگەشتن، نەشارەزایی و نەبوونی زانیاری لەسەر پرۆژەکە لەلایەن مامۆستا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر، کە زۆرێک ناوەکەشی بە هەڵە دێنن پێیانوایە بریتش کانسڵە و هی وڵاتێکی دیکەیە و کورداندنی بۆ نەکراوە، بە واتایەکی تر وەک خۆی لە پرۆژەکە تێنەگەشتن، بە ئێستاشەوە خودی ستانداردەکان باسکردنی جیاوازی بۆ دەکرێت کە دەبوایە پێش هاتنی پرۆژەکە بە سمیناری چەند سەعاتی، ئەم پرۆژەیە بنکۆڵکاری بکرایە و سەرنج و پێشنیارەکان وەرگیرایە بۆ باشترکردن.
-6 کەمی سەرچاوەی ماددی بۆ جێبەجێکردنی هەندێ لە ستانداردەکان.
خاڵە ئەرێنییەکان.
-1 بەهێزکردنی سیستمی کارگێڕی، پرۆژەکە فێرگەکانی تەواو چالاک و ئاکتیڤ کرد لە بواری کارگێڕیی قیدعام و تۆمارەکان ژیانەوە، فێرگە هەبووە چوار تۆماری نەبووە ئێستا خاوەنی 40 تۆمار و زیاترە.
-2 گەشەی چالاکییە پەروەردەییەکان، زۆر لە فێرگەکان چالاکیی تیادا نەبوو، پرۆژەکە رۆڵی فێرگەی گێڕایەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی پەروەردەیی و تەندروستی ژینگەیی هتد.... بە ئەرشیفکردنیان بە داڕشتنی پلانی گونجاو و تۆکمە پێ سپاردنی ئەرکەکان بەکاری هەرەوەزی لەناو فێرگە.
-3 باشترکردنی ژینگەی فیزیکی فێرگەکان، پرۆژەکە وای لە کەسوکاری فێرخوازکرد هاوکارێکی باشی فێرگەکان بن، لە هەندێ شوێن کار گەیشتە دروستکردنی پۆل و گۆڕەپانی وەرزشی و کڕینی کۆمپیوتەر و.. هتد لەلایەن کەسوکاری فێرخواز هەرچەند ئەمەیان دوولایەنە .
-4 گەشەکردنی بیری داهێنەرانە لەناو فێرگەکان لەبابەتی پێشبڕکێی زانستی و وەرزشی و هونەری، کە دڵخۆشی تەواوی گێڕایەوە بۆ فێرخوازەکان چیتر وابیر نەکەنەوە فێرگە زیندانە.
-5 پاکوخاوێنی زۆر گۆڕا لە شوێنی ئاوخواردنەوە و دەست شتن و تەوالێت لە هیچ سەردەمێک هێندەی سەردەمی پرۆژەکە گرنگی بە پاک و خاوێنی نەدراوە لە فێرگەکان، فێرگە هەبووە 15 ساڵ سەربانی پاک نەکراوەتەوە و تانکییەکانی هاوشێوەی سەربانی فێرگەکە بووە، پرۆژەکە توانی نوێییان بکاتەوە.
-6 پەرەپێدانی بیری هاوکاری و دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان فێرگە و خێزان و کۆمەڵگە.
هەربۆیە پرۆژەی بونیاتنانی تواناکان، دەرفەتێکی گرنگی پەروەردەیی بووە کە هەم سەرکەوتن و هەم کەموکووڕی تیادا بووە. گرنگ ئەوەیە کە ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی زانستی و بەردەوام هەڵسەنگێنرێت، نەک بسڕدرێتەوە.

چەندە جێگەی خوێندن پێداویستییەکانی تێدابێت، پرۆسەی خوێندنەکە سەرکەوتوتر دەبێت

وتارەکانی نوسەر