توندوتیژیی بەردەوامە

10:59 - 2024-12-29
رۆزا دڵشاد مەریوانی
104 خوێندراوەتەوە

«هەندێ جۆری توندوتیژیی، لەلایەن ژنانەوە بێدەنگیی لێدەکرێت یان وەک توندوتیژیی ناناسێنرێن و بە شاراوەیی دەمێنێننەوە، تاکە زەرەرمەندیش ئەو قوربانییەیە کە بە بێدەنگیی لە ئازاردا دەژی»


لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 1993 وە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگییەکی تایبەتی داوە بە مەسەلەی توندوتیژیی دژی ژنان و لەو ساڵەوە لە راگەیاندنی رێکخراوەکەدا پێناسەیەکی روون و گشتگیریی بۆ توندوتیژیی دژی ژنان کراوە، لەگەڵ ئەو مافانەی دەبێت جێبەجێ بکرێن تا بەتەواوەتی توندوتیژیی دژی ژنان بە هەموو جۆرەکانییەوە لەناوببرێت، جگەلەوەی ئەو رێکخراوە دەوڵەتانی ناچارکردووە بەرپرسیارێتییەکانی هەڵگرن و لە رووی نێودەوڵەتییەوە پابەند بن بە نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان لە وڵاتەکانیاندا، هاوکات لە ساڵی 2017 ەوە هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان چڕ کراونەتەوە بە ناوی هەنگاوی تیشک خستنەسەر بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی دژی کچان و ژنان، بەڵام بەداخەوە توندوتیژییەکان بەردەوامن و وەک پەتایەکی جیهانیی لێهاتووە و کار لە هەموو وڵاتان دەکات، تەنانەت ئەو وڵاتانەی بە پێشکەوتوو دادەنرێن، هێشتا تێیدا ژنان لەلایەن هاوسەر یان هاوڕێ کوڕەکانیان یان هەر پیاوێکی دیکەوە  رووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی یان سێکسی دەبنەوە.

جۆرەکانی توندوتیژیی
وەک دەزانرێت توندتیژیی بەرامبەر بە ژنان زۆر جۆری هەیە و بریتییە لە توندوتیژیی جەستەیی و دەروونیی و زارەکیی و ..هتد، بەڵام لێرەدا باس لە هەندێ جۆری توندوتیژیی دەکەم کە تا رادەیەک شاراوەن و لەلایەن ژنان و کۆمەڵگەوە بێدەنگیان لێ دەکرێت  یان وەک توندوتیژیی ناناسێنرێن و بە جۆرێک لە جۆرەکان بە شاراوەیی دەمێننەوە و تاکە زەرەرمەندیش ئەو قوربانییەیە کە بە بێدەنگیی لە ئازاردا دەژی، یەکێک لەوانەش دەستدرێژیی سێکسی یان لاقەکردنە لەلایەن مێردەوە، رەنگە زۆر کەس ئەوە بە توندوتیژیی نەزانن بەو پێیەی مادام مێردێتی مافی خۆیەتی کەی بیەوێت و چۆن بیەوێت بە زۆریش بێت ژنەکەی حەزە سێکسییەکانی تێر بکات، بەڵام ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە و ئەم مەسەلەیە لە دنیادا نوێیە و ساڵانێکی زۆری ویستووە تا لاقەکردنی ژن لەلایەن مێردەوە وەک تاوان و توندوتیژیی جەستەیی پێناسە بکرێت، ئەوەتا لە ساڵی 2019 دا تەنیا 150 دەوڵەت لاقەکردن لەلایەن مێردەوە بە تاوان دادەنێن و یاسایان بۆ داناوە، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا سزاکەی دەگاتە بەندکردنی هەتاهەتایی، وەک وڵاتانی بەریتانیا و کۆریای باشوور و مۆڵدۆڤا..هتد  لە بەریتانیا بۆ یەکەمجار ئەو حاڵەتە بە تاوان ناسێنرا، دوای ئەوەی ژنێک داوای لاقەکردنی دژی مێردەکەی بەرزکردەوە و کەیسەکەی ناونرا کەیسی (R VS R) ئەو ژنە لە ساڵی 1991 دا داواکەی بەرزکردەوە و دوای ساڵێک لە بەردەوامبوون لە داواکە و بەرزکردنەوەی بۆ دادگای پێداچوونەوە دادوەرەکان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی لاقەکردن لە چوارچێوەی ژن و مێردایەتیدا پاساو نییە بۆ ئەو تاوانە و بە تاوان لە قەڵەمدرا و بەو شێوەیە بە هەموو لایەنەکانییەوە یاساکە هەموارکرا کە مەرج نییە ئەو دوو کەسە بە یاسا  ژن و مێرد بن، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە وەک ژن و مێرد پەیوەندییان پێکەوە هەیە و لەماڵێکدا دەژین و هەر کردارێکی سێکسی بە زۆر و بەبێ رەزامەندی ژنەکە رووبدات بە تاوان دادەنرێت و پیاوەکە سزا دەدرێت.

