پەیامێك لە (25) ی نۆڤەمبەردا

10:20 - 2024-12-02
زولفان غەریب رەحیم
35 خوێندراوەتەوە

زوڵفان غەریب رەحیم


لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توند‌وتیژیی دژی ژناندا، كار و چالاكییەكانی هەڵمەتی (16) رۆژە بەڕێوەدەچێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو كردە توند‌وتیژییانەی بەشێوەیەكی سەرەكی دژی ژنان ‌و كچان دەکرێن، لە جۆرەكانی توند‌وتیژی رەگەزیی ‌و جەستەیی‌ و دەروونیی ‌و ئاینیی ‌و نەتەوەیی ‌و ئابووریی و..هتد، لە هەموو جیهاندا بەگشتی بەپێی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان بێت لە سێ ژن، یەکێکیان بۆ یەكجاریش بێت، لە ژیانیدا توند‌وتیژی بەرامبەركراوە، ژنان لە جیهاندا بەدەست جیاكاریی رەگەزییەوە دەناڵێنن لە زۆربەی وڵاتانیش ئامارەكان روو لە هەڵكشان ‌و گۆڕانكاریدایە لە جۆری توندوتیژییەكان و لە زیادبووندان. 

 

لە هەموو جیهاندا بەگشتی بەپێی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان بێت، لە سێ ژن یەکێکیان بۆ یەكجاریش بێت لە ژیانیدا توند‌وتیژیی بەرامبەركراوە

كەلتوری پێكەوەژیان
ئەوەی دەمەوێت وەك داواكارێك لێرەدا لەسەری بڕۆم زیاتر كارکردنە لەسەر كەلتوری پێكەوەژیان ‌و دادپەروەریی لەنێوان ژن ‌و پیاودا‌ و هاوبەشیی ‌و هاوسەنگیی كار بە پیادەكردنی بكرێت، جەخت لە پەروەردەكردنی تاكەكانی كۆمەڵگە ‌و خێزان لە كارە جەوهەرییەكاندا بێت رووە جوانەكان ‌و بەرهەمی چالاكییەكان زیاتر نیشان بدرێت ‌و جەختی لەسەر بكرێتەوە ‌و بە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی ژیانێكی جوانتر ناوزەند بكرێت، بە نموونە بەشداریكردنی رەگەزی نێرینە كە بڕوایان بە ژیانی شەراكەت هەیە ‌و پاڵپشتیی ئامادەبوونیان لە مەیدانی كار و چالاكییەكان و پرسی ژن بە پرسێكی نیشتمانیی سەیر دەكەن، بە نموونە ئەوەی لە  رۆژانی رابردوودا راگەیاندن‌ و سۆشیال میدیای داگیركردبوو دەرچوونی پۆلێك ئەفسەری كچان بوو، كە بینیمان برا‌ و باوك ‌و هاوسەر بە چەپكە گوڵەوە پیرۆزبایی، پێشوازییان لەم خاتوونە ئەفسەرانە دەكرد، دەكرێت ئەمە بە بنەمای پێشكەوتن ‌و بڕوابوون بە توانا ‌و پەروەردەكردنی ژنان بێت، لە هەموو چەمكەكانی كۆمەڵگەدا بە بواری سەربازیشەوە، ئەم پێشوازیكردنەی كۆمەڵگە دەبێتە پاڵپشتی ‌و شانازییەكی تری كۆمەڵگەی كوردەواریی بۆ ئەمەش جوان وتراوە: 
نێر ‌و مێ‌ هەردوو بە جووت بۆ وەتەن هەوڵێ‌ ئەدەن دوورە دەرچوونی لە زیلەت مەل بە باڵێ‌ نافڕێ‌

هاوکات كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی بیری توند‌وتیژیی‌ و بڕوابوون بە شەراكەت، دەبێتە بنەمای دروستبوونی ژیانێكی جوانتر و كارابوونی رۆڵی ژنان لە پرۆسەی گەشەپێدانی كۆمەڵگەی كوردستان ‌و بەشداری پێ كردنیان لە دەسەڵاتدا كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لە پەرەسەندنی ئاستی هۆشیاریی تاكەكانی كۆمەڵگە.

وتارەکانی نوسەر