جۆری دیکتاتۆرەکان

09:43 - 2024-12-23
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
71 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق


لەم ماوەیەدا تەواوی دنیا سەری سوڕما لەو رووخان و هەڵاتنە دراماتیکییەی بەشار ئەسەدی سوریا، کە بە پاڵپشتی روسیا و وڵاتێکی زلهێزی هەرێمیی، ماوەی 53 ساڵ خۆی و باوکی لە رێگەی دەزگا سەرکوتکەرەکانیانەوە خەڵکی وڵاتەکەیان بە ئاگر و ئاسن حوکم کرد، لە ماوەی نیو سەدەدا سەدان هەزاریان لێ کوشتن و زیاد لە شەش ملیۆنیان لێ دەربەدەری وڵاتان کردن، بێجگە لە دەیان و بگرە سەدان هەزار زیندانییش، ئەوانەی بە زیندوویی دەربازبوون بە حاڵ و نەحاڵ گیانیان تێدا مابوو.

لانکەی بەرهەمهێنانی حوکمڕانی ستەمکار
سەیرم لەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە دێت، بۆچی لە مێژوویەکی زۆر دووریەوە بووە بە لانکەی بەرهەمهێنانی حوکمڕانی گومڕا و ستەمکار و بە ئیستیڵاحی ئەم سەردەمە دیکتاتۆرە، هەر لەم سی چل ساڵەی ئەم سەردەمەماندا شایەتحاڵی رووخان و هەڵاتنی شای ئێرانین، کە ئەویش چەشنی ئەسەد لەگەڵ باوکیدا دوو نموونەی یەکجار دزێوی ستەمکاری بوون، رووخان و پاشان لە کون دەرهێنانی سەدام حسێن لە عیراق، قەزافی لە لیبیا، بەشیر لە سودان و چەندین دیکتاتۆری تری ئەم ناوچەیە، کە بە هەمان میتۆد و شێوازی لە یەکچوو رەوانەی زبڵدان و دۆزەخی مێژوو کراون، بەڵام ئەوانەی دوای ئەمان دێن یەک زەڕڕە جیاوازییان نییە و بگرە خراپترن لەوانی پێش خۆیان کە بە بەرچاویانەوە بەو دەردەچوون.
ئەم دیاردەیە لە مێژوودا مۆرکی هەموو خەلیفە و سوڵتانەکانی ئەمەوی، عەباسی، ئەیوبی، فاتمی، بوەیهی، سەلجوقی، عوسمانی و ئەوانی دیکەش بووە. دەگێڕنەوە کاتێک معاویە پیر و کە نەفت بووە و ویستوویەتی بەهۆی ئەنجومەنی بەناو شورای خیلافەتەوە بە شێوەیەکی بەناو دیموکراتییانەی ئەم سەردەمە بە تەگبیر و راو هەڵبژاردنی ئەعیانی مەملەکەت دەسەڵات رادەستی یەزیدی کوڕی بکات و بەیعەتی پێ بدەن، لە مزگەوتی ئەمەوی کۆیکردوونەتەوە و واعیز چووەتە سەر مینبەر و شمشێرێکی بە دەستێکییەوە گرتووە و بە دەستەکەی دیکەشی ئیشارەتی بۆ یەزید کردووە و رویکردووەتە ئاپۆرەی رەعییەت و هاواری کردووە، خەڵکینە ئێوە ئێستا خەلیفە هەڵدەبژێرن، سا یان ئەمە واتا (یەزید) یان ئەوە (واتە شمشێر و قەتڵوعام کردنتان).
بێگومان ئەسەدی باوک، هەر بەم شێوەیە بەشار ئەسەدی کوڕی هەڵبژارد، سەدام و قەزافیش ویستیان هەر بەم شێوەیە کوڕەکانیان هەڵبژێرن بۆ حکومڕانی دوای خۆیان، بەڵام بۆیان نەچووەسەر، شا حوسەینیش چەند سەعاتێک پێش مەرگە چاوەڕوانکراوەکەی لە نەخۆشخانەی مایۆکلینیکی ئەمریکا گەڕایەوە و براکەی لە جێنشینی خۆی لادا و کوڕەکەی کردە مەلیکی ئوردن لە دوای خۆی.

ئەم ئاوە بەم شێوەیە رژاوە
جا لە دێر زەمانەوە ئەم ئاوە بۆ هەموو وڵات و شوێنێکی ئەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە رژاوە و هەموو سەرۆکێک کار بۆ ئەوە دەکات، لە دوای خۆی لە دەسەڵاتدا کوڕەکەی شوێنی بگرێتەوە، لە سەرۆک و پادشای وڵاتەوە بیگرە تا سەرۆکی عەشیرەت و بگرە کوێخای دێیەکیش، خۆش ئەوەیە هەر هەموو لە هەوڵی ئەوەدان ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی (زۆر دیموکراتییانە) بکرێت!.

 

وتارەکانی نوسەر