یاسایەک نییە بۆ ئەو تاوانە
راستە لە زۆر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توندوتیژیی دژی ژنان بە تاوان دانراوە و یاسای بۆ هەموارکراوە، بەڵام تا ئێستا یاسایەک نییە لاقەکردنی ژن لەلایەن مێردەوە بە تاوان دابنرێت بەو پێیەی وای دادەنێن ئەوە شتێکی ئاساییە و مادام مێردێتی مافی خۆیەتی ئەوەی بیەوێت بەدەستی بێنێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوانەی یاساکان هەمواردەکەن زیاتر پیاون، هەروەها تا ئێستا بە گشتی تێنەگەیشتوون لەوەی ژن وەک پیاو مرۆڤە و لە پلە دوودا دانەنرێت و ئەویش بۆی هەیە لەو مەسەلە تایبەتییانەدا رای هەبێت، کە بە رای من ئەو مەسەلەیە یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی ژیانی ژن و مێردایەتی و روودانی ئەو حاڵەتە چەوساندنەوەی ژنە، بێگومان جۆرێکیشە لە جۆرەکانی توندوتیژیی دژی ژنان و مەترسییەکەشی لەوەدایە زۆربەی حاڵەتەکان بێدەنگی لێدەکەن یان رەنگە ئەو ژنانەی وایان لێ بەسەردێت وابزانن ئەوە ئاساییە و مافێکە لە مافەکانی پیاو.
بە راستی من نازانم ئایا لێرە وەک هەرێمی کوردستان تا ئێستا یاسایەک هەیە مێرد لەسەر لاقەکردنی ژنەکەی سزا بدرێت؟ ئەگەر نییە بێگومان ئەرکی هەمووانە چ میدیاکاران و چ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵبدرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان بەوەی چیتر بێدەنگ نەبن و ئەوە شتێکی ئاسایی نییە و نابێت ژن بەزۆر ئەو کردارەی پێبکرێت، هەروەها چەسپاندنی ئەو حاڵەتە وەک تاوان لە یاسادا و دانانی سزای گونجاو بۆ تاوانباران. 
    
توندوتیژیی زارەکیی و ئەلیکترۆنیی
جۆرێکی دیکە لە توندوتیژیی شاراوە ئەویش توندوتیژی زارەکییە کە یەکێکە لە رەفتارە قێزەونەکان بەرامبەر بە مێینەیەک بکرێت، جا لەلایەن مێرد یان باوک و براوە بێت، چونکە وەک پسپۆرانی دەروونیی باسی لێوە دەکەن ئازار و برینەکانی جەستە زووتر چاکدەبنەوە وەک لە برینەکانی دەروون، بۆیە ئەو ژنەی توندوتیژیی بەرامبەر دەکرێت ماوەیەکی زۆری دەوێت تا دەروونی چاک دەبێتەوە و پێویستی بە چارەسەری دەروونیی و راهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی دەبێت تا بتوانێت جارێکی دیکە وەک مرۆڤێکی ئاسایی لەنێو کۆمەڵگەدا بژی.
بێگومان ئەو پیاوەی توندوتیژیی زارەکیی بەرامبەر ژنێک دەکات ئەزموونەکانی ئەو ژنانەی توندتیژیی جەستەییان بەرامبەر کراوە زۆریان باسیان لەوە کردووە کە پێش توندوتیژیی جەستەیی ساڵانێکی زۆر رووبەڕووی توندوتیژیی زارەکیی بوونەتەوە، بەو پێیەش بێت، پیاوێک بتوانێت سووکایەتی بەرامبەر بە ژنێک بکات، زۆر ئاسایی دەبێت لەلای رۆژێک لە رۆژان لێی بدات، بۆیە دەبێت ژنان لەبارەی ئەو جۆرە لە توندوتیژیی هوشیار بکرێنەوە و بێدەنگیی لێنەکەن و نەیشارنەوە. 
جگە لەوانە ساڵانێکە توندوتیژیی لە فۆرمێکی نوێدا دەرکەوتووە و پێی دەوترێت توندوتیژیی ئەلیکترۆنیی و بە تایبەتی رووبەڕووی کچان دەبێتەوە و تووشی چەندین کێشەی خێزانییان دەکات. گواستنەوەی توندوتیژیی لە دنیای واقیعەوە بۆ دنیای گریمانەکراو مەترسییەکی گەورەیە، چونکە تێیدا تاوانبار نادیارە.
توندوتیژیی ئەلیکترۆنی مەترسییە بۆ سەر ژنان و کچان و پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەری سەردەمییانە هەیە، وەک هەموارکردنی یاسای تایبەت بە سزادانی تاوانبارانی پشت شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکان، جگە لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە هەردوو رەگەز، بۆ وریابوون لەبارەی ئەو تاوانانە و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی، کاتێکیش مۆبایل دەدەیتە دەست کچە هەرزەکارەکەت دەبێت لەو جۆرە مەسەلانە وریای بکەیتەوە، هاوکات هاوڕێیەکی باشی بیت تا لەکاتی روودانی کێشەیەکی لەو جۆرەدا بێدەنگ نەبێت و خێزانەکان پەنا بۆ یاسا و پۆلیس ببەن، تا تاوانبار بە سزای خۆی بگات، چونکە لەم کۆمەڵگەیانەی وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆرجار شکاتکەر دیار نییە یان لە نیوەی داواکەدا لە ترسی ئابڕووچوون دەکشێتەوە.
دواجار وەک چالاکوانان و میدیاکاران و داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان دەبێت ئەو کارەی بە هەموو لایەک بیکەین ئەوەیە ژنان و کچان لەبارەی جۆرەکانی توندوتیژیی و چۆنییەتی رەفتارکردن لەو حاڵەتانەدا هوشیار بکەینەوە، هەروەها هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆمەڵایەتیی و دەروونیی و باشترکردنی یاساکان و دانانی سزای گونجاو بۆ تاوانباران، بێگومان فێرکردنی ژنان لەبارەی ئەوەی یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشە و دەرخستنی تاوانێک بێدەنگ نەبوون و قسەکردنە لەبارەیەوە.
*سکرتێری نووسین لە کوردستانی نوێ

وتارەکانی نوسەر