سوریا ‌و عیراق دوانەیەكی لەیەكچوو

09:58 - 2024-12-12
زولفان غەریب رەحیم
73 خوێندراوەتەوە

زولفان غەریب رەحیم

 

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە لە جەنگ ‌و ئاڵۆزیدا بوون، بە درێژایی مێژوو و سیاسەتی حكومڕانیی لە دژی گەلی خۆیان پیادەكردووە.
هەموو جۆرەكانی جەنگیان لە دژی میللەتی خۆیان کردووە، وەكو جەنگی دەروونی ‌و ئابووری ‌و جەستەیی ...هتد، سوریا‌ و عیراق وەكو دوانەیەك لە روانگەی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ‌و پەیڕەوكردنی سیاسەتیان، زیاتر لە یەكچوون بە جیاوازی ووڵاتانی تر، هەمیشە ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕ دژی دەسەڵاتی رژێمەكان وەستاونەتەوە ‌و كار ‌و چالاكیی شۆڕشگێرییان لەناو وڵاتدا کردووە، لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆریان داوە.
 لەم چەند رۆژەی رابردوودا رژێمی ئەسەد رووخا‌و كۆتایی بە دەسەڵاتی بەعس  هات کە زیاتر لە نیو سەدە حوکمڕانیی سوریای کرد، هاوشێوەی عیراق، تەنها جیاوازی لە سیناریۆی راكردنی بەشار ‌و هێشتنەوەی سەرۆك وەزیران ‌و ستافەكەی جگە لە وەزیری بەرگری نەبێت.
پەیكەری حافز ئەسەد هەروەكو پەیكەرەكەی سەدام رووخێنرا‌و كەللە سەریشی بۆتە یاری تۆپی پێی گەنجان ‌و منداڵان كە ئەوەش داخی ناخی پەنگخواردو‌و و چەوسانەوەی دەیان ساڵی خەڵكی بێ‌ تاوانە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی تێڕامانە لەكاتی رزگاركردنی زیندانییەکان، هاوشێوەی عیراق چیرۆكی سەیر ‌و نەبیستراوی تێدابوو!.
لە هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بینیمان، ژنان بەدەرنەبوون لە تراژیدیای زیندانەكانی رژێمی ئەسەد لەكاتی ئازادكردنیشیان هێشتا ترس ‌و شەرمی دەستدرێژیكردنی سێكسی سەراپای گیانیانی داگرتبوو، منداڵانی بێ‌ تاوان لە كونجی زیندانە تاریك ‌و ترسناكەكاندا شاهیدی ئازار ‌و تراژیدیای گوزەرانی ژیانی دایكیان بوون، كە هەندێك لەو پەپوولانە لە زیندان بەبێ‌ باوك لەدایكبوون.
بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لەم هەڵمەتە جیهانییەدا كچان ‌و ژنانی شەڕڤان بۆ پاراستنی كیانی كورد ‌و رزگاركردنی خاكی رۆژئاوای كوردستان، وەكو تەوار لە بێشەدا هاتوونەتە مەیدان و خەریكی بەرگری كردنن لە خاكی كوردستان دژی دیكتاتۆرێكی تر، هاوشێوەی پێشوو چۆن چۆكیان بە ترسناكترین دوژمنی مرۆڤایەتی (داعش) دادا.
سوریا هەڵەكانی عیراقی دوای سەدام دووبارەنەكاتەوە، سوریای نوێ‌ لەسەر ئەساسی بەشداریكردنی كورد ‌و عەرەبی سوننە ‌و عەلەوی ‌و پێكهاتەكانی تر بێت، لە حکومڕانیدا رێگەنەدەن هەژموونی دەسەڵاتی وڵاتانی دراوسێ‌ لە سیاسەتیاندا رەنگبداتەوە، بەڵكو بڕیاری حەكیمانە بدەن بۆئەوەی لە ئایندەدا بتوانن نموونەیەكی سەركەوتوویی گۆڕانكاریی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پیشان بدەن‌ و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهاندا توند‌وتۆڵ بكەن.

وتارەکانی نوسەر