م.کامەران عەبدوڵڵا
فێرگە: شوێنێکە بۆ فێرکردنی پرۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی تاکێکی گەشبین و خۆناس بۆ کۆمەڵگە. ئەم پێناسەیە بەرجەستە نابێت، کاتێک فێرگەکان نەتوانن خۆشبەختی بۆ فێرخوازان و پێداویستییەکانیان فەراهەم بکەن.
ئەوەی هەیە لە هەرێمی کوردستان هەر لە دروستکردنی بینای قوتابخانەکانەوە بگرە تا سەرلەبەری، بە میتۆد و شێوازی کلاسیک بنیات نراوە و بەڕێوەدەبرێت، بەداخەوە تائێستا نەتوانراوە ئەو سیستمە بگۆڕدرێت، دیواری زۆرێک لە قوتابخانەکان لە زیندان دەچن و دوای چوونە ژووەروە دوو دەرگا دادەخرێت، لە حاڵەتێکی نەخوازروایشدا رێگای دەربازبوون تەسک دەبێتەوە.
نەبوونی گۆڕەپانی وەرزش
رۆژانە بە دەیان و سەدان قوتابی، سەر و قاچ و دەستیان ئازاری پێدەگات بەهۆی نەبوونی گۆڕەپانێکی شیاو بۆ وەرزشکردن، لە زۆربەی قوتابخانەکاندا خوێندکار لە ماوەی پێنج خولەکی پشووی نێوان وانەکاندا ناتوانێت بچێتە تەوالێت، لە نیوەی نۆرەگرتندا بەریان ناکەوێت و زەنگی وانەی دواتر لێدەدرێت!. بۆ خواردن کڕینێک لە فرۆشگا، هەمان شێوە! ئاو خواردنەوەیەک لە بەڕادەکانیش هەمان شێوەیە!.
باسی مامەڵەی نا دروستی بەشێک مامۆستاش ناکرێت کە چۆن لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرددا، تائێستاش بە ماجیکێکی رەشەوە دەچێتە پۆلەوە!.
ئێمەی مامۆستا، پەروەردەی مامەڵەیەکی نادروست و توندوتیژ بووین لە رابردوودا، گۆڕینی ئەم عەقڵیەتە زۆری ویستوە و تائێستاش بەرجەستەیە لەناو ناوەندەکانی خوێندندا!.
ئێستاش لە قوتابخانەکاندا لێدان بەکاردێت، بۆ وەرگرتنی ئامارێکی هەبوونی لێدان لەناو ناوەندەکانی خوێندندا هیچی ناوێت، تەنیا چێکێکی کامێراکانی قوتابخانەکان بکرێتەوە روون دەبێتەوە چ کارەساتێک لە قوتابخانەکاندا دەخوڵقێت، لێرەوە دەکرێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، ئایا فێرگە زیندانە یان ماڵی دووەمە بۆ فێرخواز؟
هەراسانکردنی خوێندکار
بابەتی هەراسانکردنی خوێندکار لەناو فێرگە و لەلایەن هاوپۆلەکانیانەوە کە هەردووکیان قوربانین، کێ لێی بەرپرسە؟
لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک نەرویج، بەپێی ئاماری خۆیان، ساڵانە زیاتر لە 70هەزار فێرخواز رووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە و قوتابخانە وەک زیندان دەبینن، ئەی دەبێت لە هەرێمی کوردستان چی بگوزەرێت؟
جیاوازیی منداڵی مامۆستا لەگەڵ منداڵانی تر بە ئاشکرا لەناو قوتابخانەکاندا هەستی پێدەکرێت، ئەم دیاردەیە لە بابەتێکی پێشووی ساڵی پار سێرەم خستووەتە سەر و رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بوومەوە لەلایەن هاوپیشەکانمەوە.
رۆڵی خێزان
لە دوای بینای قوتابخانە و ژینگەی ناو پۆل و مامەڵەی مامۆستایان خێزان دێت، خێزانەکان بە خوێندکارەکان دەڵێن: بخوێنە، لە کاتێکدا ژینگەیەکی تەواو نەگونجاوی بۆ منداڵەکەی رەخساندووە، دایک و باوک خۆیان زۆرینەی کاتەکانیان بە سەیرکردنی فیلم، تۆپی پێ و زۆرشتی نابەجێ بەڕێوەدەبەن کەچی بە منداڵەکەی دەڵێت بخوێنە، کە هەرگیز نەیتوانیوە لەکاتی خوێندنی ئەو کتێبێک بخوێنێتەوە و ئەو بەرپرسیارێتیەی پیشان بدات کە خوێندن بە تەنیا ئەرکی تۆ نییە هی منیشە، بخوێنە، کاتێک دەوترێت ژینگەیەکی وا فەراهەم کرابێت بۆ فێرخواز، دایک و باوک بەشێک بن لەو خوێندنە، ئەگەر ئەمە نەکەن، ئەوا بەلای فێرخوازەکەوە فێرگە زیندانە، لەبەرئەوەی لەوانەی یەکەم تا وانەی کۆتایی خوێندکارەکان چاوەڕێی زەنگی گەڕانەوە بۆ ماڵ دەکەن.
ئەگەر ژینگەی خوێندنگەکان، وەک زیندان بمێنێتەوە، نەک هەر مافی فێرخوازان پێشێل دەکرێت، بەڵکو داهاتووی کۆمەڵگەش بەرەو داڕمان دەبات
قوتابخانە تەنها شوێنی خوێندن نییە، بەڵکو ژینگەیەکە بۆ گەشەپێدانی تاکی کۆمەڵگە، جۆن دیوی پەروەردەناس دەڵێت: فێرگە ئامادەکردنی تاک نییە بۆ ژیان، بەڵکو خودی ژیانە!.
گومانی تێدا نییە ئەگەر ژینگەی خوێندنگەکان، وەک زیندان بمێنێتەوە، نەک هەر مافی فێرخوازان پێشێل دەکرێت، بەڵکو داهاتووی کۆمەڵگەش بەرەو داڕمان دەبات. گۆڕانکاریی لە سیستمی پەروەردە، پێویستی بە هەمووانە: دایک و باوک، مامۆستایان، بەڕێوەبەران و دەسەڵاتداران. تەنها بە هاوکاری و گۆڕینی تێڕوانین و میتۆدەکان و بە سەردەمکردنی وانەکان، دەتوانین فێرگە بکەین بە ماڵێکی گەش و ئازاد بۆ گەشەی هزر و توانا مرۆییەکان.