کوردستانی نوێ بە فۆرمێکی ترەوە هاتە مەیدان و نوێکاری لە لاپەڕەکانیدا کرد، کە یەک لەو گۆڕانکارییانە زیندووکردنەوەی لاپەڕەی سکاڵای هاووڵاتیان و خستنەڕووی کێشە و کەموکوڕییەکانیان بوو
لە دوای راپەڕینەوە کوردستانی نوێ وەک زمانحاڵی فەرمی (ی.ن.ک) و تاکە رۆژنامەی کوردی دەرکەوت و رۆڵی خۆی بینی، بە حوکمی ئەوەی یەکێتی هەمیشە بڕوای تەواوی بە بوونی پەیوەندیی توندوتۆڵ بە جەماوەر و رێنیشاندەرێش بووە لە رووداو و پێشهاتەکان و دەستخستنەسەر (پنت) بۆ کێشە و ئاڵنگارییەکانی ناو کۆمەڵگا و دەرخستن و بە دواداچوون بۆیان، لە کەناڵە جیاجیاکانی راگەیاندنەوە، جگە لەوە خۆی بە پارێزەری دەسکەوتەکان زانیوە و ئەسپی خۆی لەم بوارەدا تاوداوە، لە پێناو هۆشیاری خەڵک و بەدیهێنانی ئاواتەکانیان و ئاشناکردنی دەوروبەر بە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد.
رێکخستنەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتی میدیایی
خۆشبەختانە کوردستانی نوێ جارێکی تر دوای ئەوەی کە بۆردی راگەیاندنی یەکێتی دووهەمین کۆنفڕانسی خۆی بۆ رێکخستنەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتی میدیایی و ئامادەسازی بۆ قۆناغی نوێ ئەنجامدا، رۆژنامەکە بە فۆرمێکی ترەوە هاتە مەیدان و نوێکاری لە لاپەڕەکانیدا کرد، کە یەک لەو گۆڕانکارییانە زیندووکردنەوەی لاپەڕەی سکاڵای هاووڵاتیان و خستنەڕووی کێشە و کەموکوڕییەکانیان بوو، کە کردوویەتی بە خەمی خۆی و لاپەڕەیەکی بۆ گەیاندنی کێشەو داواکارییەکانی خەڵک دانا، کە تێیدا کاری لەسەر ئەوە کردووە لێپرسراوان وەڵامی سکاڵاکان بدەنەوە و چارەسەر بۆ ئەو کێشانە بدۆزنەوە.
ئەوەش یەکێک لە کارە جوانەکانی ئەو رۆژنامەیەیە و زیاتر رۆڵی سەرنووسەری رۆژنامەکە دەردەخات، ئەم کارەش بەر لەهەموو شتێ ئامانج لێی شادکردنی روحی رەوانشاد (مام جەلال)ە.
کوردستانی نوێ، بەم کارەی گەرەکییەتی حکومەت حکومەتی راستەوخۆی خەڵک بێت، هەمیشەش لە جەماوەرەکەیەوە نزیک بێت و لە خزمەت بەرژەوەندییەکانیدا بێت، دەیەوێ لەم بوارەدا جێ دەستی دیار بێت، هەرئەمەش وایکردووە رێنیشاندەر بێت لە رووداو و پێشهاتەکان، جگە لەوە کوردستانی نوێ خۆی بە بەشێک لە جەماوەر زانیوە، هاوتەریب پارێزگاری لە مافە گشتییەکانی خەڵک کردووە، خۆی بە نوێنەری راستەقینەی خواست و داواکانیان زانیوە.
ناڕەزایی خەڵکی گواستۆتەوە
کوردستانی نوێ جیا لە راگەیاندنی حزب و لایەنە سیاسییەکانی تر بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، هەست بە مەترسیییەکانی سەر قەوارەی هەرێم دەکات، ناڕەزایەتیی خەڵکیشی بڵاوکردۆتەوە، چونکە دەزانێت ئەگەر ناڕەزاییەکان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بەرەو داڕمان و لە ناوچوون دەچێت، ئەرکی بەشی زیندووی نوخبەی کادرە حکومییەکانی یەکێتیشە لەناو فەرمانگە و ناوەندەکانی فەرمانڕەوایی ناو هەرێم، زیاتر لەوانی تر وەڵامدەرەوەی گلەیی و گازندە و کەموکوڕییەکان بن، بۆ بنبڕکردن و چارەسەری ئەم کێشانەش هاوکاری کوردستانی نوێ بن، لەپێناو گۆڕینی واقعی ئێستا و راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و گۆڕینی فۆڕمی حوکم، کە جیاکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکات بۆ ناوچە جیاجیاکان، ئەوەش کۆمەڵانی خەڵکی تووشی بێ هیوایی کردووە.
پێویستە رۆڵی سەرنوسەری (ک.ن)یش لەبەرچاو بگرین، کە توانی ئەم بەشە گرنگە لە لاپەڕە ئاڵتونییەکانی کوردستانی نوێ زیندووبکاتەوە، بەرپرسانی فەرمانگەکانیش ناچاری وەڵامدانەوە و چارەسەر بکات، پێویستە کادرە حکومییەکانیشمان باشتر خۆیان ئامادە بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان و باشتریشە کوردستانی نوێ کارەکانی فراوانتر بکات بۆ گفتوگۆی زیاتر و بەو شێوەیە رۆژنامەکەش بایەخی زیاتر پەیدا دەکات و متمانەی زیاتر لای هاووڵاتی بەدەست دێنێت.
خەمی خەڵک و خاکی هەڵگرتووە
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ رۆژنامە ئازیزەکەی کوردستانی نوێ و ستافە خزمەتگوزار و ئێشکگرەکەی دەخوازم، کە لە سەرەتاوە وەک رۆژنامەیەکی تاقانە خەمی خەڵک و خاکی هەڵگرتووە، حکومەتیش کە بەرهەمی قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەو تەنها موڵکی کەسێک و بنەماڵەیەک نییە، نابێت بەم شێوەیەی ئێستا بێ باک سەیری زام و کێشە و گرفتەکانی خەڵک بکات و دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بکات بەرامبەر بە خەڵک کە توڕەیی گەیشتۆتە ئەوسەری لەبەر خراپی بارودۆخی ئابووری و بژێوییان.